لە مێرسینی تورکیا چەکدارێک 6 کەسی کوشت و 8ـی دیکەشی بریندار کرد

لە مێرسینی تورکیا چەکدارێک 6 کەسی کوشت و 8ـی دیکەشی بریندار کرد

میدیای تورکیا: پیاوێکی تەمەن 37 ساڵە سەرەتا هاوژینی پێشووی خۆی کوشتووە و پاشان دەستی بە تەقەکردن لە خەڵکی دیکە کردووە.

لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللـەی چەکدارێک لە نزیک شاری مێرسین لە باشووری تورکیا، 6 کەس کوژران و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئامارەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە ئاشکرا نەکرد.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ و رۆژنامەی سەباح، گومانلێکراوەکە پیاوێکی تەمەن 37 ساڵە. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا هاوژینی پێشووی خۆی کوشتووە و پاشان دەستی بە تەقەکردن لە خەڵکی دیکە کردووە.

ئاژانسەکانی DHA و IHA بڵاویانکردەوە، چەکدارەکە چووەتە نێو چێشتخانەیەک لە ناوچەی “تارسوس” و خاوەنی چێشتخانەکە و کارمەندێکی کوشتووە. پاشان لە کاتی هەڵاتنیدا، شوانێک و شۆفێری بارهەڵگرێکیشی کوشتووە.

محەمەد هان تۆپاڵ، کارمەندێکی چێشتخانەکە کە قاچی بریندار بووە، دەڵێت: “بەبێ هیچ وشەیەک هاتە ژوورەوە، وامانزانی مۆبایلەکەی دەردێنێت، بەڵام دەمانچەی دەرهێنا و تەقەی کرد.”

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا گەڕانێکی فراوانیان بە هاوکاری کۆپتەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەستپێکردووە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردووش دوو هێرشی چەکداری لەلایەن مێردمنداڵانەوە لە تورکیا ڕوویاندا؛ لە هێرشی یەکەمدا 16 کەس بریندار بوون و لە دووەمیشدا 10 کەس کوژران کە زۆربەیان قوتابی بوون. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ناحکوومییەکان، ملیۆنان پارچە چەکی بێ مۆڵەت لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە تورکیا هەڵگیراون.

Share