ئەمڕۆ پارتی نوێی تورکیا (یەنی پارتی)، یەکەمین کۆنگرە دەبەستێت

ئەمڕۆ پارتی نوێی تورکیا (یەنی پارتی)، یەکەمین کۆنگرە دەبەستێت

جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل لە جەهەپە و دامەزراندنی پارتی نوێ، دەرەنجامی قەیرانێکی قووڵی یاسایی و سیاسی بوو کە بەرۆکی جەهەپەی گرتەوە.

پارتە نوێیەکەی ئۆزگور ئۆزەل بە بەشداریی نزیکەی 1200 ئەندام و بە دروشمی “تورکیا نوێ دەبێتەوە”، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە دەبەستێت و سەرۆکی گشتیی پارتەکە تاکە بەربژێرە بۆ پۆستەکە، هاوکات جگە لە جەهەپە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا بانگهێشت کراون.

ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، بڕیارە یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێی تورکیا  (Yeni Parti) لە هۆڵی وەرزشیی ئەنقەرە بە بەشداریی نزیکەی 1200 ئەندام بەڕێوە بچێت. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتەکە، تاکە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکە و چاوەڕوان دەکرێت، دوای کۆنگرەکە گۆڕانکارییەکی بەرفراوان لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندیدا بکات و کەسایەتیی نوێی سیاسی بێنە پێشەوە.

پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە، دەستەی دامەزرێنەران بۆ گفتوگۆ لەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەڕێوەبردنی پارتەکە و گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوی ناوخۆ کۆبوونەتەوە. بەپێی پێشنیازە پەسەندکراوەکانی دەستەی دامەزرێنەران، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارت لە 80 ئەندامەوە بۆ 150 ئەندام زیاد دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە خولی نوێدا نوێنەرانی گرووپە پیشەوەران و سەندیکاکان لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی بوارە جیاجیاکان، لە ئەنجوومەنەکەدا جێیان بکرێتەوە.

هەروەها دەستەی دامەزرێنەران بڕیاری دا دەستەی “ئیتیک” لە نێو پارتەکەدا پێک بهێنرێت، سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەیشی لە پەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند کراون لە یەکەمین کۆنگرەی ئاساییدا دەخرێنە بەردەم نوێنەران بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی کۆتایی.

لە لایەکی دیکەوە راگەیەنراوە، جگە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنگرەکەشدا چوار گۆرانیی جیاواز ئامادە کراون بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەندامانی پارتەکە بکرێن.

جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل لە پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) و دامەزراندنی پارتی نوێ، دەرەنجامی قەیرانێکی قووڵی یاسایی و سیاسی بوو لە نێوان ساڵانی 2025 و 2026ـدا بەرۆکی جەهەپەی گرتەوە. پێشتر لە کۆنگرەی 38ـەمینی جەهەپەدا لە تشرینی دووەمی 2023، ئۆزەل بە پشتیوانیی باڵی گۆڕانخوازان توانی بەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵودا سەر بکەوێت و ببێتە سەرۆکی گشتیی پارتەکە، دواتر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئاداری 2024ـدا جەهەپە بە بەدەستهێنانی رێژەی 37.81%ـی دەنگەکان، بۆ یەکەم جار لە ماوەی 47 ساڵدا بووە یەکەم پارتی تورکیا.

لە ئاداری 2025ـدا دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، گرژییە سیاسییەکانی نێوان دەسەڵات و سەرکردایەتیی ئۆزەلی گەیاندە لووتکە. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئەو سکاڵایانەی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 38 لە لایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو تۆمار کرابوون، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە لە 21ی ئایاری 2026ـدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکەی دەرکرد و سەرۆکایەتیی ئۆزەل هەڵوەشێنرایەوە، بەوەش بەڕێوەبردنی جەهەپە بە شێوەیەکی کردەیی گەڕایەوە دەست کڵچدارئۆغڵو و تیمەکەی. لە 24ی ئایاریشدا بە داواکاریی پارێزەرانی کڵچدارئۆغڵو، هێزە ئەمنییەکان بارەگای سەرەکیی جەهەپەیان چۆڵ کرد و ئۆزەل بە رێپێوان رووی لە پەرلەمان کرد.

لە حوزەیرانی 2026ـدا، لایەنگرانی ئۆزەل واژۆی 833 نوێنەر و 74 سەرۆکی رێکخستنی پارێزگاکانیان کۆکردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی (دواتر ژمارەی واژۆکان گەیشتە 1004 واژۆ)، بەڵام سەرکردایەتیی نوێی جەهەپە داواکارییەکەی رەتکردەوە و دەستی بە دوورخستنەوەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی نزیک لە ئۆزەل کرد. دوای داخرانی سەرجەم رێگەکانی سازان، ئۆزەل لە 21ی تەممووزی 2026 لە گوتاری ماڵئاواییدا لە پەرلەمان رایگەیاند، دوای 34 ساڵ جەهەپە جێ دەهێڵێت و رەتیکردەوە ببێتە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنێکی کۆنترۆڵکراو.

دوای تێپەڕبوونی تەنیا سێ رۆژ و لە 24ی تەممووزی 2026ـدا، ئۆزەل بە یاوەریی 91 پەرلەمانتاری جیابووەوە لە جەهەپە، بە فەرمی پارتی نوێیان دامەزراند. بەم هەنگاوە پارتە نوێیەکە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان و پێگەی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای گرتە دەست، لە کاتێکدا جەهەپە بۆ پلەی پێنجەمی پەرلەمان دابەزی.