باسێکی فەلسەفی لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان بۆ تێکەڵبوونی دیموکراتیک (ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک)

پێشنیاری کۆمەڵگای دیموکراتیکی ئۆجەلان، لەگەڵ واقیعی نەتەوەیەکدا ناگونجێت کە هێشتا دان بە هەبوونیدا نەنراوە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
گەنگەشەیەکی فەلسەفی و نەتەوەیی لەسەر ئەو ڕاگەیاندراوە هەیە کە لە ڕێکەوتی 16ی شوباتی 2026دا و دوای کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بڵاو کرایەوە.
ڕاگەیاندراوەکە باس لە دەربازبوون لە قۆناخی شەڕ بەرەو تێکەڵبوونی دیموکراتیک (ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک) دەکات. بەڵام ئەو پرسیارەی کە لە ئاستی فەلسەفی و نیشتمانپەروەریدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە:
پرسێک کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە هەبوونی نەتەوەیەک بنیات نراوە، چۆن دەکرێ تەنها لە کێشەی هاووڵاتیبووندا بچووک بکرێتەوە؟
چۆن دەکرێ یادگاریی قوربانییەکانمان مافێکی دەستووری بێت نەک تەنها یادکردنەوەیەکی بێ ئەنجام؟
ماوەی 40 ساڵ خەبات، تەنیا قۆناغێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی گەشەسەندنی خوئاگایی نەتەوەیی بوو.
شەهیدەکانمان تەنها لەپێناو بەڕێوەبەرییەکی سادەی خۆجێیدا خوێنیان نەداوە.
زیندانیانی سیاسی لەپێناو ئەوەدا ئەشکەنجە نەدران کە ببنە هاوڵاتی پلە دوو لە دەوڵەتێکی میکانیکیدا.
ئەوانەی لە زیندانەکاندا بە جەستەی خۆیان ئاگری نەورۆزیان کردەوە، تەنیا بۆ مافێکی کلتووری ئەو کارەیان نەکردووە.
ئەو بیروباوەڕە شۆڕشگێڕانەیە بنەمای رەوایەتیدان بە هەر پرۆژەیەکی سیاسییە کە ئەمڕۆکە پێشکەش دەکرێت.
لە فەلسەفەی شۆڕشەکاندا خوێن لە یاد ناکرێ، بەڵکو دەبێتە ماف.
مافەکان تەنها دروشم نین، بەڵکو بنیاتێکی یاسایین.
زمان، پەروەردە، نوێنەرایەتی سیاسی و دامەزراوە کورییەکان، هەموویان فۆرمێکی دەستوورین کە قوربانیدانەکانمان تەرجومە دەکەن. بەبێ ئەم بنەمایە، مێژوو دەبێتە چیرۆکێکی ئەخلاقی، بە بێ ئەوی کە هیچ دەرئەنجامێکی سیاسیی هەبێت.
ئەو پێشنیارەی ئۆجەلان کە باس لە کۆمەڵگای دیموکراتیک و دەربازبوون لە چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات، ڕوانگەی ناسراوی ئەوە، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ واقیعی نەتەوەیەکدا ناگونجێت کە هێشتا دان بە هەبوونیدا نەنراوە.
پۆست نەتەوەیی، جێگەی دانپێدانان ناگرێتەوە، بەڵکوو پێویستە لەدوای دانپێدانانەوە بێت.
بازدان بەرەو کۆمەڵگایەکی بێ نەتەوە پێش دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان، وەک ئەوە وایە پێش ئەوەی کە خانوویەک بەتەواوی دروست بکەیت، دیوارەکانی بڕووخێنیت.
دیموکراسیی خۆجێی کە وەک چارەسەر باسی لێوە دەکرێت، ناگاتە ئاستی خودموختاریی سیاسی. ئیدارەی خۆجێی واتە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی ناوەندگەرایی دەوڵەتدا، بەڵام خودموختاری بە واتای دابەشکردنی دەسەڵات و پاراستنی ناسنامە دێت. جیاوازی نێوانیان، جیاوازیی نێوان بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنە، لەنێوان کولتوور و سیاسەتدا.
لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە کورد نەک هەر پێکهاتەیەکی کولتوورییە لە ناو دەوڵەتێکدا، بەڵکوو نەتەوەیەکی دابەشکراوە لەسەر جوگرافیایەکی مێژووییدا و لەپێناو هەبوون و مانەوەی خۆیدا خەباتێکی گەورەی کردووە. بۆیە هەر پرۆژەیەک یادەوەریی شەهیدان و زیندانیان نەگۆڕێت بۆ گەرەنتییە دەستوورییەکان، بە سەرلێشێواوی دەمێنێتەوە و ناتوانێ ڕێگاچارەسەر بێت.
ئەم ڕەخنەیە لەسەر تاکێک نییە، بەڵکو ڕەخنەیە لەسەر بیرۆکەیەک. جیاوازی فیکریی نێوان کورد، واقیعێکە مەوجوودە و پێویستە داهاتووی کێشەکە لە چوارچێوەی شیکاریدا گەنگەشە بکرێت نەک بە خیانەتکار کردن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
پێگەی گەلی کورد وەک قەوارەیەکی دەستووری لەم پرۆژەیەدا، لە کوێیە؟
کەنگێ قوربانیدانەکان دەبنە دامەزراوەی فەرمی؟
چ گەرەنتییەک ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی نکۆڵیکردن دەکات؟
ئاشتی ڕاستەقینە لەسەر لەبیرکردن بنیات نانرێت، بەڵکوو لەسەر دانپێدانان بنیات دەنرێت. دانپێدانانیش بە زارەکی نابێ، بەڵکوو دەبێ دەستووری بێت. دیموکراسییەک کە دان بە بوونی گەلاندا نەنێت، بەشێوەی بێ ناوەڕۆک دەمێنێتەوە.
ڕێگای چارەسەری مێژوویی و دادپەروەرانە، بەو ڕیڕەوەدا تێدەپەڕێت کە یادەوەری شۆڕشگێڕانە ببێتە گرێبەستێکی سیاسی نوێ، گرێبەستێک کە زمان و پەروەردە و نوێنەرایەتی و دابەشکردنی دەسەڵات گەرەنتی دەکات. تەنیا ئەو کاتە قوربانییەکان دەتوانن لە ئازارەوە بگۆڕدرێن بۆ ماف، لە یادەوەرییەوە ببنە هاوبەشیکردن و لە شۆڕشەوە بگۆڕدرێن بۆ سەروەریی و دەوڵەتی یاسایی.