مەسرور بارزانی: “پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵ و مافپەروەرین”

مەسرور بارزانی: "پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵ و مافپەروەرین"

مەسرور بارزانی: “دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارە بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارە بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 2/5/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق و شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، “کە ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبین، لە پێناو چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.”

بە پێی راگەیاندراوەکە، مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارە بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بێت.

لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە، “کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکوومەتی فیدراڵییە.”

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، کە دڵنیایی دەدەن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.

هەر لە بارەی کۆبوونەوەکە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: “لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقمان کرد.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی رەوتی ئەو گفتوگۆ بەردەوامانەمان کرد کە لە نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچن، ئەمەش بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی کە بتوانێت خواست و تێڕوانینەکانی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق بهێنێتە دی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، زەیدی دەڵێت: “لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر خرانە بەر باس، هەروەها  جەختمان لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵ و دیدگاکان کردەوە بۆ هەنگاونان بەرەو چەسپاندن و بەهێزکردنی سەقامگیری لە سەرانسەری عێراقدا.”

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، بە یاوەری شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لێ کرا.

Share