ڕێژیمی ئێران دوو گیراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدا

ڕێژیمی ئێران دوو گیراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدا

سزای سێدارەی ڕامین زەلە و کەریم مەعرووف‌پوور دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، لە نەغەدە بە نهێنی جێبەجێکرا.

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زەلە و کەریم مەعرووف‌پوور هەر دوو خەڵکی شاری “نەغەدە”ی سەر بە پارێزگای ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 20/5/2026، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زەلە و کەریم مەعرووف‌پوور، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان یان مافی ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کراوە.

هاوكات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکە، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی ئێران (ئاژانسی هەواڵی میزان) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردەوە و تۆمەتەکانی ئەوانی بە «ئەندامەتی لە گرووپە جیایی خوازەکان” کە مەبەستی (حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ڕاگەیاندووە؛ تۆمەتگەلێکی دووبارەبووەوە کە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجەدا، دەیخاتە پاڵ چالاکانی سیاسی بەتایبەت لە کوردستان.

پێشینەی دۆسیە و ڕەوتی دادگاییکردنی ڕامین زلە

ڕامین زەلە، خەڵکی شاری نەغەدە، لە ڕێکەوتی 22ی جولا‌یی 2024 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی 507 ڕۆژ دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنی، دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سیامی» بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

دانیشتنی دادگاییکردنی ڕامین زەلە دوای چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا، بە شێوازێکی تەواو ناڕوون و لە نەبوونی پارێزەری دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە چوو و سزای سێدارەکەی لە پاییزی ساڵی ڕابردوو بە فەرمی لە ناو بەندیخانەدا پێ ڕاگەیەندرا بوو.

پێشینەی دۆسیەی کەریم مەعرووف‌پوور

کەریم مەعرووف‌پوور، تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی نەغەدە، پێشتر لە ڕێکەوتی 23ی مارسی 2021دا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرا. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، کەریم مەعرووف‌پوور لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی دراوەتە بەر لێدان و کوتان.

ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کۆردستانی ئێران دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە دۆخی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا و بێ پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرابوو، تا سەرەنجام لە ڕەوتێکی دادگاییکردنی نادادپەروەرانەدا هاوڕێ لەگەڵ  ڕامین زەلە لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە  بە تۆمەتی بەغی لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

Share