کورتولموش ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت کۆمسیۆنەکە بە بەشداریی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەکان و بە کۆدەنگییەکی پتەو دابمەزرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بناغەیەکی تۆکمە و تەندروست و کۆمەڵایەتی دابین بکات.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پارلمانی تورکیا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی “کۆمیسیۆنی چاودێری” کە بڕیارە لە پەرلەمان دابمەزرێت، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان دەستیپێکردووە. لە چوارچێوەی ئەو دیدارانەدا کورتوڵموش لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە کۆبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10/11/2026، نوعمان کورتولموش سەردانی ناوەندی جەهەپەی لە پەرلەمانی تورکیا کرد. کۆبوونەوەکە نزیکەی 40 خولەکی خایاند و بەڕووی ڕۆژنامەواناندا داخرابوو و تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی سیاسی کرا. بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوون و پێشنیارەکان سەبارەت بە دامەزراندنی “کۆمیسیۆنی چاوەدێری” کە لە چوارچێوەی چالاکییە نوێیە یاساییەکاندا پلانی بۆ داڕێژراوە، ئاڵوگۆڕ کران.
دیدار لەگەڵ ئاک پارتی و دەم پارتی و مەهەپە
ڕاگەیەندراوە کە نوعمان کورتولموش لە ڕۆژانی داهاتوودا درێژە بە سەردانەکانی دەدات و لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆن و نوێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کۆدەبێتەوە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 12ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی کورتولموش لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)ش بەڕێوە بچێت.
کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە لێدوانەکانی پێشوویدا جەختی لەسەر گرنگی دامەزراندنی ئەم کۆمسیۆنە کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت کۆمسیۆنەکە بە بەشداریی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەکان و بە کۆدەنگییەکی پتەو دابمەزرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بناغەیەکی تۆکمە و تەندروست و کۆمەڵایەتی دابین بکات.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسان و نوێنەرانی دەم پارتییش لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەدا داوای خێراترکردنی دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنەیان کردبوو و جەختیان لەوە کردبووەوە کە پێویستە ڕێگری لە چەقبەستوویی و سستبوونی پرۆسەکە بکرێت.