حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ پڕۆسەی ئاشتی و چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەکرێن

حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ پڕۆسەی ئاشتی و چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەکرێن

میدیای تورکیا: کابینەی حکوومەت هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی ناسراو بە “تورکیای بێ تیرۆر” دەکات و خشتەی کاتیی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، لە بەشی ناوخۆ و ئاسایشدا، کابینەی حکوومەت هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی ناسراو بە “تورکیای بێ تیرۆر” دەکات؛ لەو چوارچێوەیەشدا کارەکانی “دەستەی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ چەکدانانی پەکەکە”، چالاکییەکانی “لیژنەی چاودێری لە پەرلەمانی تورکیا” و ئەو قۆناخەی کە خشتەی کاتیی چەکدانانی گرووپە چەکدارییەکانی پێگەیشتووە، بە وردی دەخرێنە بەر باس.

هاوکات لە رووی ئابوورییەوە، دۆخی بژێویی نزیکەی 18 ملیۆن خانەنشین لە تورکیا، کە پێنج ملیۆنیان کەمترین بڕی مووچەی دیاریکراو وەردەگرن، تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە دەبێت. تیمی ئابووریی حکوومەت چەندین بژاردەی وەک زیادکردنی یەکسان، پێدانی پشکی خۆشگوزەرانی و بەرزکردنەوەی مووچە بەپێی تەمەن و ساڵانی خزمەت تاوتوێ دەکات، تاوەکو دوای گفتوگۆکانی بودجە بە شێوەی پڕۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت. لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لە دۆسیەی گەندەڵیی سندووقە داراییەکان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی وەبەرهێنەران هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

لە تەوەرەکانی سیاسەتی دەرەوەشدا، گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەت ئەو پرسانەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی نێوان ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا هاتبوونە ئاراوە، تاوتوێ دەکرێن.

 لەگەڵ ئەوەشدا دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئازەربایجان و نەخشەڕێگای ئامادەکارییەکان بۆ میوانداریکردنی لوتکەی کەشوهەوای جیهانی (COP31) لە شاری ئەنتالیا، بەشێکی دیکە دەبن لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە.