سەرۆکی جەهەپە وادەی هەڵبژاردنی ئاشکرا کرد؛ “کۆتاوادە جووتمانگی 2027 دەبێت”

سەرۆکی جەهەپە وادەی هەڵبژاردنی ئاشکرا کرد؛ "کۆتاوادە جووتمانگی 2027 دەبێت"

ئۆزەل: “چالاکیی سەرەکی جەهەپە لەم قۆناغەدا لەسەر بنەمای یەک بە یەک لەگەڵ هاووڵاتیان دەبێت”.

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە سەبارەت بە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکان لێدوانی سەرنجڕاکێشی دا. ئۆزەل باسی لەوەکرد، بەپێی ئاماژە سیاسییەکانی ئەنقەرە، هەڵبژاردنەکان لە کۆتاوادەدا لە جووتمانگی 2027 بەڕێوەدەچێت و پارتەکەی لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکات.

ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند، جەهەپە لە مانگی ئایاردا بە فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات. ئۆزەل ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەڵمەتەکە بە ستراتژیی “360 پلەیی” دەست پێدەکات و سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزبەکە تێیدا بەشدار دەبن. لە ڕۆژی یەکەمدا نەک تەنها ڕێکخستنەکان، بەڵکوو ئەندامانی ئەنجومەنی حیزبەکە و کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی و سەرجەم پەرلەمانتاران لە 81 پارێزگا ڕێپێوان دەکەن.

چالاکیی سەرەکی جەهەپە لەم قۆناغەدا لەسەر بنەمای یەک بە یەک لەگەڵ هاووڵاتیان دەبێت. تایبەتمەندییەکانی ئەم ستراتژییە بریتین لە:

ئامادەکاری: 186 هەزار بەرپرسی بنکەکانی دەنگدان دیاریکراون.

کاری مەیدانی: لە 4ی ئایاردا 106 هەزار بەرپرس ڕاستەوخۆ دەست بە چالاکی دەکەن.

پەیوەندی تایبەت: هەر بەرپرسێک بەرپرسیار دەبێت لە 300 دەنگدەر (نزیکەی 200 خێزان).

سەردانی بەردەوام: سەردانەکانی یەکەم لە مانگی ئایار دەست پێدەکات و لە مانگەکانی ئەیلول و حوزەیراندا بە خولی سێیەم و چوارەم بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی جەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسەکانیان هەموو مانگێک سەردانی خێزانەکان دەکەن و خۆیان دەناسێنن و پڕۆژە و بەڵێنەکانی حیزبەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕوون دەکەنەوە. ئۆزەل ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان تەنها لێدوانی سیاسی نییە، بەڵکوو دروستکردنی متمانەی بەهێزە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان جەهەپە وەک چارەسەرێک ببینن.

ئۆزەل لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ گوشارە دادوەرییەکان بۆ سەر پارتەکەی ڕاکێشا و ڕایگەیاند، بەم خەباتە گەورەیەی شەقام، هەم وەڵامی ئەو فشارانە دەدەنەوە و هەم دەنگی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری تورکیا بەرز دەکەنەوە کە بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن.

Share