1500 خێزانی عەرەب لە عەفرینەوە دەگەڕێنەوە بۆ دێرەزوور

چاودێران: گەڕانەوەی ئەو 1500 خێزانە دەبێتە سەرەتای پرۆسەیەکی فراوانتر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناسنامەی ڕەسەنی هەرێمی عەفرین بپارێزرێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا، پرۆسەی چۆڵکردنی ماڵی کورد لە عەفرین دەستیپێکرد. بەپێی دوایین زانیارییەکان، بڕیاردراوە 1500 خێزانی عەرەبی ئاوارە، کە لە دێرەزوورەوە هێنراون، لە هەرێمی عەفرینەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنە ڕەسەنەکانی خۆیان.
پارێزگاری دێرەزوور و بەرپرسی هەرێمی عەفرین، خێرۆ داوود، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی ئەم پلانەی گەڕانەوە، لەگەڵ نوێنەری بنەماڵە عەرەبەکان لە عەفرین کۆبونەوە. ڕاگەیەندرا کە ئەو خێزانانە لە ماوەی یەک مانگدا هەرێمی عەفرین بەجێدەهێڵن و لە ڕێگەی کاروانی ئاساییەوە بەرەو پارێزگای دێرەزوور دەڕۆن.
بۆ ئاسانکاری ئەم پرۆسەیە، حکومەت پلانێکی دارایی ئامادە کردووە. بەگوێرەی ئەم پلانە بۆ دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەیان و ڕێکخستنەوەی ژیانیان لە دێرەزوور، هاوکاری دارایی ئەو خێزانانە دەکرێت. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە دیمۆگرافییەکان لە عەفرین سەیر دەکرێت.
هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2018 لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیاوە، داگیرکرا. لەو کاتەدا سەدان هەزار کوردی ڕەسەن ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و ئاوارە بوون و لە شوێنی ئەوان، خێزانە عەرەبەکانی پارێزگاکانی وەک دێرەزوور، خووتە، حومس و حەلەب جێگیرکران.
لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا، لە لایەک شەپۆلێکی نوێی گەڕانەوەی کورد بۆ عەفرین دەستیپێکردووە و لە لایەکی دیکەشەوە عەرەبە هاوردەکان دەستیان بە چۆڵکردنی ماڵ و موڵکی کورد کردووە. چاودێران دەڵێن، گەڕانەوەی ئەو هەزار و 500 خێزانە دەبێتە سەرەتای پرۆسەیەکی فراوانتر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناسنامەی ڕەسەنی هەرێمی عەفرین بپارێزرێت.