دەم پارتی داوای دەرکردنی “یاسای چوارچێوە” بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات

دەم پارتی داوای دەرکردنی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات

دەم پارتی و شاندی ئیمرالی هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی “یاسای چوارچێوە” پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان پەسند بکرێت.

شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە مەبەستی دەرکردنی “یاسای چوارچێوە” سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی پێش داخرانی پەرلەمانی تورکیا، دەستی بە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، دوای ئەوەی “کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمان” کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرابوو، لە مانگی شوباتدا کارەکانی تەواو کرد و لە راپۆرتێکی هاوبەشدا پێشنیاری دەرکردنی “یاسای چوارچێوە” کرا، ئێستا دەم پارتی و شاندی ئیمرالی هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان پەسند بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، شاندی ئیمرالی کە لە پەروین بوڵدان و میتات سانجار، پەرلەمانتارانی دەم پارتی پێکهاتبوون، لەگەڵ نعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، شاندەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد “بۆچوون و پاساوەکانمان لەبارەی پێویستیی دەرکردنی یاسای چوارچێوە پێش داخرانی پەرلەمان و چاوەڕوانییەکانمان لەو بارەیەوە، گەیاندە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.”

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شاندی ئیمرالی لەسەر هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و بۆ هەمان مەبەست سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا دەکات.

Share