باخچەلی پێشنیاری پێگەیەک بۆ ئۆجەلان دەکات و دەڵێ بەوشێوەیە باشتر خزمەت بە تورکیا دەکات

سەرۆکی مەهەپە: “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە واتای تەسلیمبوون نییە و ڕێککەوتن نییە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا”.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند کە باسکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرنگە و پێشنیاری کردووە ئۆجەلان لەژێر ناوی “ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و سیاسیبوون”دا کار بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 5/5/2026، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیادا قسەی کرد. پڕۆسەی چارەسەری و بابەتی ئۆجەلان لە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکەی باخچەلیدا بوو.
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی ئێستا پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە و گرینگییەکی زۆری بۆ گەشەپێدانی تورکیا هەیە.
سەرۆکی مەهەپە لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر ئامانجی پرۆسەکە و وتی: “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە واتای تەسلیمبوون نییە و ڕێککەوتن نییە لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا، بەڵکوو تورکیایەکی بێ تیرۆر بابەتێکی حەیاتی و گرنگە”.
باخچەلی جارێکی دیکە باسی لە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە کرد و ڕایگەیاند کە تاوتوێ کردنی پۆزیسیۆنی ئۆجەلان لای ئەوان گرینگە و وتی: “بۆ پێگەی ئۆجەلان ناوی “ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و سیاسیبوون” پێشنیار دەکەم.
باخچەلی گوتیشی: “پێویستە ئەوە بە شێوەیەک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە لە بەرژەوەندی کۆماری تورکیا بێت و خزمەت بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بکات”.