فەلسەفەی مان و نەمان لە جەنگی سێبەردا

فەلسەفەی مان و نەمان لە جەنگی سێبەردا

ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستان، لە نێوان دوو لەناوچووندا دەژین و خودی هەبوونی ئێمە لە مەترسیدایە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا مرۆڤایەتی چووەتە ناو تاقیگەیەکی مەترسیدارەوە کە تێیدا مان و نەمان بوونەتە دوو دیوی یەک دراو.

کاتێک سەیری سەرەتای ئەم شەڕە دەکەین، تەنها لە شکستی دیپلۆماسی ناڕوانین، بەڵکوو لە شکستی عەقڵی مرۆڤیش لە بەرامبەر دڕندەیی هێزدا دەڕوانین.

مارتن هایدیگەر دەڵێت، لە کاتی ئاساییدا مرۆڤ لە خەوێکی قووڵدایە، بەڵام لە کاتی مەترسیدا هەقیقەتی خۆی دەبینێت. ئێستا جیهان لەو کاتەدایە کە هایدیگەر بە سەردەمی هەقێقەت ناوی دەبات، کە تێیدا دەوڵەتەکان نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی ئابووری بەڵکو بۆ سەلماندنی بوونی سیاسی خۆیان کێبڕکێ دەکەن.

تەکنەلۆژیا بووەتە ئەو قەفەسەی کە جیهان تێیدا زیندانی کراوە. کاتێک باس لە هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەین بۆ سەر تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، باس لە چەکێکی نوێ دەکەین کە نەک تەنها جەستەی مرۆڤ دەکوژێت، بەڵکوو ژیانیش بە گشتی لەناو دەبات. لێرەدا تەکنەلۆژیا لە ئامرازێکی خزمەتگوزارییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سەپاندن. مرۆڤی سەدەی بیست و یەک پێی وابوو تەکنۆلۆژیا حاکمی جیهانە، ئێستا دەبینرێت بە یەک کلیک لە دەستی هاکەرێکدا، ژیانی ملیۆنان کەس لە شارە گەورەکان لەناو دەچێت. ئەمە ئەو بێماناییە (Absurdity)یە کە ئەگزێستانسیالیزم باسی دەکات؛ مرۆڤ دەتوانێت بڕیار بدات مردن هەڵبژێرێت، بەڵام دواتر نابێت گلەیی لە دەرئەنجامەکانی بکات.

لە ڕۆژانی داهاتوو، چاوی هەمووان لەسەر گەرووی هورمز و ئاسمانی ناوچەکەیە، نموونەیەک لەو بڕیارە قوولەی کە سارتەر بە بڕیاری بێ گەڕانەوە ناوی دەبات. ئێستا سەرکردەکان لە نێوان شکۆمەندی سیاسی و کارەساتی جیهانیدا گیریان خواردووە. هیچ کام لە لایەنەکان ئامادە نین پاشەکشە بکەن چونکە پاشەکشە وەک زەرەر سەیر دەکرێت. لێرەدا شەڕ تەنیا نەوت و گاز نییە، بەڵکو ئیرادەی هەبوونیشە.

بۆ ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستان، ئەم دۆخە واقیعی مێژوویی خۆمانمان بیردەخاتەوە کە جوگرافیاکەمان چارەنووسی ئێمەیە. ئێمە لە نێوان دوو لەناوچووندا دەژین و خودی هەبوونی ئێمە لە مەترسیدایە. ئێمە لەبەردەم دوو هێزداین، هەریەکەیان دەیهەوێت جیهان بە ڕەنگی خۆی بنەخشێنێت.

لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین: ئایا مرۆڤایەتی دەتوانێت لەم شەڕە سێبەر و بێمانایە ڕزگاری بێت؟ یان دەبینە قوربانی ئیرادەیەکی قووڵ کە دەیهەوێت هەبوونی خۆی لەسەر وێرانەکانی ئەویتر بنیات بنێت؟

داهاتوو دیاری دەکات کە ئایا مرۆڤایەتی هێشتا لەسەر ڕێگای عەقڵ و لۆژیکدایە، یان بەرەو تاریکی لەناوچوون دەڕوات.

Share