لە کۆبوونەوەی ئۆجەلان لەگەڵ شاندی باڵای ئەمنی دەوڵەتی تورکدا چ گوترا..

لە کۆبوونەوەی ئۆجەلان لەگەڵ شاندی باڵای ئەمنی دەوڵەتی تورکدا چ گوترا..

تەوەری سەرەکی باسەکە ستاتۆی ئۆجەلانە، مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە کە ئایا بارودۆخی ئێستای ئیمرالی بەردەوام دەبێت یان مۆدێلێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی ناو پەرلەمان و ڕۆژنامەی نەفسەوە بەدەست هاتوون، لە ڕێکەوتی 27ی ئازاردا کۆبوونەوەیەکی زۆر گرینگ لە ئیمرالی بەڕێوەچووە. ئەم کۆبوونەوەیە کە لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شاندێکی باڵای ئەمنیی دەوڵەتدا بووە، نزیکەی 5 کاتژمێری خایاندووە. باس لەوە دەکرێت کە ئەم کۆبوونەوەیە دیدارێکی ئاسایی و ڕۆتینی نەبووە؛ بە پێچەوانەوە “دەوڵەت” بە هەموو جددیەت و نەخشەڕێگایەکەوە لەسەر مێزەکە دانیشتووە.

لە ناو دەم پارتیدا دەوترێت کە لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر “ماوەیەکی 10 ڕۆژە” ڕێککەوتن کراوە. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پرۆسەکە وەستاوە سەرنج بۆ ئەم خاڵە ڕادەکێشن. تەوەری سەرەکی باسەکە ستاتۆی ئۆجەلانە. دەم پارتی باس لەوە دەکات کە ئەم پرسە تەنیا تەکنیکی نییە؛ مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە کە ئایا بارودۆخی ئێستای ئیمرالی بەردەوام دەبێت یان مۆدێلێکی نوێ و جیاواز بۆ پرۆسەکە پەیڕەو دەکرێت.

خاڵێکی گرنگی دیکەی باسەکان، چۆنیەتی تەعامول کردنی دەوڵەتی تورکە بەرامبەر بە ئەندامانی پەکەکە. دەوڵەت دەیهەوێت ڕێسا یاساییەکان “پۆلێن بەندی” بکات؛ واتە بۆ ئەوانەی چەکیان بەکارنەهێناوە و ئەوانەی بەشدارییان لە چالاکییەکاندا کردووە و کادیرانی بەڕێوەبەری، یاسای جیاواز جێبەجێ بکرێت. بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ڕوونی ئەم پێشنیازی “پۆلێن کردنە”ی ڕەتکردۆتەوە. بەپێی سەرچاوەکانی دەم پارتی، داواکارییەکە ئەوەیە کە ئەگەر یاسایەک دەربچێت، پێویستە هەموو کەسێک بگرێتەوە واتە بەشێویەکی گشتی (ئەوانەی لەژێر لێکۆڵینەوەدان تا دەگاتە ئەوانەی کە ناویان لە لیستی سووری داواکراوانی دەوڵەتدایە)، هەموویان لەخۆی بگرێت.

هەرچەندە هەندێک جار جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان لێدوانەکانی قەندیل و دەم پارتی و ئیمرالیشدا هەبن، بەڵام زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە پرۆسەکە بە تەواوی شکستی نەهێناوە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان تا ئێستا هەردوولا دەرگاکانیان بەڕووی یەکتردا دانەخستووە. لە ڕۆژەڤدا ئامادەکارییەکان بۆ سەردانێکی نوێ بۆ ئیمرالی هەیە، ئەمەش دەریدەخات کە دیالۆگەکە لە ئاستێکدا هەر بەردەوامە.

لەم نێوەندەدا “کۆمیسیۆنی هاوپشتی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی” کە لە 17ی شوباتدا لە پەرلەمان دامەزرا، ڕاپۆرتەکەی خۆی تەواو کردووە. هەرچەندە پێشبینی دەکرا لە مانگی نیساندا هەنگاوی یاسایی بنرێت، بەڵام ئەمە بۆ مانگی ئایار دواخراوە. لە ئێستادا چاوی ڕای گشتی لە سەر لێدوانە فەرمییەکان و ئەو هەنگاوانەن کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکانەوە دەگیرێنەبەر.

Share