کەسیرە یەڵدرم یەکەم ژنە ئەندامی پەکەکە و ڕاستیی کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دەتوانین ڕاستی ئۆجەلان و تەڤگەرەکەی لە کەسایەتی و پەیوەندیی کەسیرە و ئۆجەلاندا بە ڕوونی ببینین.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان چیرۆکێکی زۆر جوان دەگێڕێتەوە کە تێیدا ڕێبازە ناوازە و ئایدۆلۆژییەکانی خۆی ئاشکرا دەکات؛ باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ ژنان و کێشەی ژنان لە ناو پەکەکە دەکات. نەک تەنها پرسی ژن، لە مێژووی پەکەکەدا ئۆجەلان وەک هێزێکی خوداوەندی و ئیلاهی پێناسە دەکرێت.
لەم چیرۆکەدا ڕۆڵی سەرەکی ئۆجەلان دەیگێڕێت؛ بە تایبەتمەندییە پێغەمبەرایەتی-ئیلاهییە بێ کەموکوڕییەکانی کە هەموو شتێک لە ئەوەوە دەست پێدەکات و هەموو شتێک بە ئەو کۆتایی دێت. لە لایەکی تریشەوە شوێنکەوتوو و دوژمنی هەیە کە دەیانەوێت لە ئۆجەلان تێبگەن. تەواوی مێژووی ژیانی پەکەکە و ئۆجەلان بەم وەسفە ئیلاهییانە شرۆڤە دەکرێت. لەم گێڕانەوەیە کە وەک ڕۆمانێک لە دەوری ئۆجەلان هۆنراوەتەوە، پەکەکە و لقوپۆپەکانی وەک میتۆدێکی مێژوویی وەسف دەکرێت. لە پرسی ژنیشدا گێڕانەوەیەکی مێژوویی هاوشێوە هەیە. بەگوێرەی ئەو چیرۆکەی پەکەکە دەیگێڕێتەوە، کاتێک ئۆجەلان منداڵ بووە، “لە هەمەبەر پرسی ژن و هاوسەرگیری ڕاپەڕیوە، ڕەتیدەکردۆتەوە کە ژن وەکوو موڵکی پیاو ببینێت. بەگوێرەی هەمان چیرۆک ئۆجەلان لە دایکیدا بینیویەتی کە ژنان چەندە ژێردەستەن، دوای ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسیرە (فاتمە) کرد، تێگەیشت کە هاوسەرگیری چەندە پەیوەندییەکی کۆیلایەتییە، دواتر بڕیاریدا پەرە بە ەڤگەری ژنان بدات و ژن ئازاد بکات…”
هەموو ئەو کتێب و بابەت و وتارانەی لەسەر مێژووی ژنان لە پەکەکە نووسراون، لەسەر بنەمای ئەم کورتە چیرۆکە نووسراون. لە ئەنجامی ئەم چیرۆکەدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە: “پێش ئۆجەلان هەموو ژنەکان کۆیلە بوون، ئۆجەلان ژنی ڕزگار کردووە، هیچ سەرکردەیەکی جیهان بە ئەندازەی ئۆجەلان ژنانی ئازاد و سەربەست نەکردووە، ئۆجەلان هەموو دواکەوتوویی جیهانی لە کەسایەتی ژندا لەناوبردووە” و هتد… . پەکەکە و ئۆجەلان چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە، بەڵام ئەو چیرۆکە درۆیە و هەقێقەتەکە شتێکی دیکەیە و زۆر جیاوازە.
ئێمە ئەو هەقێقەتە دەزانین. ئۆجەلان چوار کاریگەری سەرەکیی لەسەر پرسی ژن هەیە. یەکەمیان باری پسیکۆلۆژیکی ئۆجەلان، باری پاتۆلۆژیک و خۆپەرستیی ئۆجەلان. دووەمیان ئەو شتانەیە کە بۆ بەردەوامیی ڕێکخراوەکە پێویستن. سێیەمیان ئەو پڕوپاگەندەیە کە بۆ خەڵک و ڕای گشتی دەکرێت. چوارەم ئەو ئامانجە سەرەکییەیە کەوا پەکەکە دەیهەوێت بەدەستی بهێنێت. بە واتایەکی تر هەموو ڕووداوەکانی ناو پەکەکە لەم چوار گۆشەیەوە هەڵدەسەنگێندرێن و شرۆڤە دەکرێن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە لەم ڕوانگەیەوە سەیری هەڵوێستی ئۆجەلان بەرامبەر بە ژنان بکەین.
