ئاکەپە هەڵسەنگاندن بۆ نەخشەڕێگای نوێی باخچەلی دەربارەی ستاتۆی ئۆجەلان دەکات

ئاکەپە هەڵسەنگاندن بۆ نەخشەڕێگای نوێی باخچەلی دەربارەی ستاتۆی ئۆجەلان دەکات

“دەرئەنجامی پەیوەندییەکانی میت لەگەڵ ئۆجەلان و بەڕێوەبەریی قەندیلدا، قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە دیاری دەکات”.

ئەو نەخشەڕێگایەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە لایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغانەوە ڕاگەیەندرا، کە ئامانج لێی بووژاندنەوەی پرۆسەی ئاشتییە کەوا دەوڵەتی تورک بە “پرۆسەی ئتورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، لە بەرزترین ئاستی پارتی داد و گەشەپیدان، “ئاکەپە”دا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی سێشەممە 19/5/2026، لە لایەن ڕۆژنامەی تورکییەوە بڵاوکراوەتەوە و پشتی بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەواڵگری تورکیا (میت) بەستووە، بەرنامەیەکی نوێ بۆ پرۆسەکە ئامادە دەکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پەیوەندییە گەرمەکانی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکان و ئیمرالی و قەندیل دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی کە بەپەلە پرۆسەکە بگەڕێننەوە سەر دۆخی ئەرێنی.

وەک بەشێک لە پەیوەندییە بەردەوامەکانی میت، چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە نەخشەڕێگایەک و بەرنامەیەکی نوێ سەبارەت بە چۆنیەتی بەردەوامبوونی پرۆسەکە سەرهەڵبدات.

گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ فەرمانگەیەکی تایبەت

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی تورکیا، ڕەنگە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بەپێی ڕێنماییەکانی ئیدارەی سیاسی، بگوازرێتەوە بۆ نووسینگەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە کە لەناو زیندانی ئیمرالیدا دامەزرابێت.

هەروەها دەوترێت ئەو نووسینگەیە پێشوەختە ئامادە کراوە بەڵام ئۆجەلان تا ئێستا نەڕۆیشتووەتە ئەوێ. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر مۆڵەتی سیاسی بدرێت، دەزگا ئەمنییەکان ئەو گواستنەوەیە ئەنجام دەدەن.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە لەو قۆناغەدا دەکرێت ڕێگە بە ئۆجەلان بدرێت کۆبوونەوەی دیکەی پەیوەست بەو پرۆسەکە ئەنجام بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دەسەڵاتداران هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئۆجەلان و ڕێکخراوەکە [پەکەکە] ڕەنگە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خێراتر بکات.

ئاکەپە بە وردی تاوتوێی پێشنیارەکانی باخچەلی دەکات

باخچەلی ڕۆژی دووشەممە میکانیزمێکی نوێی بۆ پرۆسەکە پێشنیار کرد و داوای کرد کە لەژێر ناوی “نووسینگەی کۆردیناسیۆنی پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن”دا، پێگەیەکی سنووردار بە ئۆجەلان بدرێت.

باخچەلی وتی: “پێویستە پێکهاتەیەک بنیات بنرێت کە ئۆجەلان بتوانێت کاریگەریی خۆی بەسەر ڕێکخراوەکەدا بپارێزێت نەک ئەوەی کە تەنها وەک سەرۆکی دامەزرێنەری پەکەکەی هەڵوەشاوە بمێنێتەوە”.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تورکیا، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی ئاکەپە، هێندێ پێشنیارەکانی باخچەلی ـ لەوانەش پێدانی “پێگەی کۆمەڵایەتی” و ڕۆڵی کۆردیناتۆر بە ئۆجەلان ـ وەک دەسپێک گونجاوە بەڵام بە شەرت و مەرجی تایبەتەوە دەرکەوتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سەرکردایەتی ئاکەپە هێشتا دوودڵە لەوەی کە هەنگاوی نوێ هەڵبگرێت پێش ئەوەی چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە پشتڕاست بکرێتەوە. ئاکەپە بە بەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانانی چەک مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ هەر هەنگاوێکی سیاسی یان یاسایی لە داهاتوودا.

ڕاپۆرتی ئیستیخباراتی تورکیا قۆناغی داهاتوو دیاری دەکات

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەنجامی پەیوەندییەکانی میت لەگەڵ ئۆجەلان و بەڕێوەبەریی قەندیلدا، قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە دیاری دەکات.

بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکان میت، چاوەڕوان دەکرێت کە ئاکەپە و دەزگا ئەمنییەکان بەرنامەیەکی گشتگیر ئامادە بکەن.

ئەگەر ڕێکخراوەکە [پەکەکە] بە پێی نەخشەڕێگاکە هەنگاوی زیاتر بنێت، ڕەنگە بتوانرێت گفتوگۆ لەسەر ڕێسا یاساییەکان لەوانەش پێگەی ئۆجەلان، دەست پێبکرێت.

Share