بێلایه‌نیی ڕاگه‌یه‌ندراو و جه‌نگی شاراوه: عێراق له نێوان ده‌وڵه‌تی فه‌رمی و هه‌ژموونی میلیشیادا

سمکۆ عەبدولعەزیز
له جه‌نگه‌کانی سه‌رده‌مدا، ئیتر به‌شداری له ململانێکاندا هه‌میشه به ڕێگه‌ی به‌یاننامه‌ی فه‌رمی یان ڕاگه‌یاندنی ڕاسته‌وخۆی جه‌نگ نابێت.
زۆرێک له ده‌وڵه‌تان جۆرێک له جه‌نگی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو ئه‌نجام ده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌ک که گوتاری سیاسی‌یان به بێلایه‌ن پێشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، هێزه‌کانی دیکه به لۆژیکێکی ته‌واو جیاواز خه‌ریکی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیانن.
ئه‌م دژایه‌تییه‌ی نێوان گوتاری سیاسی و ڕاستی مه‌یدانی، ئه‌مڕۆ به ڕوونی له بارودۆخی عێراقدا ده‌بینرێت، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و ئێران و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و گرژییه له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی کوردستان.
حکوومه‌تی عێراق له به‌یاننامه فه‌رمییه‌کانیدا ده‌ڵێت که ئه‌و به یه‌ک دووری له هه‌موو لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کان وه‌ستاوه و دووپاتی ده‌کاته‌وه که نایه‌وێت عێراق ببێته گۆڕه‌پانی جه‌نگ.
ئه‌م گوتاره دیپلۆماسییه له ڕووی پره‌نسیپه‌وه لۆژیکییە، چونکه عێراق ده‌زانێت چوونه ناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا یان تێوەگلان له جه‌نگێکی هه‌رێمیی گه‌وره، ده‌وڵه‌ت ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی سیاسی و ئابووری و ئه‌منیی مه‌زن ده‌کاته‌وه. به‌ڵام کێشه ڕاسته‌قینه‌که له گوتاری فه‌رمیدا نییه، به‌ڵکوو له‌و واقیعەدایە که له‌سه‌ر زه‌وی چى ده‌گوزه‌رێت.
ده‌وڵه‌تێکی دووفاق: ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی و ده‌سه‌ڵاتی سێبه‌ر
عێراق ساڵانێکه له‌ناو حاڵه‌تێکی دووفاقی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ژی. له لایه‌ک ده‌وڵه‌تێکی فه‌رمی هه‌یه که خاوه‌ن دامه‌زراوه و سوپا و ده‌ستووره، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه هێزی چه‌کداری تری تێدایه که له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه ته‌قلیدییه‌کانی ده‌وڵه‌تدان و خاوه‌ن توانای سه‌ربازیی کاریگه‌ر و هه‌ژموونێکی سیاسیی به‌رفراوانن. ئه‌م هێزانه ته‌نها گرووپی ناوخۆیی نین، به‌ڵکوو زۆرجار به‌ستراونه‌ته‌وه به تۆڕه هه‌رێمییه‌کان و هندێک ململانێیەوە که سنووری عێراقیان تێپه‌ڕاندووه.
له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و جه‌نگه گه‌رمه‌ی ناوچه‌که‌دا، ئه‌م دژایه‌تییانه ڕوونتر ده‌رده‌که‌ون. هه‌ر کاتێک به‌غدا بێلایه‌نیی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ناوچه جیاوازه‌کان و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان به مووشه‌ک و درۆن ده‌کرێنه ئامانج، که شوێنه سڤیله‌کان یان ژێرخانه هه‌ستیاره‌کان ده‌پێکن. زۆرجار ئه‌م هێرشانه بۆ هه‌ندێک گرووپی چه‌کداری سه‌ر به به‌ره‌ی چه‌کداری شیعه له عێراق ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه.