سەرەتای ژن لە پەکەکەدا
ژنانی کورد بە پێچەوانەی ژنان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە لە سیاسەت و خەبات و تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی کورددا بەشدار بوون. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، شوێنپێی ژنی کورد لە خەباتی کوردایەتیدا زۆر بەرچاو بووە و بە ئاسانی دەبینرێت.
دیسان لە ساڵانی 1970دا ژنانی کورد ڕوویان لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد کردووە. دۆخی ژنان لە هەر چوار پارچەکەدا بەمشێوەیە بووە. بەتایبەت ئەو ژنانەی کە دەرفەتی فکری و پەروەردەیان هەبوو، یەکسەر لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسییرکانی کوردستاندا دەستیان بە کار و چالاکی کردووە. شێرەژنی کورد لەیلا قاسم کە هێشتا پەکەکە-ئاپۆ لە ناو هیچ قوژبن و بازاڕێکد بوونی نەبووە، وەک ڕەمزی نەتەوەیی، خۆڕاگرییەکی گەورەی نیشان دا و بوو بە ڕەمزی شەرەف و کەرامەت و سەربڵندیی بۆ هەموو کوردان. هەروەها لە زۆرێک لە بزووتنەوە کوردییەکاندا ژن ڕۆڵیان هەبووە.
بۆیە ئەو تیۆرییەی کە ژنی کورد لەگەڵ پەکەکە چووەتە ناو سیاسەت و ئیدیعای ئەوەی کە یەکەمین بزووتنەوەی ژنانی کورد لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە. لە گرووپی یەکەمی پەکەکە ژن نەبووە و یەکەم ژن کە پەیوەندیی بە گرووپی ئەنقەرەی پەکەکەوە کرد، کەسیرە یڵدرم (فاتمە) بوو. پەیوەستبوونی کەسیرەش خۆی لەخۆیدا زۆر سەرنجڕاکێشە. وردەکارییەکانی پەیوەندی کەسیرە لەگەڵ ئۆجەلان لە ڕاستیدا یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی کە لە هەڵوێست و عەقڵیەتی ئۆجەلان بەرامبەر بە ژنان باشتر تێبگەین.
ئۆجەلان و کەسیرە (فاتمە) چۆن بەیەک گەیشتن؟
کەسیرە یڵدرم لە ساڵی 1951دا لە قەرەکۆچان لەدایک بووە، وانەبێژیی خوێندووە و دواتر کاتێک کە لە کۆلێژی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی زانکۆی خازی بوو، لەگەڵ گرووپی یەکەمی پەکەکە ئاشنا دەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا درێژە بە خوێندن دەدات و پێش ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان هاوسەرگیری بکات، خوێندنەکەی تەواو کردووە.
بەگشتی کەسیرە یڵدرم ناسراوە، چونکە باوکی کارمەندی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بووە. بەڵام وردەکاری زۆری لەبارەوە نەدەزانرا هەتا ئەو کاتەی ئوگوور مومجوو ئاشکرای کرد کە عەلی یەڵدرم باوکی کەسیرە کارمەندی چالاکی میت بووە. کاتێک ئوگوور مومجوو ئەمەی ئاشکرا کرد، ئۆجەلان یەکسەر قبووڵی کرد. ئاپۆ دەیزانی کە ئینکارکردنی ئەم ڕاستییە دۆخەکە خراپتر دەکات و گوتی: “من ویستم ئەو لەو سیستەمە ڕزگار بکەم”.
