مەسرور بارزانی و فالح فەییاز پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی و فالح فەییاز پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

هەردوولا هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە، رێز لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکوومەت، لە دیدارەکەدا، دۆخی گشتی و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.

حکوومەتی هەرێم دەشڵێت: لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، مەسرور بارزانی و فالح فەییاز بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار کرد، کە دەربڕی خواستی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و رێز لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت.

Share