مەزڵووم عەبدی: هیچ پێشنیارێکم بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵا لە دیمەشق پێنەگەیشتووە

عەبدی: هێزەکانی هەسەدە لە شەڕی دژ بە داعشدا بە تەنیا نەبوون و لایەنەکانی دیکەش بەشدارییان لەم شەڕەدا کردووە.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی بەرفراواندا باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و کەموکوڕیەکانی ئیدارەکەی و ئایندەی هێزەکانی خۆی کردووە.
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی (بە کاتی دیمەشق)دا کە بڕیارە بەم نزیکانە لەسەر پلاتفۆرمی “مازێر” پەخش بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا یان حکومەت “ڕاستەوخۆ” ئەرکێکی باڵا یان پۆستێکیان لە ئۆفیسی سەرۆکایەتیدا پێ پێشنیار نەکردووە.
بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا “ئایا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هیچ پێشنیارێکی پێ کراوە؟”، عەبدی بە بێدەنگی وەڵامی دایەوە، کە ئەمەش بە “بەڵێ” لێکدرایەوە.
سەبارەت بە کۆنفرانسی حەسەکە کە بە بەشداریی کەسایەتییە دروزییەکانی وەک شێخ غەزال غەزال و شێخ حیکمەت هیجری بەڕێوەچوو، بەتایبەتی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان عەبدی و شەرع، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە وتی: “دەبوو کە ئەم کۆنفرانسە نەکرابا، بەڵام ڕوویدا؛ بەڕای من پێویست بە ڕوودانی شتێکی لەم جۆرە نەبوو”.
عەبدی هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی هەسەدە لە شەڕی دژ بە داعشدا بە تەنیا نەبوون و لایەنەکانی دیکەش بەشدارییان لەم شەڕەدا کردووە.
مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە کێشەی ماددەی هۆشبەر ناوە لەو ناوچانەدا کرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوون (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و ڕایگەیاند: ” ئێمە لە هەوڵەکانمان بە دژی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانمان سەرکەوتوو نەبووین”.
مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە 10ی ئازاری 2025 ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە بڕیاردرا کە هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت و سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکان (دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان، بیرەکانی نەوت و گاز) ڕادەستی دەوڵەت بکرێن. هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن لە سووریا بناسرێت و مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بێت.
هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەیەک ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە و بووە هۆی دروستبوونی گرژی و شەڕ لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدەدا، بەڵام لە مانگی یەکی ساڵی 2026 ئاگربەستێکی نوێ واژۆ کرا. بەم ئاگربەستە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بنکەکانی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی حکومەت کرد. بەمەش بە کردەوە کۆتایی بەو ئیدارەیە هات کە “بەڕێوەبەریی خۆسەر”ی پێدەگوترا و دەوڵەتی سووریا جارێکی دیکە سەروەری خۆی بەسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا چەسپاندەوە.