هەولێر و بەغدا لەسەر پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێککەوتن

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: پێویستە هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهێزتر بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیاندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، “سوپاسالاری عێراق، کورتەیەکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵە بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و بە تایبەتی نەهێشتن و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەئامانجگرتنیان” .
وەک ئەوەی لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە “سەرۆکی حکوومەت، سوپاس و پێزانینی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەدواداچوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دڵنیاییدانی بۆ پاراستن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هەموو پشتیوانییەکی لەمبارەیەوە نیشان دا”.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە “گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە”.