لە نێوان تەم و واقیعدا

لە نێوان تەم و واقیعدا

مەترسی ڕاستەقینە لەو مووشەکانەدا نییە کە هەڵدەدرێن، بەڵکوو لە بیرکردنەوەی پشت مووشەکەکاندایە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەوەی کە ئەمڕۆکە لە نێوان ئامریکا و ئێراندا ڕوودەدات، تەنها هەواڵێکی بەپەلە یان بەیاننامەیەکی سەربازی نییە و هەروەها ئاگربەستی وەهاش نیە کە هەر کاتژمێرێک بە جۆرێک شرۆڤە بکرێت.

ئێمە لەبەردەم وەرجەرخانێکی مێژووییداین کە تێیدا خودی پێناسەی کێبڕکێ گۆڕاوە. ئیتر شەڕ لەو کاتەوە دەست پێناکات کە مووشەکێک هەڵدەدرێت، بەڵکوو لە کاتەوە دەستپێدەکات کەوا سیاسەت لەهەمبەر شرۆڤەکردنی ڕووداوەکاندا دەستکورت دەبێت.

لەم خاڵەدا ناوچەکەمان چووەتە قۆناغێکی نوێی هەبوونی سیاسییەوە، قۆناغێک کە نەک بە یەکلاکردنەوە، بەڵکوو بە دوودڵی بە سەنگ و پلاندانان بەڕێوەدەچێت. زلهێزەکان چیتر بەدوای سەرکەوتنی کۆتاییدا ناگەڕێن، بەڵکوو بەدوای هاوسەنگییەکەوەن کە شکست نەهێنێت.

دەوڵەتە بچووکەکان چیتر لە شەڕ ناترسن، بەڵکوو ترسیان لەوەیە کە بێ ئەوەی شەڕ ڕابگەیەنن، ببنە گۆڕەپانێک کەوا شەڕەکەی تێدا دەکرێت.

لێرەدا ڕاستی لە سنووری ڕووداوەکانەوە ڕاناوستێت، بەڵکوو لە پشت سنووری ڕووداوەکانەوە دەست پێدەکات.

کاتێک ئاگربەستێکی کورت ڕادەگەیەنرێت، ئەوە بەو مانایە نییە کە لایەنە شەڕکەرەکان ئاشتییان هەڵبژاردووە، بەڵکوو ماناکەی ئەوەیە کە هێشتا شێوازی گونجاویان بۆ شەڕەکە نەدۆزیوەتەوە.

کاتێک شەڕەکە ڕادەوەستێت، بەو مانایە نیە کە مەبەستەکە گۆڕابێت، بەڵکوو حیساب و کێشانەکەکان هێشتا تەواو نەبوون. ئەمە قۆناغێکی ئارامکردنەوە نییە، بەڵکوو قۆناغێکە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی هێز، کە تێیدا هێز و دەسەڵات بەوە پێوانە دەکرێت کەوا چەندە دەتوانیت بەرامبەرەکەت لە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا بهێڵیتەوە بەبێ ئەوەی کە پاڵی پێوە بنیت بۆ تەقینەوەیەکی یەکجارەکی.

مەترسیدارترین شت لەم سیناریۆیەدا ، ئەوە نیە کە بەدیار دەکەوێت و بەرچاوە، بەڵکوو ئەو پیلانگێڕییانەن کە بە بێدەنگی دەکرێن. بڕیارە گەورەکان چیتر لە ژوورە دیارەکاندا نادرێن، بەڵکو لە نێوان تاریکایی هەواڵگری و ئابووری و تەکنەلۆجیایدا دەدرێن.

شەڕەکە وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام بەرگە کلاسیکییەکەی گۆڕاوە و وەک قەیرانێکی شاراوە دەچیتە ناو هەموو شتێکەوە بەبێ ئەوەی بە فەرمی خۆی وەک شەڕ بناسێنێت.