پرسیار له‌سه‌ر چه‌مکی بێلایه‌نی
ئه‌م هاوکێشه‌یه پرسیارێکی سیاسیی بنه‌ڕه‌تی دروست ده‌کات: ئایا ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت بێلایه‌نی ڕابگه‌یه‌نێت له‌کاتێکدا هێزه چه‌کداره‌کانی ناو سنووره‌که‌ی به‌شداری جه‌نگ بن؟
چه‌مکی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌سه‌ر ئه‌وه بنیات نراوه که ته‌نها ده‌وڵه‌ت مافی به‌کارهێنانی هێزی هه‌یه. کاتێک ده‌وڵه‌ت ئه‌م کۆنترۆڵه له‌ده‌ست ده‌دات، حاڵه‌تی ده‌وڵه‌تی دووانه دروست ده‌بێت، که تێیدا ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی له ته‌نیشت ده‌سه‌ڵاته هاوته‌ریبه‌کاندا ده‌ژی که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌منی و سیاسی هه‌یه.
له‌م بارودۆخه‌دا، بێلایه‌نیی سیاسی ده‌بێته زاراوه‌یه‌کی کێشه‌دار. جیهانی ده‌ره‌وه هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت ته‌نها به به‌یاننامه ناپێوێت، به‌ڵکوو به‌و ڕووداوانه‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت که له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ڕوو ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر هێرش له ناو خاکی عێراقه‌وه یان له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه بکرێت که له‌ناو عێراقدا کار ده‌که‌ن، ئه‌وا وێنه‌ی بێلایه‌نی لای کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌وێته ژێر گومانه‌وه.
مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و پاشه‌ڕۆژی عێراق
بۆ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م پێشهاتانه نوێنه‌رایه‌تیی ئالنگارییه‌کی ئه‌منی و ستراتیژیی زۆر هه‌ستیار ده‌که‌ن. هه‌رێم له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا مۆدێلێکی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووریی له‌ناو ناوچه‌یه‌کی ئاڵۆزدا بنیات ناوه. ئامانجکردنی ژێرخان یان ناوه‌نده ئابوورییه‌کانی هه‌رێم، ته‌نها هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سەر کوردستان، به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر یه‌کێک له گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌کانی سه‌قامگیریی خودی عێراقیش.
به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دووفاقییه له ده‌سه‌ڵاتدا، ڕه‌نگه عێراق بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزتر ببات. ده‌وڵه‌تێک که کۆنترۆڵی ته‌واوی به‌سه‌ر بڕیاری جه‌نگ و ئاشتیدا نه‌بێت، ده‌بێته پارچه‌یه‌ک له ململانێ هه‌رێمییه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردبێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که عێراق ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ڕێیانێکه و دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌م دایه:
بژارده‌ی یه‌که‌م: بێهێزکردنی میلیشیاکان و به‌هێزکردنی چه‌مکی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که چه‌ک و بڕیاری ئه‌منی ته‌نها له ده‌ستی ئه‌ودا بێت و ڕێگری بکات له‌وه‌ی خاکی عێراق وه‌ک گۆڕه‌پانێک بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی حیساباتی هه‌رێمی به‌کاربهێنرێت.
بژارده‌ی دووه‌م: به‌رده‌وامبوونی ئه‌م هاوسه‌نگییه له‌رزۆکه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ت و هێزه چه‌کداره هاوتهریبەکان، که ئه‌م ڕێگه‌یه مه‌ترسیی گه‌وره بۆ سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات له داهاتوودا دروست ده‌کات.
عێراق به مێژوو و قورساییه هه‌رێمییه‌که‌ی خۆی، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن بڕیاری سه‌ربه‌خۆ بێت، نه‌ک ببێته مه‌یدانێک بۆ جه‌نگی که‌سانی دیکه. گه‌یشتن به‌م ئامانجه پێویستی به بوێریی سیاسی هه‌یه بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ریی یاسا و یه‌کگرتوویی بڕیاری ئه‌منی. ده‌وڵه‌تێک کۆنترۆڵی چه‌کی خۆی نه‌کات، ناتوانێت بێلایه‌نیی خۆی بسه‌پێنێت و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش که بێلایه‌نیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، ورده ورده خۆی له‌ناو جه‌نگێکدا ده‌بینێته‌وه که هیچ کاتێک ڕای نه‌گه‌یاندبوو.