ئێران: ئەمریکا لە گەرووی هورموز هێرشی کردە سەر چەند بەلەمێک

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم: لەو هێرشەی سوپای ئەمریکادا 6 سەرنشینی بەلەمەکان کوژراون.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران رایگەیاند: “سوپای ئەمریکا بەبیانووی سوپای پاسداران، پەلاماری چەند بەلەمێکی مەدەنی داوە و بەهۆیەوە شەش کەسی مەدەنی کوژران”.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5/5/2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردووەتەوە، دوابەدوای ئەو بانگەشە ناڕاست و بێ بنەمایەی سوپای ئەمریکا، گوایە شەش بەلەمی خێرای ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ یەكێکیان سەر بە سوپای پاسداران نین، بەڵکو هەر هەموویان بەلەمی مەدەنین و لە نێویاندا دوو لە بەلەمەکان کەلوپەلی خەڵکی مەدەنی تێدابووە و لە ناوچەی خەسبی کەناراوەکانی عومانەوە بەرەو کەناراوەکانی ئێران لە رێگەی دابوون.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لەو هێرشەی سوپای ئەمریکا شەش سەرنشینی مەدەنی دوو بەلەمە کوژراون، بۆیە ئەمجارە سوپای ئەمریکا دەبێت باخی ئەم تاوانەیان بدەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، سوپای ئەمریکا لە خێرایی بەلەمەکانی سوپای پاسداران تووشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوون، بۆیە هەر بەلەمێک ببینن، دەستڕێژی لێدەکەن.
سەرچاوە سەربازییەکەی ئێران، هیچ روونکردنەوەیەکی لە بارەی ناسنامەی پێنج کوژراوەکە نەداوە، ئاخۆ خەڵکی ئێرانن یان وڵاتانی کەنداو.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی “پڕۆژەی ئازادی” لە گەرووی هورمز دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرپەرشتی دەکرێت، هێزێکی گەورە لەخۆدەگرێت کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 100فڕۆکەی جەنگی و 15هەزار سەرباز. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم هەنگاوە، پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە واشنتن چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە؛ چەند وڵاتێکی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز. بەڵام لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران، لەوانە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستاونەتەوە و هۆشدارییان داوە کە هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا بە “پێشێلکردنی ئاگربەست” دادەنرێت.