پەکەکە: پێڤاژۆ لەلایەن حکومەتەوە وەستێندراوە و ئێمە لێیان ناپاڕێینەوە

قەرەیلان: “نەبوونی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەم مانگەدا شتێکی ئاسایی نییە، هەروەها نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەکە”.
موراد قەرەیلان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن حکومەتەوە وەستێندراوە و ئێمە لێێان ناپاڕێنەوە کە درێژە بە پرۆسەکە بدەن و وتی: “نەبوونی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەم مانگەدا شتێکی ئاسایی نییە، هەروەها نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەکە”.
موراد قەرەیلان، سەرکردەیەکی باڵای پەکەکە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دایەوە.
قەرەیلان باسی لەوەکرد، ئەوەی کە شاندی دەم پارتی ماوەی مانگێکە نەیتوانیوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە، پەیوەندی بە دۆخی پرۆسەکەوە هەیە و ئەم دۆخەش ئاسایی نییە.
هەروەها گوتی: “لای حکومەت و بەرپرسانی ئاکەپەش، وەک مانگی دەرکردنی یاساکان دەستنیشانکرا، هەمووانیش بە جۆشوخرۆشەوە چاوەڕێیان دەکرد، نەبوونی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەم مانگەدا شتێکی ئاسایی نییە، هەروەها نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەکە”.
پرۆسەکە بەستراوەتەوە… ئەمە دەبینین.
قەرەیلان باسی لەوەشکرد کە پڕۆسەکە لەلایەن حکومەتەوە وەستێندراوە و وتی: “لە ئێستەدا پرۆسەکە هەڵپەسێردراوە و وەستێنراوە. ئەوەی دەبینرێت ئەمەیە، بە ئاشکرا دەبینرێت کە پاش ئەم گفتوگۆیە، هەروەها بە کاریگەریی ڕووداوە هەرێمییەکان- هەلومەرجەکان و هەندێک پرۆسەی ناوخۆیی، هێزە بڕیاربەدەستەکان بە گونجاویان زانیوە کە هەنگاوەکان بوەستێنن یان دوای بخەن”.
ئەگەر هەنگاوی جددی بنرێت، ئێمەش بێ وەڵام نامێنین
قەرەیلان سەبارەت بە گەرەنتی و چەکدانان وتی: “تاوەکو گەرەنتیی یاسایی نەبێت، چەکدانان، دوورە لە عەقڵ، هێزەکانی ئێمە چەند کەسێک یاخود چەند سەد کەسێک نین، ئێمە باسی هەزاران کەس دەکەین. سەیر بکەن، 30 هەڤاڵمان چەکەکانیان سووتاند و ڕایانگەیاند کە بۆ گەڕانەوە ئامادەن. توانیان بچنە هیچ شوێنێک؟ نەخێر. هەر بۆیە لە پێناو سەلامەتی ناچار بوون جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی ئێمە”.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا داخوازیی دانانی هەموو چەکەکان و چۆڵکردنی هەموو سەنگەرەکان و گوتنی ‘دوای ئەنجامدانی ئەمە، بڕیارە یاساییەکان دەدرێن’، بە مانای گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک و ڕاستییە مەیدانییەکان دێت”.
ئێمە لێیان ناپاڕێینەوە، ئەوە پەیوەستە بە ئەوانەوە
قەرەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: “لەسەر ئەم بابەتە ئێمە لە کەس ناپاڕێینەوە. لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە بێ بژاردە نین. ئێمە پێمان وایە ئەو پرۆسەیەی کە ئاپۆ پێشیخستووە، لە بەرژەوەندیی تورکیا و گەلەکەماندا دەبێت. بۆیە ئەگەر لەلایەن دەولەتەوە هەنگاوی جددی بنرێت، ئێمە بێ وەڵام نامێنین”.