جەنگیز چاندار: یاساکانی پرۆسەی ئاشتی لە مانگی ئایار یان حوزەیران دەردەچن

بڕیارە بەستێنی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە بڕەخسێت کە لە شاخدان تا بەشداری لە ژیانی سیاسی و دیموکراتیکدا بکەن.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، ڕایگەیاند، ئامادەکارییە یاساییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی “پرۆسەی ئاشتی” بەردەوامن. چاندار ئاماژەی بەوەدا کە پاکێجی گرنگی یاساکان لە مانگی ئایار یان حوزەیرانی ئەمساڵدا دەگاتە پەرلەمانی تورکیا.
جەنگیز چاندار پارلمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کرد و سەبارەت بە قۆناخی نوێی “پرۆسەی ئاشتی” گوتی، لەبەر هۆکاری تەکنیکی و سیاسی دەرکردنی یاسا لە مانگی نیساندا ئیمکانی نیە. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026دا، بە فەرمی هەنگاوی یاسایی بنرێت.
پەرلەمانتاری پارتی DEM وردەکارییەکانی پێشبینیکراوی لە پاکێجی یاساییدا بەم شێوەیە خستۆتە ڕوو:
1ـ “ڕەخساندنی بەستێنی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە شاخدان بۆ ئەوەی کە بەشداری لە ژیانی سیاسی و دیموکراتیکدا بکەن.
2ـ ئازادکردنی زیندانیەکان و گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە لە ئەوروپادا پەنابەرن، لە بەرنامەی پرۆسەکەدایە”.
ئەم لێدوانەی چاندەر لەکاتێکدایە کە جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ ئامەد، پەیامی گرینگی دابوو. یڵماز لە “لوتکەی جیهانی کار”دا سەرنجی خستبووە سەر گۆڕانکارییەکانی سووریا و ئێران و گوتبووی کە “ئاشتی ناوخۆیی” بووەتە پێویستییەکی ستراتژیک بۆ ئاسایشی تورکیا.
جەودەت یڵماز لە ئامەد بەڵێنی دابوو کە حکومەت هەنگاوە یاساییەکان خێراتر بکات. هەروەها داوای لە دەم پارتی کردبوو کە لەم قۆناغەدا بەتایبەتی لەسەر پرسی “چەکدانان” بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.