چەند فڕۆکەخانەیەکی ئێران خرانەوە کار

چەند فڕۆکەخانەیەکی ئێران خرانەوە کار

لە جەنگی 40 رۆژەدا، حەوت فڕۆکەخانەی سەرەکی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆمباران کران.

بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئێران کرانەوە و دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکان کردەوە، بڕیاریشە ئەو فڕۆکەخانانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان پێگەیشتووە، کە فڕۆکەخانەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە، لە قۆناخی داهاتوودا، هەنگا و بە هەنگاوە بخرێنەوە خزمەتی گەشتە ئاسمانییەکان.

محەمەد ئەمیرانی لە کۆمپانیای فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانی 2026، بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاند “لەم قۆناخەدا فڕۆکەخانەی پارێزگاکانی مەشهەد، زاهیدان، کرمان، یەزد و بیرجەند گەشتە ئاسمانییەکانیان بە هەردوو ئاراستەی چوون و هاتن، دەستپێکردەوە”.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە فڕۆکەخانەکانی تەوێز، کرماشان، ئەهواز، ورمێ، ئیلام، ئابادان، ئیسفەهان، شیراز و رەشت لەگەڵ فڕۆکه خانەی مێهرئابادی تاران، بە سنوورداری چالاکییەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

بە گوتەی ئەمیرانی، ئەم هەنگاو و رێکارانەی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی جێبەجێی دەکەن، پەیوەستە بە توانا تەکنییەکان و لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی گەشتیاران.

لە بارەی زیانەکانی بە ژێرخانی گەشتە ئاسمانییەکان کەوتووە، گوتی “راوێژکارییەکان لەگەڵ هێڵە ئاسمانییە بیانییەکان دەستیپێکردووە بۆ روونکردنەوەی دۆخی رێگاکان و رێکخستنی گەشتە ترانزێتیەکان؛ لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنەوەی گەشتەکان هەنگا و هەنگاو و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەکنیکی و سەقامگیری وڵات و دڵنیابوونەوە، جێبەجێ دەکرێن”.

لە جەنگی 40 رۆژەدا، کە لە 28ی شوباتەوە تا 8ی نیسانی 2026 بەردەوام بوو، حەوت فڕۆکەخانەی سەرەکی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆمباران کران، لەوانە مێهرئابادی تاران، تەورێز، ئەهواز، کاشان، ورمێ، خورەمئاباد، کرمان لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی بەهرام و مەشقی تاران کەوتنە بەر هێرشەکان و بەهۆیەوە رێڕەوی نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەخانەکان و تاوەرەکانی چاودێری و کۆنترۆڵ، زیانی زۆریان پێگەیەندرا.

هەر بە گوێرە ئامارە نافەرمییەکانەوە، لەو جەنگەدا لە کۆی 321 فرۆکەی مەدەنی، 40 فڕۆکە تێکشکێندران، ئەمەش بە گورزێکی گەورەی زیانەکانی ژێرخانی کەرتی گەشتیاری ئاسمانی ئێران هەژمار دەکرێت.

Share