پڕۆسەی ئاشتی ئۆجەلان و باخچەلی لە ڕۆژئاڤا خێراتر لە تورکیا بەرەوپێش دەچێت!

پڕۆسەی ئاشتی ئۆجەلان و باخچەلی لە ڕۆژئاڤا خێراتر لە تورکیا بەرەوپێش دەچێت!

ڕۆژئاڤای کوردستان لەسەر مێزێک کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئۆجەلانەوە بەڕێوەدەبرا،  ڕادەستی ئەعراب کرا.

پڕۆسەی ئاشتی ئۆجەلان و باخچەلی لە ڕۆژئاڤا خێراتر لە تورکیا بەرەوپێش دەچێت: سیپان حەمۆ بە شێوەیەکی دۆستانە لەگەڵ فەهیم عیسا، فەرمانداری داگیرکەری عەفرین کۆبووەوە!

هەواڵێک کە لەم ڕۆژانەدا بڵاو کرایەوە، کاردانەوەی توندی زۆرێک لە لایەنەکان و لە نێویاندا کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستانی لێکەوتەوە. بەگوێرەی ئەو هەواڵە، سیپان حەمۆ، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی هەسەدە، لەگەڵ لیوا فەهیم عیسا کە بەرپرسی هەرێمی باکوری سووریایە، کۆبووەتەوە. سیپان حەمۆ هەواڵی کۆبوونەوەکەی لە ئەکاونتی “X”ی خۆی بڵاوکردەوە.

دوای بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، کوردان بە تایبەتی کاردانەوەی توندیان پیشاندا. هۆکاری کاردانەوەکە پەیوەندیی بە ڕۆڵی پێشووی فەهیم عیسا لە ناو سوپای ئازادی سووریادا هەبوو. بەڵێ، فەهیم عیسا لەو کۆمەڵکوژییانەی کە دژ بە کورد و عەلەوی و درووزەکاندا بەڕێوەچوون، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. بۆیە کاردانەوەکان توند بوون. تەنانەت بازنەکانی نزیک لە پەکەکەش ڕەخنەیان لەو وێنەیە گرت. بەڵام ڕەخنەکانیان زیاتر لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەکە بوو بۆ ڕای گشتی، نەک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە. چونکە بە وتەی ئەوان شەیرکردنی وێنەیەکی لەم شێوەیە، ویژدانی گەلی کورد بریندار دەکات. بەڵام مەسەلەکە لەسەر خودی کۆبوونەوەکە نەبوو؟

ئایا دیدارەکە دیپلۆماتیک بوو، یان جێبەجێکردنی ستراتژیی ناوچەیی تورکیا بوو؟

لە سیاسەتدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڵەیە کە مرۆڤ بکەوێتە ناو سیاسەتی ڕق و قینەوە. کۆبوونەوەکان دەتوانن بە هۆکاری دیپلۆماسی و سیاسی ئەنجام بدرێن. ئەگەر لایەنەکان بەرژەوەندی ئەو گەلانە بپارێزن کە نوێنەرایەتیان دەکەن، دەکرێ لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا وەربگیردرێن. بەڵام دیداری نێوان فەهیم عیسا و سیپان حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە. دیداری حەمۆ و عیسا بۆ ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە گرنگە کە دیدارەکانی “پرۆسەی” نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، باخچەلی و ئەردۆغان لە ڕاستیدا بۆ ڕێگریکردنە لەوەی کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان نەتوانێ ستاتۆیەکی بۆخۆی هەبێت. کاتێک کە فەهیم عیسا و سیپان حەمۆ کۆبوونەوە، کوردەکان داوای ناسنامەیان لە کۆماری عەرەبی سوریاوە دەکرد و ناسنامەکانیان وەک ئەوەی کە عەرەب بن دەنووسرا.

بۆ ئەوەی وردتر لەم بابەتە بڕوانین، سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین کە فەهیم عیسا کێیە؟

فەهیم عیسا فەرماندەی گشتی لیوای سوڵتان موراد کێیە؟

لە بنەماڵەیەکی تورکمانی خەڵکی گوندی “تل ـ حەوا”، لە ناحیەی ئەل ـ را (چۆبانبەی)ی شاری حەلەب لەدایکبووە. فەهیم عیسا لە گوندەکەی خۆیەوە هاتە حەلەب و دەستی بە کاری پێڵاوچنی کرد. عیسا بە پەیوەندیکردن بە زۆرێک لە باندەکانەوە ناسراوە، لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریا چارەنووسی عیساش گۆڕا. لەگەڵ پێکهێنانی هێزێکی تورکمان لەلایەن تورکیاوە لە سووریا، سەرەتا پەیوەندی بە باندە چەکدارەکانەوە کرد. دواتر بوو بە سەرۆکی لیوای سوڵتان موراد، گروپێک کە تورکیا لە جیهادییە تورکمانەکان پێکیهێنابوو و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و داراییان لەلایەن تورکەکانەوە دابین دەکرێت.

لیوای سوڵتان موراد ڕابردوویەکی زۆر تاریکی هەیە. تورکیا لە لیبیا و نیجەر و قەرەباخ بەکاری هێناوە. فەرماندەی ئەو گرووپە، فەهیم عیسا، پێشەنگایەتی داگیرکردنی عەفرین کرد. لە هێرشەکانی تایبەت بە داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژئاڤای کوردستان کە دەوڵەتی تورک ناوی “ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی”ی لەسەر دانابوو، بەشداریی چالاکانەی هەبوو.