بەڵام عەلی یەڵدرم ساڵی 1981 لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میللەتی تورکیادا دەڵێت: “من کچەکەم تا تەمەنی 18 ساڵی پەروەردە کرد، دوای ئەوە بوو بە کچی دەوڵەت”. ئەگەر کەسیرە کچی دەوڵەتە، چۆن کەوتەدوای ئۆجەلان؟
کەسیرە کاتێک پەکەکەی ناسی کە هێشتا گرووپێکی بچووک بوو و پەیوەندیی بەو گرووپەوە کرد. لێرەدا ئەم پرسیارانە کە “ئایا فاتمە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەوانەی ناو پەکەکە کراوە؟ بۆچی باوکی وتی کچەکەم کچی دەوڵەتە؟” زۆر سەرنجڕاکێشن. بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کاتێک کەسیرە لەگەڵ ئۆجەلاندا زەواجی کرد، خێزانی کەسیرە دەیانزانی بەڵام بەشدارییان لە ئاهەنگەکەیاندا نەکرد. هەروەها ئۆجەلان عەلی حەیدەر قەیتانیش دەنێرێت بۆ ماڵی کەسیرە و دەڵێت: ئێستا خێزانەکە کونجکاون بۆ ئەوەی کە بزانن مێردی کچەکەیان کێیە، بڕۆ و منیان پێ بناسێنە”. بەڵام ئێلی حەیدەر قەیتان، لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی “لە سەر سۆفرا ڕۆژێ”دا دەڵێت: “کاتێک ئەو چووتە ماڵەوە، بنەماڵەی کەسیرە یڵدرم قەدیان بەلاوە گرنیگ نەبووە و نەیانپرسیوە کە کچەکەیان هاوسەرگیری لەگەڵ کێدا دەکات”. لەو کاتەدا واتە ساڵانی 1970دا، کچێکی عەلەوی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی سوننەدا دەکات و ئەم پیاوە سەرۆکی بزووتنەوەیەک بوو، بەڵام بنەماڵەی کچەکە هەرگیز گرنگییان بەوە نەداوە کە کچەکەیان هاوسەرگیری لەگەڵ کێدا دەکات. ئەم هەڵوێستەی بنەماڵەی کەسیرە، ئەو گومانانە زیاتر دەکات کەوا کەسیرە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕەوانەی ناو پەکەکە کرابێت.
لە قسەکانی عەلی حەیدەر قەیتاندا، مرۆڤ دەتوانێت زۆرترین زانیاری لەسەر کەسیرە بدۆزێتەوە. چونکە لە واقیعدا عەلی حەیدەر قەیتان ئەو کەسەیە کە سەرەتا عاشقی کەسیرە بووە و ئەو هێناویەتییە ناو گرووپی پەکەکەوە. بەڵام ئاپۆ کەسیرەی لە دەستی عەلی حەیدەر قەیتان دەرهێنا.
چیرۆکی زەماوەندەکەی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرە بەم شێوەیەیە: “لە ساڵی 1976دا گرووپی سەرەکیی پەکەکە دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ کوردستان و ئۆجەلان وتی دەبێ کەسیرەش بچێت. فاتمە ئەمەی قبووڵ نەکرد و کاتێک دەڵێت ناتوانم بە تەنیا بچمە ئەو ناوچەیە، ئۆجەلان لەبەردەم عەلی حەیدەر قەیتان پێی دەڵێت: “هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی گرووپەکەدا بکە، بەو شێوەیە باشتر دەبێت”. بە کەسیرە دەڵێ بێر لەم پێشنیازە بکاتەوە.
کەسیرە لە گرووپەکەدا پیاوێکی خەڵکی دیلۆک بە ناوی عیسمەت کلیچ دەناسێت و عیسمەت لە هەموو شوێنێک کەسیرە وەک دەزگیرانی خۆی دەناسێنێت. بەڵام لێرەدا شتێکی سەرنجڕاکێش ڕوودەدات؛ هەرچەندە ئۆجەلان دەزانێت کە فاتمە دەزگیرانی عیسمەتە، بەڵام قسەی لەگەڵ دەکات و قەناعەتی پێدەکات. فاتمە لە عیسمەت جیا دەبێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلاندا دەکات. لە ڕاستیدا ئەم پەیوەندیی نیشانەکردن و هاوسەرگیرییەکەی زۆر ئاڵۆزە. چونکە سەرەتا کەسیرە نایهەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات. لەڕاستیدا بەگوێرەی قسەکانی عەلی حەیدەر قەیتان، کەسیرە دەڵێت: “دەتوانم لەگەڵ شوانی ناوچەکەمدا بژیم. بەڵام بەڕاستی ئەستەمە لەگەڵ هەڤاڵ عەبدوڵڵادا بژیم، کولتوری ئێمە زۆر جیاوازە. خاڵی هاوبەشمان زۆر کەمن”. دەیهەوێت نیشانەکردنەکەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆتایی پێ بهێنێت. بەڵام بۆچی دەترسێت؟ ئایا فاتمە کارمەندی دەوڵەت بوو؟ ئایا ئەمە پەیوەندیی بە ناسنامەی باوکیەوە هەبوو؟ ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن.
