ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی پشتڕاست کردەوە

ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی پشتڕاست کردەوە

ترەمپ لە پەیامێکدا خامنەیی بە یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو ناوبرد و گوتی: “خامنەیی نەیتوانی لە دەست سیستەمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی ئێمە و ئیسرائیل رزگاری بێت”.

میدیای فەرمی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئایینی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

ئاژانسی “فارس”ی ئێرانی لە زانیارییەکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە خامنەیی لەناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کوژراوە.

هەروەها حکوومەتی ئێران ماوەی 40 رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 7 رۆژ پشووی فەرمی و سەرتاسەری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، کە ئەم رووداوە نابێتە هۆی پاشەکشە، بەڵکوو دەستپێکی راپەڕینێکی گەورە و مێژوویی دەبێت لە ناوچەکەدا.

لەسەر ئاستی هەرێمیش، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، وەک هاوخەمییەک بۆ ئەم رووداوە، 3 رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق راگەیاند.

ئەم پێشهاتە لە کاتیکدایە کە ڕۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێران کردووە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لە هێرشە ئاسمانییەکانیان، بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە نزیکانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا توانا مووشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات و رێگرییان لێ دەکات هیچ مووشەکێکی نوێ دروست بکەن. دووپاتیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 28ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی “Epic Fury – تووڕەیی داستان ئاسا” بۆ سەر پێگەکانی رژێمی ئێران دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان کاتژمێر 9:15ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵات دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و لەناوبردنی ئەو شوێنانە بووە کە مەترسیی دەستبەجێیان دروست کردووە. ئامانجەکان بریتی بوون لە بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکان.

500 ئامانجی ستراتیژی بۆردوومان کران

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی شەممە 28ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی و هێزی ئاسمانی،  گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە لە مێژوودا، بۆ سەر ئێران دەست پێکرد،  کە لە یەک کاتدا و بە بەشداریی 200 فڕۆکەی جەنگی، گورزیان لە 500 ئامانجی ستراتیژی لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران وەشاندووە.

لە کاردانەوەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەوانە  سعوودییە، قەتەر، کوێت و ئوردن دەست پێکرد، ئەوانیش راگەیەنراویان بڵاوکردەوە و هێرشەکانی ئێرانیان بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی خاکیان و هەڕەشەی جدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد.

دادپەروەری بۆ گەلانی ئێران

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە “Truth Social” بڵاوی کردەوە، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و وەک دادپەروەری بۆ خەڵکی ئێران و ئەمریکییەکان وەسفی کرد.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا خامنەیی بە یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو ناوبرد و گوتی: “خامنەیی نەیتوانی لە دەست سیستەمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی ئێمە و ئیسرائیل رزگاری بێت.” ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە خامنەیی، چەندین سەرکردەی تری ئێرانی لەگەڵ ئەودا کوژراون و هیچ شتێکیان لەدەست نەهاتووە بەرانبەر هێرشەکان ئەنجامی بدەن.

Share