فەهیم عیسا سەرکردایەتی پەلامارە تیرۆریستییەکانی سەر ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی کرد

فەهیم عیسا و ئەو هێزە چەکدارانەی کە سەرکردایەتیی دەکردن، بەشدارییان لە کۆمەڵکوژی کوردەکان و هەروەها کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و کۆمەڵکوژیی دروزەکان لە ساڵی 2025دا کردووە. واتە فەهیم عیسا و گرووپی سوڵتان موراد مێژوویەکی دوور و درێژیان لە تاوانی جەنگ هەیە.

ڕێکخراوی چاوەدێری نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ (HRW) بە بەردەوامی ئەو گرووپە بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل و دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێ بەسەر موڵک و ماڵی خەڵک و گۆڕینی زۆرەملێی دیمۆگرافیای ناوچەکە و بەتایبەتی لە عەفرین و ناوچە کوردنشینەکان، تۆمەتبار دەکات. جگە لەوەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2023دا بە هەمان هۆکار سزای بەسەر ئەو گرووپەدا سەپاند.

یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لە مانگی ئازاری 2025دا بەهۆی ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی کە لە کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکاندا هەیبووە، سزایان بەسەر ئەو گرووپە و سەرکردەکەی بەناوی جاسمدا سەپاند.

فیرقەی سوڵتان سلێمان شا بەهۆی تاوانەکانیەوە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، بەلجیکا، فەرەنسا، مۆناکۆ، ئەمریکا و بەریتانیاوە سزا دراوە. بەڵام ئەو هێزانە لەژێر پاراستنی تورکیادا بوون و هەڵنەوەشیندرانەوە و وەک یەکەیەک پەیوەندییان بە سوپای سوریاوە کرد.

لە 14ی نیسانی 2025دا، فەهیم عیسا وەک بریکاری وەزیری بەرگری سووریا دەستنیشانکرا و کرایە بەرپرسی باکوری سووریا. هەروەها بارەگاکەی گواسترایەوە بۆ حەلەب.

فەهیم عیسا لە مانگی ژانیڤەری ساڵی 2026دا فەرماندەیی ئەو هێزانەی دەکرد کە کۆمەڵکوژیەکانیان لە دوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، ئەنجامدا.

پەیوەندی نێوان فەهیم عیسا و دەوڵەت باخچەلی؛ پەیوەندی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سیپان حەمۆ

ڕابردووی فەهیم عیسا هەر بەوەوە کۆتایی نایەت. فەهیم عیسا کەسایەتییەکی ڕاستەوخۆی دژە کوردە. ناوبراو دژی ئەو بەڵگەنامەیە بوو کە لەژێر ناوی کرانەوەی کورد لە 17ی ژانویەی 2026 لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە ڕاگەیەندرابوو و وەکوو ناڕەزایەتی دەستی لەکارکێشایەوە. دیارە دواتر بەهۆی ئەو بەڵێنانەی پێی درابوو گەڕایەوە سەر کارەکانی.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی فەهیم عیسا نزیکایەتییەکەیەتی لە دەوڵەت باخچەلی. زانراوە لە ساڵی 2023دا سەردانی دەوڵەت باخچەلیی کردووە و چەندین جار بە تەلەفۆن لەگەڵ باخچەلی قسەی کردووە.

هەروەها دەزانرێت کە سیپان حەمۆ کادیری پەکەکەیە و ئۆجەلان لەگەڵ کادیرانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەیە. لە وێنەی فەهیم عیسا و سیپان حەمۆدا دەتوانین بڵێین “دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پیاوەکانیان لە سووریا بەیەک گەیاندووە و ئەرکداریان کردوون.

ئایا ڕۆژئاڤا ڕادەست کراوە؟

ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و زەقکردنەوەی هاوکاتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هەمووی بە ئامانجی ئەوە بوو کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد ـ بەتایبەتی ڕۆژئاڤای کوردستان ـ هیچ دەسکەوتێکی نەبێت. هەم تورک و هەمیش بازنەی سەربەخۆی کورد ئەم تێبینییەیان دووبارە کردووەتەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەمە ڕوونتر و زوڵاڵتر دەبێت.

هۆکاری ئەوەی کە کورد، لە سەردەمێکدا کە چاوی هەموو جیهان لەسەری بوو لە سووریا، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی پەکەکە کردی بە پاشماوەی هەموو گەلانی دیکە و بوون بە سواڵکەر بۆ وەرگرتنی چەند ئیمتیازێک، ئەوەیە کە ئۆجەلان، لە ڕێگەی کادیرانی پەکەکە لەوێ، ئیرادەی کوردی لە ڕۆژئاڤا تێکشکاند.

لە شەڕدا شکست هەیە و سازانیش هەیە. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا، شتێکی دیکە بوو. ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا ڕازاندنەوە و پەسند و پێشکەشکردنی وەکوو  وڵاتێک بوو بە درۆ، کە لەسەر مێزی دانوستان ڕادەستی ئەعەراب کرا.

ئیدیعای ئەم دواییەی بازنە سەربەخۆکانی کورد کە “ڕۆژئاڤا نەکەوت، ڕۆژئاڤا لە ناوەوە شکستی هێنا و تەسلیم بوو”، ڕاستییەکی قووڵ لەم ڕووەوە دەردەخات. ڕۆژئاڤا بەڕاستی نەکەوت؛ گەلەکەمان لە ڕۆژئاڤا و کورد بە گشتی لە هەموو شوێنێک زۆر شتیان کرد بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بە زیندووی بمێنێتەوە. ڕۆژئاڤا لەسەر مێزێک کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئۆجەلانەوە بەڕێوەدەبرا،  ڕادەست کرا.

Share