دۆخی شەڕی ئەمریکا ـ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دوای 5 حەوتوو

ئەگەر کار بۆ ڕووخانی ئێران نەکرێت، مەحاڵە کۆتایی بە هەڕەشەکانی تاران و پرۆکسییەکانی، لەسەر ناوچەکە و ئیسرائیل بهێنرێت.
شەڕی نێوان ئەمریکا ـ ئیسرائیل و ئێران لە ڕێکەوتی 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی ئاسمانیی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەژێر ناوی “Operation Epic Fury”دا دەستیپێکرد. ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، مووشەکی بالیستیک، بەرگری ئاسمانی و سەرکردایەتی ئێران بوو. لە هێرشی سەرەتادا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و چەند سەرکردەیەکی دیکە کوژران. ئەمەش بووە هۆی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای نوێ لە 8ی ئاداردا.
ئێران وەڵامی دایەوە و بە سەدان مووشەک و هەزاران درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو. حیزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و بەشێک لە حەشدی شەعبی (میلیشیا شیعەکانی عێراق)یش تێکەڵ بە شەڕەکە بوون و هێرشەکانیان فراوانتر کرد. شەڕەکە لە ئێستادا بەشیوەی “تەکنیکی” بەڕیوەدەچێت: هێرشی ئاسمانی بەردەوام و کاریگەر لەلایەن “ئەمریکا ـ ئیسرائیل”ـەوە و وەڵامدانەوەی “مووشەکی ـ درۆن”ی لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانیەوە درێژەی هەیە.
1ـ هەتا ئێستا:
مردن لە ئێران: زیاتر لە 2 هەزارکەس (چەکدار و سڤیل).
لە ئیسرائیل: نزیکەی 50 حاڵەتی گیانلەدەستدان (سڤیل و سەرباز).
لە هەرێمی (لوبنان، کەنداو): سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون.
لە باشووری کوردستان: زیاتر لە 630 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی کوردستان کراون و دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، زیان بە دامەزراوەکانی وزە و فڕۆکەخانەکان و ناوچە مەدەنییەکان کەوتووە. هێرشەکان بە تایبەتی لە سەر هەولێر و دهۆک و سلێمانی بەربڵاون.
شەڕەکە هێشتا بەردەوامە. هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، “پێناچێت ئەم شەڕە بەم زووانە کۆتایی پێبێت”.
2ـ هێڵە ستراتژیکەکانی ناوچە
هاوپەیمانانی ئێران: حیزبوڵڵا لە لوبنان هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاد کردووە، بەڵام زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. حوسییەکانی یەمەن هێرشی دوور مەودایان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و تەنانەت ڕەنگە دەست بەسەر گەرووی باب ئەلمەندەبیشدا بگرن. حەشدی شەعبی لە عێراق بە تایبەتی باشووری کوردستان دەکاتە ئامانج (بە بیانووی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە). ئەمە ستراتژی “بەرفراوان کردن”ی ئێرانە: کەمکردنەوەی شەڕی ڕاستەوخۆ، هاوکات زیادکردنی کاریگەری لە ڕێگەی پرۆکسیەکانیەوە.
کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان: هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە تاران زیانی بەرچاوی بە ئابووری و وزە و هاووڵاتیانی سڤیل گەیاندووە. ئەمەش دۆخی کوردستان خراپتر دەکات؛ لەبەر ئەوەی کە ئەو ناوچەی سەرەکییەی هەبوونی ئەمریکا لە عێراق و باشووری کوردستان وەک هۆکار پیشان دەدرێن، زیان بە کەرتی نەوت و بنکەکانی دیکەی کاریگەر لەسەر ئابووری ناوچەکە دەگەیەنێت.
پاڵپشتی نێودەوڵەتی: چین و ڕووسیا پشتیوانی هەواڵگری و تەکنیکی و سیاسی لە ئێران دەکەن. ترسیان لەوە هەیە کە شکستی ئێران دەرفەتی زیاتر بە ئەمریکا و ئیسرائیل بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی هێڵەکانی وزە و کاریگەری لەسەر ناوچەکە. ئەوان نایانهەوێت ئێران بەتەواوی شکست بهێنێت، بەڵام ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە شەڕەکە نابن.
3ـ دۆخی ئابووری
گەرووی هورمز (کە 20%ی نەوتی جیهان پێدا تێدەپەڕێت) لە 4ی ئازارەوە بە شێوەیەکی کاریگەر داخراوە. ئێران هەڕەشە لە کەشتییەکان دەکات و هەندێک کەشتی کراونەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوت لە مێژوودا:
– نرخی نەوتی (برێنت) 120 دۆلاری تێپەڕاند.
– بەرهەمهێنانی نەوتی کەنداو کەمی کردووە (بە ملیۆنان بەرمیل لە ڕۆژێکدا).
– کاریگەریشی لەسەر ماددە کیمیاییەکان و خۆراک و گواستنەوە هەیە (نرخەکان بەڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە).
– ئابووری جیهان لەژێر فشاردایە: هەڵاوسان، پچڕانی دابینکردن، زیان بە کەرتی فڕۆکەوانی و بازرگانی. ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، کاریگەرییەکەی دوو هێندە یان سێ هێندە دەبێت.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێران هێشتا هێزی هەیە و بەرگری لە خۆی دەکات و بە ئاسانی تەسلیم نابێت.
