زۆربەی خەڵکی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتی بێهیوا بوون

زۆربەی خەڵکی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا بێهیوا بوون

لایەنە کوردییەکان حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە دەرکردنی یاساکان سست بووە، ئەنقەرەش داوا دەکات کە دەبێ بەر لەهەر شتێک پەکەکە چەکەکانی دابنێت.

ڕاپرسییەکی نوێ ئاشکرایکردووە، متمانەی گشتی بە پرۆسەی ئاشتی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی تورکیا لە گەیشتنی پرۆسەکە بە دەرئەنجامێکی ئەرێنی، بێهیوا بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “Yeni Özgür Politika” ڕاپرسییەکی نوێ لە تورکیا دەریدەخات متمانەی گشتی بە پرۆسەی نوێی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. ڕاپرسییەکە کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی “SAMER”ـەوە ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە تەنها 21.8%ی بەشداربووان پێیان وایە ئەم پرۆسەیە بە دەرئەنجامێکی ئەرێنی کۆتایی دێت. لەکاتێکدا نزیکەی نیوەی دانیشتووان بە تەواوی بێهیوا بوون و هیچ باوەڕێکیان بەم دەستپێشخەرییە نییە.

لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە زۆرینەی بەشداربووان (40.7%) حکومەت بە بەرپرسیاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەزانن، بەڵام زیاتر لە نیوەیان دەڵێن ئەو لایەنە بەرپرسانە ئەرکەکانیان وەک پێویست جێبەجێ ناکەن.

پڕۆسەی ئاشتی کە لە ئۆکتۆبەری 2024 دەستی پێکرد و لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانەکەی (سەرۆکی مەهەپە)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئێستا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.

لایەنە کوردییەکان حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە دەرکردنی یاساکان سست بووە، ئەنقەرەش داوا دەکات کە دەبێ بەر لەهەر شتێک پەکەکە چەکەکانی دابنێت.

Share