هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ چ وانەیەک لە ڕۆژئاوا وەربگرن؟

ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 1ی ئازاردا نیشانی دەدات کە بەهاری ئەمساڵ بەھارێکی دژوار دەبێت و هەم مەترسیدارە و ھەمیش دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 بەملاوە بۆ یەکەمین جار زەربێکی وەهای وێدەکەوێت و داڕمانی نزیکە. دوای شۆکی سەرەتایی، ئێران ئێستا هەوڵدەدات کە هەناسەیەک بدات و کات بکڕێت. لەلایەکەوە بە میلیشیا وەکیلەکانی وەک حەشدی شەعبی، بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو توندوتیژی زیاد دەکات و هەوڵدەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز بکات. لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدات بە ئاماژەدان بەو هێزانەی دژایەتی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن، وەها نیشان بدات کەوا ئەو بە تەواوی لەناو نەچووە و دەیهەوێ هێزی خۆی پیشان بدات.

تا ئێستا دیار نییە ئەم پرۆسەیە لە ئێران چۆن بەرەوپێش دەچێت، ئێران هەم لەسەر سیستەمێکی ئائینی ـ تائیفی و هەم لەسەر پێڕەویکردنی دەوڵەتی فارس بنیات نراوە، واتە هەوڵدەدات لەجیاتی داڕووخان، نەرمی بنوێنێت بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت.

ئەو هێزانەش کە بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ستراتیژێکی ڕوونیان بۆ ئێران نیە. دیار نییە کە ئامانجەکە ڕووخانی تەواوی ڕێژیمە یانیش فشاربۆهێنان و ناچارکردنیەتی بە تەسلیمبوون. تەنانەت زلهێزەکانی جیهانیش لەسەر هەستن و هەمووان هەوڵ دەدەن کاریگەرییە جیهانییەکانی شەڕەکە هەڵسەنگێنن و بەو پێیەش خۆیان بگونجێنن. دەبێ کوردیش هەمان شت بکات. دەبێت هەم بوێر بن و هەم وریا بن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لە ڕۆژئاواوە فێربێت. دەبێت خۆی لە دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵەکان بەدوور بگرێت و پەکەکە لە ڕۆژهەڵات دوور بخاتەوە.

لە ڕۆژئاڤادا کورد بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵەی نەکردووە. ئەوان بە پێی بیرۆکەی ئایدیۆلۆژیی ئۆجەلان و پەکەکە مامەڵەیان کردووە. لە ڕۆژئاڤا کورد بە ئامانجی دیموکراتیزەکردنی هەموو سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگای سێهەم… ڕێگای خۆیان ون کرد. نزیکەی 15 هەزار گەنجی کورد لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکان، لەپێناو ئامانجی ناکوردستانیدا کوژران. گەل بۆ ماوەی 13 ساڵ، وێرانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی. بەردەوام باسی سوریایەکی دیموکراتیکیان دەکرد، دواجاریش بەشێوەیەکی ئاڵۆز و ناڕوون، تێکەڵ بە سووریا بوون.

ڕۆژهەڵات ناتوانێت ئەمە بکات. ڕۆژهەڵات دەبێ بەدواداچوون بۆ پلانەکانی سیستەمی سیاسی جیهانی لەمەڕ ڕژیمی ئێران بکات. دەبێ ڕوانگەکان سەبارەت بە ڕێژیم بە ڕوونی دیاری بکرێن؛ دەبێت لە کاتی گونجاودا بە هێزەکانیەوە شارەکانی کوردستان ئازاد بکەن. نە دوا بکەوە و نە بە پەلەپەل پێشڕەوی بکە. پێویستە داوای ئامانجی ڕوون بکات و خۆبەڕیوەبەریی کورد مسۆگەر بکات. نابێ گوێ بە ویتەویتی “ڕێگای سێهەم”، وەک ئێرانی دیموکراتیک و هتد… بدەن. ئەمە ڕۆژهەڵات لەناو دەبات. ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ ڕکابەرییە ناوخۆییەکانیان وەلا بنێن و لە دەوری گوتارێکی کوردی و کوردستانی کۆببنەوە.

دەبێت بە تایبەتی لە دژی پژاک وریا بن. پەکەکە دەیهەوێت بەم ناوە بچێتە ڕۆژهەڵات و پژاک وەک ئەسپی ترۆوا بەکاربهێنێت. دوای لە باکوور دۆڕاندی و لە باشوور هەموو پێگەکانی ڕادەست تورکیا کرد و لەژێرناوی “ئەنتەگراسیۆن”دا ڕۆژئاڤای تێکدا، پەکەکە ئەوجا دەیهەوێت مانەوەی خۆی لە ڕۆژهەڵات درێژ بکاتەوە.

ڕۆیشتنی پەکەکە بۆ ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی پژاکدا، بە واتای دەستوەردانی ئۆجەلان و بێگومان دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دێت. لای خۆشیانەوە دەم پارتی و هاوسەرۆکی ئەو حیزبە تولای هاتمۆغلاری بە قسەکردن لەسەر “ئێرانێکی دێموکراتیک” و هتد… ئامانجەکانی کورد لێڵ و ئاڵۆز دەکەن. ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی داهاتووی ئازادی خۆی مسۆگەر بکات، دەبێ ڕێگری لە پەکەکە بکات.

هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە هەڵویستێکی کوردانە، دەبێ سەرەتا لەنێوان خۆیاندا و دواتر لەگەڵ هێزە کاریگەرەکان لەسەر بنەمای داخوازییەکانی سەروەریی کوردان، هاوپەیمانییەک پێکبهێنن. سەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانای تێکچوونی ئەو سیستەمە کۆلۆنیالیە دێت کە سەدان ساڵە بەسەر کورداندا سەپێندراوە. خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت.

Share