گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق بڕیاریدا چەکەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات

عەسائیب ئەهلی حەق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەپچڕێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند کە بەنیازە چەک رادەستی دەوڵەت بکات و بچێتە ژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەهلی حەق لە راگەیاندراوێکدا بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە داهاتووی هێزە چەکدارەکانی و شێوازی پەیوەندییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ داواکارییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و لەژێر رۆشنایی هەڵوێستی نیشتمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها جێبەجێکردنێکی لێدوانەکانی پێشووی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکە، سەرکردایەتی عەسائیب بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان و پچڕاندنی پەیوەندیی پێکهاتە چەکدارییەکانی بە حەشدی شەعبییەوە و سنووردارکردنی چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گرووپەکە بڕیاری داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتی حاجی جەواد تڵێباوی و ئەندامێتی رافد ساڵح عەلی، عەبدوڵڵا شاکر کامل و عەلی هەمزە کازم.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم لێژنەیە راسپێردراوە بە راپەڕاندنی سەرجەم رێکار و پێداویستییە تایبەتەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
1ـ سەرژمێریکردن و ئامادەکردنی لیستی ناوی سەرجەم چەکدارەکان.
2ـ سەرژمێریکردنی چەک، کەرەستە و پێداویستییە لۆجستییەکان.
3ـ ڕێکخستنی پرۆسەی بەستنەوەی ئەم هێزانە بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە شێوازێک کە لەگەڵ یاسا و پێداویستییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتدا بگونجێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، گرووپی چەکداریی “ئەسحابولکەهف” لە راگەیاندراوێکدا، داواکارییە سیاسییەکانی بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان رەتکردەوە و ئەو قسانەشی کە دەگوترێت مەرجەعیەتی باڵای ئایینی پاڵپشتی ئەم بڕیارە دەکات، بە گوتەیەکی باتڵ وەسفی کرد.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە عێراق وەکوو دەسپێکی قۆناخێکی نوێی سنووردارکردنی چەکەکەان لەژێر دەستی دەوڵەت دادەنرێت کە دەتوانێ کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئارامیی سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتە دابنێت.