کێشەی “متمانە” لە پرۆسەی چارەسەریدا؛ بۆچوونە جیاوازەکانی کورتولموش و گەرگەرلیۆغڵو

کێشەی “متمانە” لە پرۆسەی چارەسەریدا؛ بۆچوونە جیاوازەکانی کورتولموش و گەرگەرلیۆغڵو

“لە ئێستادا هەردوو لایەن (حکومەت و پەکەکە) خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی بەدوور دەگرن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە”.

مشتومڕەکانی “پرۆسەی چارەسەری” و ئایندەی پرسی کورد لە تورکیا بە لێدوانی دژبەیەک لە کاربەدەستانی دەوڵەت و نوێنەرانی “دەم پارتی”یەوە بەردەوامە. نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و عومەر فاروق گەرگەرلیۆغڵو پەرلەمانتاری دەم پارتی لە کۆجاعەلی، بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە شێواز و هەڵگرتنی هەنگاوی نوێ دەربڕی. هەرچەندە هەردوولا لەسەر گرنگی درێژەدان بە پرۆسەکە هاوڕاش بن، بەڵام لەسەر مەرجەکانی دەستپێکردنی پرۆسەکە ناکۆکن.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەرنجی خستە سەر بەرپرسیارێتی پەکەکە و ڕایگەیاند، هۆکاری شکستی هەوڵەکانی ڕابردوو، جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی چەکدانان بووە. کورتوڵموش ڕایگەیاند کە ئەگەر پەکەکە لە کاتی خۆیدا چەکی دانابا، تا ئێستا پرۆسەکە گەیشتبووە ئەنجامێکی سەرکەوتوو. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە پەکەکە کرد بەبێ مەرج چەک دابنێت بۆ ئەوەی ڕێگە لەبەردەم سیاسەتی دیموکراتیک لەژێر چاودێریی پەرلەماندا، خۆش بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا، کورتوڵموش ئاماژەی بە پەنجا ساڵی ڕابردووی پێکدادانەکان کرد و ڕایگەیاند کە لەژێر سەرپەرشتیی پەرلەماندا، کۆمیسیۆنێک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان، نەخشەڕێگایەکی داڕشتووە. سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، جگە لە چەک داماڵین، هیچ ڕێگایەکی تر بۆ زاڵبوونی برایەتی و دیموکراتیزاسیۆن لە ناوچەکەدا نییە، بەتایبەت لە ئێران و سووریا و ئەم هەنگاوەش بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچەکە زەروورەتە.

لە لایەکی دیکەوە عومەر فاروق گەرگەرلیۆغڵو پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆچوونێکی جیاوازی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە گەورەترین کێشەی نێوان لایەنەکان پرسی “متمانە و گەرەنتی یاسایی”یە. گەرگەرلیۆغڵو ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە پڕۆسەکە بەتەواوەتیش نەوەستابێت، بەڵام لە ئێستادا هەردوو لایەن (حکومەت و پەکەکە) خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی و جددی بەدوور دەگرن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.

گەرگەرلیۆغڵو جەختی لە پاراستنی ستراتژیکی لایەنەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە دەوڵەت داوای دەستبەجێ چەکدانان دەکات، لە کاتێکدا پەکەکە بە هۆی نەبوونی ئاسایش داوای بەستێنی یاسایی دەکات. گەرگەرلیۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت، پەکەکە پێویستی بە گۆڕانکاری یاسایی و گەرەنتی یاسایی هەیە تاوەکوو دۆخی چەکدارەکانی لە چوارچێوەی یاساییدا مسۆگەر بکرێت. بەگوێرەی لێدوانەکەی گەرگەریلۆغڵو، ئەو حزبەی دەسەڵاتی هەیە حکومەتە و وەک هەمیشە دەبێت لەڕێگەی گۆڕانکاری یاساییەوە ئیرادەی سیاسی خۆی نیشان بدات.

Share