لە هەڵوەشانەوەی پەکەکەوە بۆ بنبەستی سیاسی؛ مەرجی قەندیل بۆ درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی!!

پەکەکە: “بەبێ دیاریکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆبوونەوە کاتیەکان هیچ ئەنجامێکی بنەڕەتییان نابێت”.
سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە، لە ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداریی مستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا، جەختی لەسەر پێویستی دانپێدانانی فەرمی بە پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و گرتنەبەری هەنگاوە یاساییەکان کردەوە. هەروەها ئەو ڕێکخراوە ناوی خۆی لە پەکەکەوە بۆ تەڤگەری ئاپۆیی گۆڕیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/5/2026، مستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا ئەندامانی بەڕیوەبەریی پەکەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵام و هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوەکەیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند. سۆزدار ئاڤێستا ڕاگەیاندراوەکەی بە کوردی خوێندەوە و مستەفا قەرەسووش بە تورکی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ساڵێک بەسەر بڕیاری مێژوویی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا تێدەپەڕێت. ئەم بڕیارە لە وەڵامی بانگەوازەکەی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا درا و ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگا بۆ چارەسەری سیاسی بوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەمەبەستی نیشاندانی ئەو ئیرادەیە، بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە و 30 گەریلا لە 11ی تەمموزی 2025دا چەکەکانیان سووتاند، دواتر هێزەکانیان لە ناو سنوورەکانی تورکیا کشاندەوە بۆ ئەوەی کە ئیرادەی خۆیان بۆ ئاشتی بسەلمێنن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەو پێیەی کە “ئاپۆ” بەردەنگی سەرەکی و سەردانوستانکاری ئەم پرۆسەیە، داوا کراوە کە پێگە سیاسی و یاساییەکەی دیاری بکرێت. هەروەها داوا کرا کە دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت کە بە ئازادی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ دیاریکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆبوونەوە کاتیەکان هیچ ئەنجامێکی بنەڕەتییان نابێت.
سەرکردایەتی پەکەکە لە بەیاننامەکەدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا گرتووە کە تا ئێستا هەنگاوی یاسایی پێویستی نەناوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەوڵەت بە شێوەیەکی سارد و پاسیڤ لەو پرسە نزیک دەبێتەوە.