4ـ هێزی بەرگریی ئێران
کۆمەڵگای ئێرانی ماوەی 47 ساڵە ئایدۆلۆژی و فەناتیکە. ئەم فەناتیزمە (لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و ئامادەبوون بۆ مردن) لە شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراقیشدا بینرا. ئێران چەکی پێشکەوتووی (مووشەک ـ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ی دەستکەوتووە و هێشتا کۆگای بەرچاوی ماوە. سەرەڕای بۆردومانی بەردەوام، بەڵام هێشتا دەتوانێت وەڵام بداتەوە.
پشتیوانی چین ـ ڕووسیا (هەواڵگری و تەکنیکی) یارمەتی ئێران دەدات بۆ ئەوەی کە بەرگری بکات. ڕێژیمی ئێران بە پڕوپاگەندە و کۆنترۆڵی ناوخۆیی خۆی دەپارێزێت. بەڵام زیانێکی گەورەی (مردن، زیانی ئابووری، لەناوچوونی بنکە ئەتۆمییەکان و پێکهاتە ئیدارییەکان)ی بەرکەوتووە.
5ـ ئامانجەکانی ئەمریکا (و لێدوانەکانی ترەمپ)
لێدوانەکانی ترامپ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یەک ناگرنەوە: هەندێک جار دەڵێت “ئامانجە ستراتژیکەکان نزیکن لە تەواوبوون” یان “ئێمە ئێرانمان تێکشکاند”، هەندێکجار هەڕەشە لە وزەی ئێران دەکات ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە. ئەمەش ستراتژییەکان ئاڵۆز دەکات.
ئامانجە ئەگەرییەکان:
– هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی.
– لاوازکردنی ڕێژیم (نەک گۆڕینی بە تەواوی).
– کردنەوەی گەرووی هورمز.
– پشتگیریی ئیسرائیل.
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەتایی گۆڕینی ڕژێم بووە، بەڵام ئێستا بەرەو “لاوازکردنی ڕێژیم” هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بۆخۆیان ڕاپەڕن. بەڵام ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و گەرەنتی نییە.
6ـ ئەگەرەکانی ڕووخانی ڕێژیم و شێوازەکانی ڕووخانەکە
ئەگەری زۆری نییە: ڕێژیم لە ڕووی ئایدۆلۆژیا و ئەمنیەتییەوە بەهێزە. سەرەڕای کوژرانی سەرکردەکان، ڕێکخستنی نوێ کراوە. فەناتیزم و پشتیوانی ناوخۆیی (بەتایبەت لە نێو سپای پاسداراندا) بەرگری زیاد دەکات. گۆڕینی ڕێژیم بە تەنیا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە زەحمەتە؛ پێویستی بە ڕاپەڕینی ناوخۆیی هەیە، بەڵام ئەوەش ئاسان نییە.
شێوازە ئەگەرییەکان:
ـ بەردەوامی بۆردومانەکان بۆ لاوازکردنی ئابووری و سەربازی.
ـ پاڵپشتی سیاسی و ئابووری لە ڕاپەڕینە ناوخۆییەکان.
ـ دانوستانە دیپلۆماتیکەکان (بە مەرجی توند: وەستانی چالاکی ئەتۆمی، کردنەوەی گەرووی هورموز).
ـ لاوازکردنی میلیشیاکانی (حزبوڵڵا، حوسییەکان، حەشد).
لە ئێستادا ترەمپ، “لاوازکردنی ڕژێم” بە واقیعیترین میتۆد دەبینێت، نەک ڕووخانی تەواوی ڕێژیم. ڕووخانی تەواوی ڕێژیم دەتوانێت ببێتە هۆی فەوزا و کۆچی بەکۆمەڵ و دەرفەتی نوێ بۆ گرووپەکانی دیکە (وەک داعش یان کاریگەریی ڕووسیا-چین).
بەڵام ئەگەر کار بۆ ڕووخانی تەواو نەکەن، مەحاڵە کۆتایی بە هەڕەشەکانی ئێران و پرۆکسییەکانی، لەسەر ناوچەکە و ئیسرائیل بهێنرێت. ئێران لە ماوەیەکی کورتدا خۆی کۆ دەکاتەوە و جارێکی دیکە میحوەری ئیسلامی چالاک دەکاتەوە و عێراق وەک چەتەیەکی خۆی بەکاردەهێنێت.
ئەنجام و ڕوانگەی گشتی
شەڕەکە لە هەفتەی پێنجەمدایە و هیچ نیشانەیەک بۆ کۆتاییهاتنی نابیندرێت. ئێران کار لەسەر ستراتژیی فراوانکردن و داخستنی گەرووەکان دەکات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان دابنێت و کات بکڕێت. ئەمریکا ـ ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە باڵادەستن، بەڵام ئامانجە سیاسییەکانیان ڕوون نین و لێدوانەکانی ترەمپ سەرلێشێواوی دروست دەکەن.
کاریگەریی شەڕەکە لەسەر باشووری کوردستان خراپە و دەبێت کەم بکرێتەوە. پاڵپشتی چین ـ ڕووسیا لە ئێران، شەڕەکە درێژ دەکاتەوە. ترەمپ لەم ڕۆژانەی دواییدا؛ باشترین چارەسەر لە دیپلۆماسیدا دەبینێت، بە مەرجی سەخت، بەڵام ئێران لە دانوستان نزیک نابێتەوە و شەڕ بەردەوام دەبێت. وادەرناکەوێت کە شەڕەکە بەم نزیکانە کۆتایی بێت و ئابووری جیهان و ناوچەکە وێران دەکات.