کابینەی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان کۆدەبێتەوە؛ پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تاوتوێ دەکرێن

کابینەی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان کۆدەبێتەوە؛ پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تاوتوێ دەکرێن

قۆناخی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکرێ و باس لەو هەنگاوانە دەکرێن کە چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا لەو چوارچێوەیەدا بنرێن.

حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ دووشەممە 18/5/2026، کاتژمێر 16:00 کۆدەبێتەوە. لەم کۆبوونەوە گرینگەدا، قۆناخەکانی پرۆسەی ئاشتی کە تورکیا بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئابووری لەو بابەتانە دەبن کە بە وردی تاوتوێ دەکرێن.

 کۆبوونەوەکە لە ئەنقەرە دەکرێت و بڕیارە مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرسی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بێت کە هێشتا ناسکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە.

 ئەوەی کە پەیوەندی بە دۆخی نێوخۆوە هەیە، دوایین قۆناخی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکرێ و باس لەو هەنگاوانە دەکرێن کە چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا لەو چوارچێوەیەدا بنرێن. دوای راپۆرتی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، پێشبینییەکان سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دەکرێ لە پەرلەمان بنرێن، پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێ.

 هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین کاریگەرییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز لەسەر ئابووریی تورکیا. داتا و زانیارییەکانی ئێستای سیاسەتی هەمەجۆرکردنی بواری وزە دەخرێنە بەرباس.

 پرسەکانی پەیوەندیدار بە جەژنی قوربانیش لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێن. ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانی چاودێریی بازاڕی چڕکردووەتەوە. هەروەها، تیشک دەخرێتە سەر رێوشوێنە ئەمنییەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و گواستنەوە لە پشووی جەژندا.

Share