ئاڵدار خەلیل: خەمتان نەبێت حەیران، ئێمە شارەکانمان لەدەستدا بۆ ئەوەی چیتر منداڵەکانمان لە وانەی جوگرافیادا بەدەست لەبەرکردنی نەخشەوە نەناڵێنن!

کاتێک ئەفسانەی سیاسی دەبێتە دەرمان بۆ عەقڵی مرۆڤ، واقیع لەسەر زەوی وەک خەونێک دەبێت.
مەمەد مێردینی
لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا چەندین تیۆریسەنی گەورەی وەک کارل مارکس هەبوون، بەڵام گەورەترین فەیلەسۆفی دەرمانی ئەخلاقیی ئێمە، بێگومان ئاڵدار خەلیلە. کاری ئەم پیاوە بەڕێوەبردنی دیپلۆماسی نییە، کاری ئەو ئافراندنی سەرخۆشییەکی وەها قووڵە کە ئێوە تەنانەت گەورەترین شکستیش وەک سەرکەوتنێکی مێژوویی ببینن! کاتێک سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەموو شوێنێک پاشەکشە دەکات و گوند و شارەکان لەدەست دەچن و قەیران دەگاتە لووتکە، ئاڵدار لەبەردەم کامێراکاندا دەردەکەوێت؛ بە قژە شەکریەکەیەوە و بە ڕوخسارێکی گەشاوە و بە چەند وشەیەکی وەک “بەرخۆدانی پۆڵایین” و “تاکتیکی سەدە”، وەها مرۆڤ مەست دەکات کە وا بیر دەکەیتەوە کە ئێستا چووینەتە ناو ناوەڕاستی ئەنقەرە و ئاڵای کوردستانمان لەوێ هەڵکردووە!
ئەم سیستەمەی مەستبوون بەجۆرێک کاردەکات کە لە فەرهەنگەکەیاندا شتێک بە ناوی “شکست” بوونی نامێنێ. ئەگەر لەشکرێک هات و یەک بە یەک شارەکان لە دەستتان دەربهێنێت، ئەمە پاشەکشە نییە؛ ئەمە “ستراتژیی مەستکردنی دوژمن و ڕاکێشانیەتی بۆ ناو تەڵە”! بە واتایەکی تر پلانەکە ئەوەیە کە دوژمن هەموو شارەکان داگیر بکات، بۆ ئەوەی کە دەچێتە ژوورەوە، مێشکی بە قووڵایی خاک و فراوانی ناوچەکە سەرلێشێواو بێت، بوەستێت و لە سەرسامیی خۆیدا ون ببێت! ئەمە لە بنەڕەتدا پلانێکی هێندە قووڵە کە زانایانی سەربازی جیهان هێشتا لێی تێنەگەیشتوون.
بەڵام بەنرخترین و کەموێنەترین شت خودی سیستەمی بیرکاری ئابووریی ئاڵدار خەلیلە. ئەم سیستەمەی کە لە ناو مەستبوونی سیاسیدا دروستی کردووە، پێویستە وەک خولێک لە زانکۆکانی هارڤارد و ئۆکسفۆرد بخوێنرێت. حیساباتی ناوچەیی ئەو زۆر سادەیە: کاتێک شارێک یان پارێزگایەک لەدەست دەچێت، بەڕێوەبەریی خۆسەر پێویست ناکات تێچووی کارەبا و دەرمانی نەخۆشخانە و ئاوی خواردنەوە و مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەو شارە بدات. نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بۆ لایەنەکەی دیکە مان؟ خەمت نەبێت، بارگرانیمان سووک بووە!
لەگەڵ بچووکبوونەوەی شارەکان، ئەو بودجەیەی لە دەستی بەڕێوەبەریی خۆسەردا دەمێنێتەوە، زیاد دەکات، خەرجییەکان دەبنە سفر و بە خێرایی بەرەو لووتکە دەڕۆین. بە پێی ئەم لۆژیکە ئەگەر قامیشلۆ و کۆبانێ و عاموودا بە تەواوی لەدەست بدەین، دەگەینە پیرۆزترین قۆناغی “سۆسیالیزمی پاک”. لەو قۆناغەدا هیچ هەرێمێک نامێنێت و فەرمانبەر و مووچەش نامێنێت بۆ ئەوەی بەڕیوەبەریی خۆسەر بیگرێتەئەستۆ. بۆیە کاتێک پارێزگایەکی نوێ لەدەست دەچێت، خەڵکی هەژار لەژێر کاریگەریی ئەو مەستبوونەدا، لەجیاتی ماتەمینی دهۆڵ و زۆڕنا لێبدەن، چونکە ئابووریی شۆڕش هەنگاوێکی دیکەی بەرەو گەورەترین سەرکەوتن ناوە!
