هاوسەرۆکی دەم پارتی: “بەهۆی هەژارییەوە تورکیا گەورەترین شەپۆلی کۆچبەری لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە دەبینێت و گەنجێکی زۆر دەیانهەوێت بڕۆنە ئەوروپا”.
تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆڕبەندی لاوان کە لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە ئەوان بە هەموو پڕۆژەکانیانەوە بۆ بەڕێوەبردنی تورکیا ئامادەن. هاتیمۆگولاری لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ کێشە ئابوورییەکان، سیاسەتی شەڕی تایبەت و پرۆسەی ئاشتی ڕاکێشا.
هاتیمۆگولاری ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پرۆسەیەی ئێستا کە چەک تێیدا بێدەنگ کراوە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگا و گەنجان بۆ ئەوەی دەنگیان بەرز بکەنەوە. بەڵام ناوبراو سەرنجی خستە سەر زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و قومارکردنی نایاسایی لە نێو گەنجاندا و ئەمەی بە بەشێک لە “سیاسەتی شەڕی تایبەت” ناوبرد و وتی کە ئەو سیاسەتانە بۆ لاوازکردنی خەباتی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکرێن.
قەیرانی ئابووری و شەپۆلی کۆچکردن
هاتیمۆگولاری لە وتارەکەیدا باسی لە دۆخی ئابووریش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە 4 ملیۆن و 500 هەزار گەنج لە تورکیا بێکارن و بەهۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە ژیان بووەتە بارگرانی بۆ خەڵک. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هەژارییەوە تورکیا گەورەترین شەپۆلی کۆچبەری لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە دەبینێت و گەنجێکی زۆر دەیانهەوێت کۆچ بکەن و بڕۆنە ئەوروپا. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی ئەو ژنانەی واز لە خوێندن دەهێنن لە زیادبووندایە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی خستە کەیسەکانی وەک دیارنەمانی گوڵستان دۆکو و ڕۆژهەڵات کزماز و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆکان و ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو گەنجان ڕێکبخرێن و خەباتێکی هاوبەش بەڕێوەببەن.