چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کچێکی 14 ساڵانیان لە گوندێکی عەفرین ڕفاند

چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کچێکی 14 ساڵانیان لە گوندێکی عەفرین ڕفاند

بنەماڵەی “حەیات خەلیل وەلۆ” و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، داواکارن کە حەیات دەستبەجێ ئازاد بکرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئامێزی بنەماڵەکەی.

لە گوندی “باسووتێ”ی سەر بە هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان منداڵێکی تەمەن 14 ساڵان بە ناوی “حەیات خەلیل وەلۆ”، لەلایەن تاقمی چەتەئاسای بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە ڕفێندرا و گواستراوەتەوە بۆ قامیشلۆ.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند گرووپێکی 5 کەسیی دموچاو داپۆشراو سەر بە “جوانێن شۆرەشگەر”، ئێوارەی 4ی حوزەیرانی 2026 هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی باسووتێ و منداڵێکی تەمەن 14 ساڵانیان بە ناوی “حەیات خەلیل وەلۆ” ڕفاندووە و بەرەو شاری قامیشلۆیان بردووە.

دوای ڕوودانی ڕفاندنەکە، بەرپرسانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوەی بەربڵاو کردووە بۆ ئەوەی کە شوێنی منداڵەکە بدۆزنەوە و ڕادەستی بنەمالەکەی بکەنەوە.

بەپێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین، ئەو ڕووداوە لەچوارچێوەی پێشێل کردنی بەردەوامی مافەکانی منداڵانی کورد لە ڕۆحژئاوای کوردستان دادەنرێت. ڕێکخراوەکە هاکات داوای لە هاووڵاتیان کردووە کە لەهەمبەر جووڵە و چالاکیی ئەو تاقمانەی کە منداڵان دەڕفێنن، وشیار بن.

بنەماڵەی “حەیات خەلیل وەلۆ” و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، داواکارن کە حەیات دەستبەجێ ئازاد بکرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئامێزی بنەماڵەکەی.

تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” کە سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر و هەسەدەیە، بەوە تاوانبار دەکرێت کە لاوان و منداڵان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستان دەڕفێنێت بۆ ئەوەی چەکداریان بکات.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵانی ژێر تەمەن 18 ساڵ تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.

Share