پەرلەمانی تورکیا بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە وەرزی یاسادانانی درێژ کردەوە

دوێنێ شاندی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە.
پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی نادیار کارەکانی خولی یاسادانان درێژ بکاتەوە و لە 1ـی تەمموزدا نەچێتە پشووی ساڵانەوە، هاوکات لایەنی کوردی گوشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان پێش پشووی هاوینە، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی دابڕێژێت.
بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی خولی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە کە پاڵپشت بە ماددەی 93ـی دەستوور و ماددەی 5ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرکراوە، پەرلەمانی تورکیا کە بڕیار بوو لە 1ـی تەمموزی 2026ـدا بچێتە پشووی ساڵانە، کارەکانی بەردەوام دەبێت. ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی ژمارە 102ـی کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمان لە 16ـی حوزەیراندا پەسەند کراوە.
کۆبوونەو لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا
هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، لایەنی کوردی داوا دەکات ئەم دەرفەتە بۆ نانەوەی هەنگاوی کردەیی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بقۆزرێتەوە. نوێنەرانی لایەنی کوردی جەخت دەکەنەوە کە پێویستە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، بناغەیەکی یاسایی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دابڕێژرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، دوێنێ شاندی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکە بە وردی باسیان لە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە “هەنگاوی یاسایی” بنرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی ببێتە خاوەن چوارچێوەیەکی فەرمی و رێگری لە پەککەوتنی بگیرێت.