نوعمان کورتولموش: دەبێت پرۆسەی چەکدانان بە ئیرادەوە بەردەوام بێت

لێدوانی بەرپرسانی باڵای تورکیا دەریدەخەن کە مانگی ئایار مانگێکی ستراتژیک دەبێت بۆ پڕۆسەی ئاشتی.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئێستا ئەم کارە لەسەر ڕێڕەوی خۆیەتی؛ بۆیە گەڕانەوە بۆ دواوە نییە. کورتولموش هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە تەواونەکراوی بمێنێتەوە تورکیا باج و تێچوویەکی زۆر قورس دەدات.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی “پرۆسەی ئاشتی”، ڕایگەیاند، هەموو شتێک بەپێی ئەو پلانە دەڕوات کە لە ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەماندا هاتووە.
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پرۆسەی چەکدانان بە ئیرادەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کەس هیچ گومانێکی نەبێت. هەروەها وتی: باوەڕم وایە ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت، ئێستا کارەکان لەسەر ڕێڕەوی خۆیانن و هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە لەم ڕێگایە نییە.
سەرۆکی پەرلەمان سەرنجی بۆ مەترسیەکانی بە نیوەچڵ هێشتنەوە پرۆسەکە ڕاکێشا و هۆشداریی دا: ئەگەر ئەم کارە بە نیوەچڵی بمێنێتەوە، باجی ئەمە زۆر قورس دەبێت، نامانەوێت تورکیا باجێکی وا گرانبەهای شەڕ و پێکدادانەکان بدات.
نوعمان کورتولموش هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا وتی: مەبەستی بەڕێز ئۆجەلان گرنگە و پەیوەندیی بە پرۆسەکەوە هەیە، هەرکاتێک پێویست بکات، دەبێ ئەو لێدوان بدات بۆ ئەوەی پرۆسەکە شەفافتر بێت.
لێدوانەکانی کورتولموش لە کاتێکدایە کە لە پەرلەمانی تورکیا ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، تاوتوێ دەکرێن.
وەزارەتی داد: بۆ هەنگاوی یاسایی ئامادەین
لە لایەکی دیکەوە، ئاکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیاش پشتڕاستی کردەوە کە پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغی یاسایی. گورلەک ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتی هاوبەشی “کۆمیسیۆنی پشتیوانی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” گەیشتووەتە پەرلەمان و گوتوویەتی: “لێرەدا ئیرادەی پەرلەمانە، وەک وەزارەتی داد ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئامادەکردنی یاساکان و بۆ لایەنی تەکنیکی، جێبەجێکردنی چوارچێوەی یاساکان و پەسەندکردنی هەموویان لە ژێر بەرپرسیارێتی پەرلەماندایە”.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی باڵای تورکیا دەریدەخەن کە مانگی ئایار مانگێکی ستراتژیک دەبێت بۆ پڕۆسەی ئاشتی و هەموو لایەنەکان چاویان لە پاکێجە یاساییەکانە کە لە پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.