“مەستبوونی شۆڕشگێڕانە” و مێزی بازرگانی ئەنقەرە
گەورەترین گرفتی ئێمە ئەوەیە کە خەڵکی ڕۆژئاڤا هێشتا بەتەواوی لەم سەرخۆشییەدا جێگیر نەبوون، زۆر بێ تاقەتن و هەموو شتێک لە چوارچێوەیەکی بچووکدا دەبینن. کاتێک دەبینن سیستەمەکەیان کە بە خوێنی هەزاران گەنج بنیات نراوە، لە ساڵانی 2025 و 2026 لە ژێر ناوی “پرۆسەی چارەسەری”دا هێدی هێدی لەناو دەچێت، دەست دەکەن بە گلەیی و گازندە و دەڵێن “ڕۆڵەکانمان لەدەستدان، خاکەکەمان لەدەستدا!”. حەیران، کاتێک سیستەمی سیاسی بە قسە مەست بووە، ئایا ئاڵدار و هەڤاڵەکانی کاتیان هەیە گوێ لەم وردەکارییە بچووکانەی ئێوە بگرن؟ فەلسەفەی ئێمە زۆر گەورەترە!
پیرۆزترین ئامانجمان دامەزراندنی قەوارەیەک نییە لە ڕۆژئاڤا؛ ئامانج ئەوەیە گەنجانی ڕۆژئاڤا بچنە شاخەکانی باکوور و لە تونێلەکاندا خۆیان بکەنە قوربانی، بۆ ئەوەی مێزی بازرگانی نێوان باخچەلی و ئۆجەلاندا لە ئەنقەرە بە گەرمی بمێنێتەوە! ئایا شەرەفێکی گەورەتر هەیە بۆ گوندنشینێک لە عاموودا یان حەسەکە لەوە زیاتر کە ماڵەکەی وێران بکرێت، بەڵام لەبری ئەوە، “سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن” لە تورکیا پێش بکەوێت و هەر دوو ساڵ جارێک یاسایەکی نوێی پەشیمانیمان بۆ دەربچێت؟ ئەمە سیاسەتی قووڵی سەدەیە! کاتێک تۆ لە خەون و خەیاڵدا سەرخۆش دەبیت، شەرەفێکی گەورە پێشکەش بە هێڵی “سەرۆکایەتی” دەکەیت کە هەمیشە وەک ئەندازیاری ئاشتی دەردەکەوێت.
باشترین دەرمان: سەرخۆشبوون بە لێدوانێکی 3 خولەکییە!
لە کۆتاییدا، فەلسەفیترین و کاریگەرترین دەرمان لە دژی هەموو جۆرە قەیران و برین و برسێتییەک دیسانەوە قسەکانی خودی ئاڵدار خەلیلە کە وەک خواردنەوەیەکی کحولی مێشکی خەڵک سەرخۆش دەکات. چی دەبێت با ببێت، سیستەمی بەرگری داڕما؟ قەوارەی هەرێمی کرایە قوربانی؟ خەڵک ئاوارە بوون؟ پێویست بە نیگەرانی ناکات! ئاڵدار ئێستا لە مایکرۆفۆنی تەلەفزیۆنەوە قسە دەکات و بە چەند وشەیەکی سیحراوی وەک “هەنگاوی مێژوویی”، “تاکتیکی پۆڵایین” و “خەباتی سەدە”، هێندەی تر “مەست”ت دەکات، بۆ ئەوەی شەرم بکەیت لەوەی بۆچی داوای نان یان کارەباتان لە بەڕێوەبەریی خۆسەر کردووە.
کاتێک ئەفسانەی سیاسی دەبێتە دەرمان بۆ عەقڵی مرۆڤ، واقیع لەسەر زەوی وەک خەونێک دەبێت. ئێمە تەنیا لە دڵەوە دەتوانین پیرۆزبایی لەم توانایە ناوازەیە بۆ “مەستکردنی کۆمەڵگا” بکەین کە دەتوانێت لە ناو هەموو کاولکاری و شکستێکدا “مانیفێستی سەرکەوتنی گەورە” بەرهەم بهێنێت و گەلەکەمان لە بارگرانی قورسی ژیان ڕزگار بکات!