باخچەلی: ئێمە نە کەرکووک و نە مووسڵیش لە بیر ناکەین

باخچەلی: ئێمە نە کەرکووک و نە مووسڵیش لە بیر ناکەین

باخچەلی: “ئەم سەدەیە ‘سەدەی تورکە’ و کەرکووک چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن”.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە پەیامێکی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، کەرکووک بۆ ئەوان هێڵی سوورە و “نە کەرکووک و نە مووسڵ لە یادەوەرییاندا ناسڕێنەوە.”

 رۆژی سێشەممە، 28/4/2026، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی کەرکووک و جەختی لەوە کردەوە، ناسیۆنالیزمی تورکی تەنیا سنوورەکانی ئێستای تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو “لە هەر کوێ تورکێک بژی و بە تورکی قسە بکات، ئەو شوێنە بەشێکە لە یادەوەریی جوگرافی و نەخشەی دڵی ئێمە.”

 سەرۆکی مەهەپە کەرکووکی بە میراتی باپیرانیان وەسف کرد و گوتی، “کاتێک باس لە جوگرافیای میساقی میللی دەکەین، پەرۆشییەک دڵمان داگیر دەکات، لە پێشترینی ئەو پەرۆشییانەشدا کەرکووک هەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە ئەنقەرەوە “بڵێسەی ئاگری کەرکووک و شیوەنی تورکمانەکان” دەبینن و دەبیستن.

 دەوڵەت باخچەلی دەستبەکاربوونی محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی وەک پارێزگار بە “خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی” ناوزەد کرد و گوتی، “ئەمە هێورکەرەوەیەک بوو بۆ سکاڵا مێژووییەکان و دەرکەوتنی ئیرادەی تورکمان بوو لە شارەکەدا.”

 باخچەلی جارێکی دیکە هەڕەشە کۆنەکانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، “ئەگەر پێویست بکات، لانی کەم 5000 گەنجی خۆبەخشی ئێمە ئامادەن بۆ پاراستنی یەکڕیزی و ئاشتی لە شارە تورکماننشینەکان، بەتایبەتی کەرکووک. ئەمە تەنیا قسەی بێ بنەما نییە، بەڵکو سوێندێکی شەرەفە.”

 لە کۆتایی گوتارەکەیدا باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەدەیە “سەدەی تورکە” و کەرکووک چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن. گوتیشی، “نە کەرکووک لەبیر دەکەین و نە مووسڵ لە مێشکمان لادەبەین. ئێمە لە هێڵی خۆمان لانادەین و خزمەکانمان بە بێ کەسی جێناهێڵین.”

Share