ئەندامانی پەکەکە دژی پەیوەندی نێوان ئۆجەلان و کەسیرە بوون
لەو کاتەدا گرووپێکی بچووک هەبوو و هێشتا پەکەکە دانەمەزرابوو. ئەو گرووپە کە بریتی بوون لە حەقی قەرار و کەمال پیر دژی پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرە بوون. چونکە هەمووان پێیان وابوو کەسیرە سیخوڕە. هەروەها کەسیرە پێشتر دەزگیرانی عیسمەت بوو. عیسمەت لە هەموو شوێنێک دەیگوت “ئاپۆ ژنەکەمی لێ وەرگرتم” و گروپەکەش لەو هەڵوێستەی ئاپۆ بێزار بوون.
لەکاتێکدا ئەندامانی گرووپەکە بە ئۆجەلانیان وت: ئەگەر فاتمە ناڕازییە و کێشەیەک هەیە، پێویستە نیشانەکردنەکە هەڵبوەشێتەوە. بەڵام ئۆجەلان هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات. بەپێی زانیارییەکانی عەلی حەیدەر قەیتان، ئۆجەلان بەرامبەر بە خواستی گرووپەکە بۆ پچڕاندنی ئەم پەیوەندییە، دووجار کاردانەوەی هەبووە. ئۆجەلان لەسەر ئەو هەڵوێستەی گرووپەکە دەڵێت: “واز لە خەبات دەهێنم؛ ئەگەر ئێوە توانیتان گرووپەکە بەڕێوەببەن، بەڕێوەی ببەن”. بەڵام گرووپەکە هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت و تەسلیمی ئۆجەلان دەبێت. ئۆجەلان هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ کەسیرەدا، بە زۆر بەسەر گرووپەکەدا دەسەپێنێت.
حەقی قەرار دەکوژرێت و ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرەدا هاوسەرگیری دەکات
لە کاتێکدا هەموو ئەمانە ڕوودەدەن، حەقی قەرار لە دیلۆک بوو. قەرار بە تەواوی دژی هاوسەرگیری ئۆجەلان و کەسیرە بوو. تەنانەت دەوترێت کە حەقی قەرار و کەمال پیر وتوویانە: “ئەم ژنە سیخوڕە، با بیکوژین”. هەفتەیەک پێش کوشتنی حەقی قەرار، ئۆجەلان ڕۆیشتۆتە دیلۆک و قەرار بە ناوی خۆی و هاوڕێکانیەوە یاداشتێکی 3 خاڵیی پێشکەش بە ئۆجەلان کردبوو:
1ـ دەبێ هەڤاڵ عەبدوڵڵا [ئۆجەلان] ئەنقەرە بەجێبهێڵێت و بە زووترین کات بگەڕێتەوە کوردستان.
2ـ گەشتکردن لەگەڵ سیخوڕێکی وەک نەجاتی کایا (پیلۆت) قبوڵ ناکرێت، پێویستە دەستبەجێ پیلۆت لە حیزب دەربکرێت.
3ـ قبوڵ ناکرێت کەسیرە و هەڤاڵ عەبدوڵڵا لە ئەنقەرە پێکەوە بژین. بنەماڵەی فاتمە پەیوەندییان بە میتەوە هەیە. لەوانەیە کەسیرە بۆخۆشی کارمەندی MİT بێت. هەروەها پێویستە ڕێگری لەم جۆرە نیقاش و پەیوەندیانە لەگەڵ فاتمەدا بکرێت.
