خەڵکی 13 گوندی زاخۆ دوای 10 ساڵ دەگەڕێنەوە سەر زەوی و کێڵگەکانیان

ئەم بڕیارە وەک دەرفەتێک بۆ خەڵکی گوندەکان سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە کارە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانیان دەستپێبکەنەوە.
دوای وەستانی شەڕی پەکەکە و تورکیا و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ خەڵکی 13 گوندی سەر سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ، دوای نزیکەی 10 ساڵ، گەڕانەوە سەر گوند و کێڵگەکانیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو 13 گوندە بگەڕێنەوە سەر زەوی و کێڵگە و زیدی باوباپیرانی خۆیان. ئەم بڕیارە وەک دەرفەتێک بۆ خەڵکی گوندەکان سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە کارە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانیان دەستپێبکەنەوە.
جەوهەر محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار، بە کەناڵی کوردستان24ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ی سەرلەبەیانی گوندنشینان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ سەر زەوی و ڕەز و باخەکانیان. جەوهەر محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، لەم قۆناغەدا خەڵکی گوندەکە دەتوانن تا کاتژمێر 18:00ی ئێوارە لە گوندەکانیان بمێننەوە.
جەوهەر محەممەد هەروەها ڕایگەیاند، بەم نزیکانە بەرپرسانی پەیوەندیدار سەردانی ئەو گوندانە دەکەن بۆ ئەوەی کەموکووڕی و پێداویستییەکانیان وەک ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا دەستنیشان بکەن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو گوندانە دەستپێبکەن.
بەڕێوەبەری ناحیەکە هۆشدارییەکی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان ڕاگەیاند و داوای کرد کە هیچکەسێک دەستکاری ئەو مین و تەقەمەنیانە نەکات کە لە ناوچەکە بەجێماون. هەروەها داوای لە خەڵکی گوندەکان کرد، ئەگەر هەر شتێکی گوماناوییان بینی، دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ژێدەر: K24