ئێران ناچار دەبێت بەرەو سادەیی و ملکەچبوون هەنگاو بنێت

مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیرادەی ئایدیۆلۆژی چەندەش بەهێز بێت بەرامبەر بە خنکاندنی جوگرافی و ئابووری، دواجار ناچار دەبێت بەرەو تەسلیمبوون بچێت.
✍️سمکۆ عەبدولعەزیز
جوگرافیا تەنیا بەشێک نییە لە نەخشە، بەڵکوو چارەنووسی دەوڵەتەکانە. گەرووی هورمز بۆ ئێران؛ هەم ستوونی بەرگرییە و هەمیش ڕەگی گەردنیەتی.
ئەوەی ئەمریکا لە ئێستادا دەیکات، تەنها مانۆڕێکی سادەی سەربازیی نیە، بەڵکوو جۆرێک خنکاندنی بێدەنگە. ئامانجەکەش لێی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی ئێران لەسەر ڕێڕەوەکانی جیهان ببڕێت بۆ ئەوەی کە ئیرادە سیاسییەکەی لە هەمبەر زەبری زلهێزەکاندا بشکنێت.
ئەگەر فەلسەفەی شەڕ لەلای “سون تزو” تێکشکاندنی دوژمن بێت بەبێ شەڕ، ئەمریکا ئێستا بە گرتنی دەمارەکانی گەروو ئەم کارە دەکات. گەرووی هورمز کە سەردەمانێک دەروازەیەکی ڕزگاریدەر بوو بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەنووکە لەژێر فشارەکاندا بووەتە تای مەرگ بۆ ئەو وڵاتە.
بڕینی ئەم سەرچاوەی ژیانە لە ئێران، تاران دەخاتە نێوان دوو هەڵبژاردەی دژواری فەلسەفیدا: مانەوەی شەرەفمەند یان مانەوەی فیزیکی.
خنکاندنی ئابووری دەبێتە هۆی تێکدانی شەرعیەتی ئەو ڕێژیمە و شەقامەکانی ئێران دەهەژێنێت، چونکە نانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی ئێرانی دەگۆڕێت.
پێشکەوتنە نوێیە تەکنەلۆژییەکان (وەک درۆنی زیرەک و چاودێری ئەلیکترۆنی) ململانێکانی لە شەڕێکی تەقلیدی ڕووبەڕووەوە گۆڕیوە بۆ شەڕێکی شاراوە.
لێرەدا ئێران جۆرێک لە نامۆبوونی ستراتیژی ئەزموون دەکات. پێشتر بە چەکی کلاسیک و دروشمی کۆن بەرگری لە ڕێڕەوێک دەکرد، بەڵام ئێستا بە زیرەکی دەستکرد و سیستەمی ساردی پۆست مۆدێرن کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
ئەمە لە فەلسەفەی هێزدا بەو مانایە دێت کە ئیرادەی مرۆڤ لەژێر فشاری ئامێرە زیرەکەکاندا گەمارۆ دەدرێت.
ئێران ساڵانە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هێژەمونی خۆی بەسەر جیهاندا دەچەسپاند.
کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە لە لایەن ئەمریکاوە تەنیا شکستێکی سەربازی نییە، بەڵکو شکاندنی ئەو وێنە گەورە و کیانە ئێرانیەیە کە وەک جەمسەرێکی ناوچەیی بۆ خۆی بنیاتی ناوە. واتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بریکارە دەرەکییەکان دەپچڕێنێت و ئێران دەبێتە وڵاتێکی دابڕاو و گۆشەگیر کە دەستی بە هیچ شوێنێکی دیکە ناگات.
پرسیارەکە ئەوەیە: کەی فشارەکان دەگاتە ئاستی هەڵوەشاندنەوە؟ ئێران پێی وایە ڕادەستکردن بەواتای تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو تەنیا ڕێگای مانەوەی ناوەندی دەوڵەتە.
فشار بۆ سەر گەروو، ئێران ناچار دەکات کە چەمکی سەروەری خۆی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و بگاتە ڕێبازێکی میانڕەویی ناچاری کە هەبوونی سیاسی خۆی لەناو نەبات.
گەرووی هورمز ئەمڕۆ تەنیا ئاوەڕێیەکی دەریایی نییە، بەڵکو هاوسەنگیی هێزیشە. ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا گرووتنیەتەبەر، دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران یان لەژێر فشاری ئابووری و سەربازیدا بەردەوام بێت یان ناچار دەبێ ملکەچی یاسا نوێیەکان بێت.
مێژوو سەلماندوویەتی کە ئیرادەی ئایدیۆلۆژی چەندە بەهێز بێت بەرامبەر بە خنکاندنی جوگرافی و ئابووری، دواجار ناچار دەبێت بەرەو سادەبوون و تەسلیمبوون بچێت.