پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: “دەبێ دەوڵەت لەبەر جینۆسایدی دێرسیم، بە فەرمی داوای لێبووردن بکات”.

PWK: پێویستە دەوڵەتی تورکیا دان بە مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلی کورددا بنێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، بە بۆنەی 89 ساڵەی جینۆسایدی دێرسیم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. PWK لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1937 ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەشێک لە سیاسەتی سیستماتیکی قڕکردنی نەتەوەی کورد بوو.
بەیاننامەکەدا وەبیری هێناوەتەوە کە لە ڕێکەوتی 4ی ئایاری 1937دا، بە ڕەزامەندی مستەفا کەمال ئەتاتورک و فەوزی چەکماک، “بڕیاری شاندی وەزاری سەبارەت بە بزووتنەوەی تەنقیل” درا. بەپیی ئەم بڕیارە، ئامانج نەک تەنها سەرکوت کردنی سەرهەڵدانەکە، بەڵکوو “لە بن کەندنی” ڕەگ و سەرچاوەکانی گەلی کورد، وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان و دەربەدەرکردنی خێزانە کوردەکانیش بوو. PWK ڕایگەیاندووە کە ئەم فەرمانە، فەرمانێک بوو بۆ قڕکردنی نەتەوەی کورد.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنجی خستۆتە سەر وەحشیگەرییەکانی ئەو سەردەمە و دانپیدانانی بەرپرسانی دەوڵەتی وەک ئیحسان سەبری چاگلایانگیلی وەبیر هێناوەتەوە. لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “ئەو ژن و منداڵانەی کە هەڵاتبوون بۆ ئەشکەوتەکان، بە ژەهری مشک کوژراون، کچانی دێرسیم بۆ ئەوەی نەکەونە چنگ سەربازانی تورک، خۆیان لە زنارەکانی منزوور هەڵداوەتە خوارەوە”. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە منداڵانی هەتیو بۆ شارەکانی تورکیا دەڕفێندران و لە ژێر ناسنامەی جیاوازدا بەخێو دەکران بۆ ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان داببڕدرێن.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە کە بەرەورووی مێژووی خۆی ببێتەوە و ئەم هەنگاوانە بنێت:
ـ لەبەر جینۆساید و تاوانەکانی دێرسیم بە فەرمی داوای لێبوردن بکات.
ـ شوێنی گڵکۆی ڕێبەرانی کورد سەید ڕەزا و شێخ سەعید و زانای کورد سەعید نوورسی، ئاشکرا بکات.
ـ دان بە مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلی کورددا بنێت.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بە ڕێزەوە یادی سەرجەم شەهیدانی دێرسیم و کوردستانی بەرز ڕاگرتووە و ڕایگەیاند کە خەباتی ئەوان ڕێگای ئازادی و دیموکراسی ڕووناک دەکاتەوە.