لەم ململانێیەدا ئیسرائیل وەک گرێیەکی سەرەکی لە هاوکێشەکەدا دەردەکەوێت. نەک تەنها وەک لایەنێک، بەڵکوو ئاشتییەکی کاتی قبوڵ ناکات، چونکە هەموو ئاگربڕێک وەکوو دەرفەتێک بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی ڕکابەرەکەی دەبینێت.

لێرەدا پرسیار ئەوە نییە کێ شەڕ دەستپێدەکات، بەڵکوو پرسیار ئەوەیە کە کێ ڕێگری لە وەستاندنی شەڕ دەکات؟

لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەمە تەنها پارچە زەوییەک نییە لە نێوان دوو هێزدا، بەڵکوو ئەزموونێکی زیندووە بۆ مانەوەی دەوڵەت. ئایا دەوڵەت دەتوانێت بە خۆڕاگری بمێنێتەوە کاتێک بە بێ هێز خۆی لە چەقی ململانێ و کێبڕکێدا دەبینێتەوە؟

ئایا هەرێم دەتوانێت سەقامگیری خۆی بپارێزێت لەکاتێکدا لە هاوکێشەیەکی پڕ لە گۆڕاودا دەژی؟ ئەم پرسیارانە ئیتر تیۆری نین، بەڵکوو بوونەتە نان و ئاوی سیاسەتی ئەمنی و ئابووریمان.

بەڵام لە هەمووی قووڵتر ئەوەیە کە ئایا خودی جیهان لەم قۆناغەدا دەگۆڕدرێت. چیتر شەڕ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکان ناکرێ، بەڵکوو بۆ دەستەمۆکردن و گۆڕینی ڕەفتارەکانیان دەکرێت.

ئامانجەکە لێدانی کۆتایی نییە، بەڵکوو ئیدارەکردنی ئەو پەلەقاژەیە بە شێوەیەک کە نەگاتە ئاستی داڕمانی گشتی.

ئەمە فەلسەفەی نوێی کێبڕکێیە: نەیارەکەت بە ساغی بهێڵەرەوە… بەڵام لەژێر فشارێکی بەردەوامدا.

بۆیە هەر خوێندنەوەیەکی سەرپێی بۆ ڕووداوەکان فریودەرانە دەبێت. چونکە ئەوەی وەک ئارامی دەردەکەوێت، ڕەنگە تەنها خۆڕێکخستنێکی ڕاوچییەکان بێت و ئەوەی وەک توندکردن دەردەکەوێت ڕەنگە نامەیەکی بە حیساب بێت و ئەوەی وەک بڕیارێک دەردەکەوێت، ڕەنگە پەرچەکردارێکی دواکەوتوو بێت.

ئێمە نە لە ناو شەڕدا دەژین و نە لە ئاشتیشدا دەژین، بەڵکوو لە قۆناخێکی دەربازبوونی نێوان دوو جیهانداین:

جیهانێکی کۆن کە تێیدا شەڕ کراوە بوو و دوژمن ناسراو بوو.

لەگەڵ جیهانێکی نوێ کە تێیدا کێبڕکێ بێکۆتایی و ئاڵۆز بووە و نە سەرەتایەکی ڕوونی هەیە و نە بڕیارێکی کۆتاییشی هەیە.

لەم جۆرە کاتانەدا ئەرکی ڕۆژنامەگەری تەنها گواستنەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو لادانی پەردەیە لەسەر ئەو شتانەی کە بە بێدەنگی ئەنجام دەدرێن. چونکە مەترسی ڕاستەقینە لەو مووشەکانەدا نییە کە هەڵدەدرێن، بەڵکوو لە بیرکردنەوەی پشت مووشەکەکاندایە کە لەدەوری ڕامانی هەڵدانی مووشەکەکە دەسووڕێتەوە.

ئەمە بابەتێکی سەرەتایی نییە دەربارەی ململانێی نێوان دوو دەوڵەت، بەڵکوو باسکردنە لە جیهانێک کە ڕەسەنایەتی پێشووی خۆی لەدەست داوە و لە ناو تەم و مژدا بەدوای فۆرمێکی نوێی هەقێقەتدا دەگەڕێت.

Share