حەقی قەرار گەشتەکەی ئۆجەلان لەگەڵ سیخورەکاندا قبوڵ ناکات و دەیهەوێت لە کەسیرە جیابێتەوە. ئۆجەلان ئەم نۆتە وەردەگرێت و دەڵێ بە زووترین کات دێمە کوردستان و شاری دیلۆک جێدەهێڵێت. حەقی قەرار دوای 10 ڕۆژ لەم دیدارە لەگەڵ ئۆجەلان، واتە لە 18ی ئایاری 1977دا تیرۆر کرا. ڕێک 6 ڕۆژ دوای تیرۆرکردنی حەقی قەرار، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هۆڵی ئاهەنگگێڕانی پارکی گەنچلیکی ئەنقەرە لەگەڵ کەسیرە یڵدرم هاوسەرگیریی کرد.
بابەتێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئۆجەلان کە دەیگوت: “پەکەکەمان بە یادی حەقی قەرار دامەزراند، ئەویش وەک ڕۆحی شاراوەی من وابوو”، بەڵام هەر ئەو ئۆجەلانە کاتێک کە هێشتا تەرمی حەقی قەرار بەخاک نەسپێردرابوو، چووە سەر مێزی مارەبڕین دابنیشێت و ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی گێڕا.
دەبێ چۆن لە مەسەلەی کەسیرە تێبگەین؟
ئۆجەلان هەمیشە دەڵێت “لە کەسایەتی کەسیرەدا لە هەموو ژنان تێگەیشتم و دامەزراوەی بنەماڵەم چارەسەر کرد”، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە. ئێمە دەتوانین ڕاستی ئۆجەلان و تەڤگەرەکەی لە کەسایەتی و پەیوەندیی کەسیرە و ئۆجەلاندا بە ڕوونی ببینین.
یەکەم ژن کە پەیوەندی بە پەکەکەوە کرد کەسیرە بوو، بەڵام ئەو ژنە، دەسپێکی گومان و کێشەکانیش بوو. بۆ ئەوەی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە لە پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەت تێبگات، پێویستە بە باشی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کەسیرە بکۆڵێتەوە. هەروەها کاتێک کە لە پەیوەندیی کەسیرە دەڕوانین، بۆمان دەردەکەویت کە ئۆجەلان دەتوانێت هەموو کەسێک لە پێناو خۆیدا بفرۆشێت. ئەو کەسەی کە بەڕاستی کەسیرەی خۆشدەویست، عەلی حەیدەر قەیتان بوو. ئۆجەلان ئەمەی باش دەزانی، بەڵام هێشتا قەیتانی وەکوو پردێک لە نێوان خۆی و کەسیرەدا بەکارهێنا. لە ساڵی 1997 ئۆجەلان پرسیاری لە عەلی حەیدەر قەیتان کرد: “هێشتا لێم تووڕەیت، لەبەر ئەوەی کە کەسیرەم لێ وەرگرتیت؟” عیسمەت کلیچ دەزگیرانی کەسیرە بوو، ئۆجەلان دایبڕی. لەبەر ئەوەی کە حەقی قەرار دژی هاوسەرگیریی ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرەدا بووە، کوژرا و لەکاتێکدا کە تەرمەکەی هێشتا لەسەر زەوی بوو، ئۆجەلان و کەسیرە بە جلوبەرگی بووک و زاوا ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیان گێڕا. ئەم دۆخە ڕووی ڕاستەقینەی ئۆجەلان ئاشکرا دەکات.
وەک دەبینرێت پەیوەندی نێوان کەسیرە وەک یەکەمین ژنی پەکەکە لەگەڵ ئۆجەلاندا، لە یاسای کۆمەڵایەتی و یاسای جەماوەری و یاسای شۆڕشگێڕیدا هیچ جێگایەکی نییە. ئەم پەیوەندییە ناشەرعیە ڕێگەی بۆ تاکڕەوی ئۆجەلان خۆشکرد هەتا ببێتە کەسی یەکەم و کۆتا کەس لە نێویاندا. کەسیرە دە ساڵ بەبێ پچڕان هەوڵیدا ئەو پیاوەی کە هاوسەرگیریی لەگەڵدا کردبوو، بکات بە سەرۆکی پەکەکە. بەڵام دوای ئەوەی ژمارەی ژنەکان زیادیان کرد، کەسیرەش بە جۆرێک لە جۆرەکان پەراوێز خرا.