ئەو پێگەیەی کەوا باخچەلی بۆ ئۆجەلانی پێشنیارکردوە؛ چۆناوچۆن خزمەت بە تورکیا دەکات؟

ئەو پێگەیەی کەوا باخچەلی بۆ ئۆجەلانی پێشنیارکردوە؛ چۆناوچۆن خزمەت بە تورکیا دەکات؟

پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ دەرکردنی یاسای گەڕانەوەی گەریلا دەکات و دەگوترێ ماوەی یەک بۆ دوو مانگ بە گەریلاکان دەدرێت کە چەک دابنێن و بگەڕێنەوە تورکیا.

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، بە فەرمی پێشنیاری کردووە کە پۆستێک لە ژێر ناوی “ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و تێکەڵبوونی سیاسی”دا بە ئۆجەلان بدرێت. ئامانج لەم پێشنیازە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی پەکەکەیە.

ماوەیەکە پرۆسەی ئاشتی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، موراد قەرەیلان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دەوڵەتی بە ڕاگرتنی پرۆسەکە تۆمەتبار کرد، ئاکەپەش جارێکی دیکە مەرجەکانی دەرکردنی ڕێسای یاسایی بە چەکدانانی تەواوەتیەوە بەستەوە.

دەوڵەت باخچەلی چەند ڕۆژ پێش گوتبووی: “با عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببێتە ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و تێکەڵبوونی سیاسی”.

ئامانجی پێشنیازەکەی باخچەلی ئەوە بوو کە ئۆجەلان لە شوێنەکەی خۆیەوە لە ئیمرالی، بە پاڵپشتی لۆجستی و چاودێری دەوڵەتی تورکیاوە، پەیوەندی بە سەرکردەکانی پەکەکە لە عێراق و سووریادا بکات، ، بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ بکەن. باخچەلی ڕایگەیاندبوو کە ئەم پێگەیە تەنیا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بووە و پێگەیەکی سیاسی نەبووە بۆ ئۆجەلان کە نوێنەرایەتی کورد بکات.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ دەرکردنی یاسای گەڕانەوەی گەریلا دەکات و ئەو ئامادەکارییانە خەریکە لە کۆتایی نزیک دەبنەوە. لەم یاسایەدا ماوەیەکی کورت (یەک بۆ دوو مانگ) بە گەریلاکان دەدات بۆ ئەوەی کە چەک دابنێن و بگەڕێنەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی کە تورکیا بە پرۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” ناوی دەبات، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕاپۆرتی دامودەزگا ئەمنییەکان سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە بخرێتە بەردەم حکومەت و دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتە هەنگاوی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا بگیرێتەبەر.

سەرچاوەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، ئەو ئیدیعایانە ڕەتدەکەنەوە کە دەڵێن “پرۆسەکە خاو بووەتەوە” و جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارەکان بەردەوامن. بەپێی زانیارییەکان، دوای ئامادەبوونی ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەکان، پەرلەمانی تورکیا و دامودەزگاکانی دەوڵەت دەست بە هەنگاوی یاسایی و ئیداری دەکەن. بەرپرسانی ئاک پارتی ئاماژە بە دەرکردنی یاسای نوێ دەکەن بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی چەک دادەنێن بە ڕێگەی سیاسی و یاسایی لەژێر چاودێری پەرلەماندا دیاری بکرێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆیدا (کە لە نێوان 5ـ7ی ئایاری 2025دا بەسترا) بە فەرمی ڕایگەیاند کە کۆتایی بە شەڕی چەکداری هێناوە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

هەروەها لە رێکەوتی 9ی تەمموزی 2025دا، دوابەدوای پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان، بە بەشداری 30 گەریلای پەکەکە، مەراسیمێک بەڕێوەچوو کە لەو مەراسیمەدا، دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانان، 30 چەک سووتێنران.

Share