عێراقچی بۆ فیدان: پابەندی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیاین

عێراقچی بۆ فیدان: پابەندی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیاین

ئێران هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی رەت دەکاتەوە کە باس لە هەڵدانی مووشەکی ئێرانی بە ئاراستەی تورکیا دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە بارەی هەڕەشەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و رایدەگەیەنێت، کە واشنتن بەم کارەی هەموو بنەما مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام دا.

عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دووپاتی کردەوە، ئێران پابەندە بە پاراستنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی تورکیا.

هەروەها هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی رەت کردەوە کە باس لە هەڵدانی مووشەکی ئێرانی بە ئاراستەی تورکیا دەکەن و بە “بێ بنەما” وەسفی کردن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بارەی ئەمریکاوە گوتی: هەڕەشەکانی واشنتن بۆ لێدانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی وزە، بە واتای پشتگوێخستنی تەواوی یاسا و بنەما مرۆییەکان دێت.

سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، رایگەیاند، مووشەکێکی ئێران کە بەرەو خاکی تورکیا ئاراستە کرابوو، تێکشکنێرا و خرایە خوارەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو هێرشەی ئەمرۆی ئێران کە بە مووشەکێکی بالیستی ئەنجامدرا، چوارەمین هێرشی مووشەکییە کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە لایەن ناتۆوە بەرپەرچ دەدرێتەوە.

Share