خەڵکی ڕۆژئاڤا لەئێستادا باجی ئیستغلالکردنی دارایی پەکەکە دەدەن

کرداری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاڤا لە بنەڕەتدا پراکتیکێکە کەوا لەلایەن پەکەکە بۆخۆیەوە جێبەجێی دەکرێت، نەک سیستەمێک کە عایدی گەلی ڕۆژئاڤا بێت.
بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی ڕێژەی هەژاری و نرخی سووتەمەنی و کارەبا لە ڕۆژئاڤای کوردستان، ناڕەزایی بەربڵاوی کی لێکەوتۆتەوە. پچڕانی کارەبا، نەبوونی خزمەتگوزاری، خراپی بواری تەندروستی، نەبوونی ژێرخانی پێویست، بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، لە ڕۆژئاڤا فەوزا دەخوڵقێنن. زیادبوونی ئەم دواییەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، داوای پێداچوونەوە بەو سیاسەتانە دەکات کە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراون. بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا هۆکاری ئەم دۆخە بۆ “پێکدادانە بەردەوامەکان”دەگەڕێنێتەوە.
لەوانەیە ئەم بیانووە بۆ ناوچەکانی وەک عەفرین، سەرێ کانیێ و گرێ سپی ڕاست بێت، بەڵام شارەکانی وەک قامیشلۆ، تربەسیی، حەسەکە، دێرک و عاموودا، جگە لە هێرشەکانی نوسڕە لە ساڵی 2012، ڕاستەوخۆ کاریگەریی شەڕی چەکدارییان لەسەر نەبووە، هەروەها ئیدیعای ئەوەش دەکرێ کە هەموو داهاتەکانیان بۆ خەرجییەکانی شەڕ سەرف دەکرێن. ئەمە بارودۆخی گشتی بەتەواوی ڕوون ناکاتەوە، چونکە پێکدادانەکان و خەرجییەکانی هەسەدە لە ساڵی 2014 بەملاوە لە بوودجەی ڕۆژئاڤادا وەرنەدەگیرا، لە دوای ساڵی 2014، هەموو تێچوو ـ خەرجییەکانی هەسەدە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنساوە دابینکراون. هەروەها مووچە و کەرەستە و پێداویستییە لۆجستییەکانی هێزەکانی هەسەدەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دابینکراون. تەنانەت خەرجیی بریندارەکانی ناو هەسەدە و سەرجەم نەشتەرگەرییەکان لە ئەورووپاش، ئەو هێزانە دابینیان کردوون نەک بەڕێوەبەرەیی خۆسەری ڕۆژئاڤا. هەربۆیە باس کردن لە پێکدادانەکان وەک هۆکارێک بۆ ڕاڤەکردنی بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستا بەس نییە.
جگە لەوەش ڕۆژئاڤا تا ساڵی 2026 داهاتێکی پێویست و گرنگی لە دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی چەک و بیرە نەوتییەکان و باجەوە هەبووە. هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوەکان پاڵپشتی پزیشکی و کۆمەڵایەتی و لۆجستیکیشیان بۆ ڕۆژئاڤا ناردووە. ڕێکخراوەکانی وەک مانگی سوور، لقی ئەوروپای پەکەکە، چەندین کۆمپانیای دیکە، هاوکاریی گەورەیان بە ڕۆژئاڤا گەیاندووە. هەروەها ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا ساڵانە لە کەمپەینەکانیان بە دروشمی “پشتیوانیی ڕۆژئاڤا لەلایەن هەموو هاووڵاتیانەوە”، باجیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە و لەم هەڵمەتانەدا داهاتی ملیۆنان یۆرۆیان کۆکردۆتەوە. جگە لەوەش، لە ساڵی 2012 تا 2024، ڕژێمی ئەسەد بە بەردەوامی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ڕۆژئاڤای بەڕێکردووە، هەروەها لە دابینکردنی ئارد بۆ نانەواخانەکان و دابەشکردنی پێداویستییەکانی خۆراک بە ناوی “تەمون” بەردەوام بووە. بە کورتی، خەرجییەکانی ڕۆژئاڤا هەمیشە لەلایەن هێزەکانی دیکەوە دابین کراوە، بەڵام داهاتەکەی بۆ بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بووە. ئێستا بە سروشتی پرسیارەکانی وەک “ئەم داهاتە بۆ کوێ چووە؟ ئێستا داهاتی کۆکراوە لە کوێیە؟” لە ڕۆژەڤدان.
لەمیانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤادا، ئەو قسانەی شۆفێرێکی تاکسی کە گوتی: “تۆ وتت ئێمە دەتگۆڕین بۆ سویسرا، سیستەمی کانتۆن دەمانکاتە ئازادترین و دەوڵەمەندترین شوێنی جیهان، بەڵام عەقڵیەتی ئێوە ڕۆژئاڤای کردووە بە سۆماڵ”، ڕاستییەک ئاشکرا دەکات. دەکرێ بڵێین کە ویتەوتی ئایدیۆلۆژی لە ڕۆژئاڤا ـ وەک کانتۆنەکان، خۆسەری دیموکراتیک، سیستەمی نادەوڵەتی و سیستەمی کۆمۆنیستی ـ خەڵکی لە پێشوو هەژارتر کردووە. بۆچی ئەمە ڕوویدا؟
ئیستغلالکردنەکانی پەکەکە و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی کەڵەکەبوو لە ڕۆژئاڤا…
کرداری بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاڤا لە بنەڕەتدا پراکتیکێکە کەوا لەلایەن پەکەکە بۆخۆیەوە جێبەجێی دەکرێت، نەک سیستەمێک کە عایدی گەلی ڕۆژئاڤا بێت. بۆیە ڕاڤەکردنی دەرئەنجامە کردەییەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکەی هەڵوەشاوەوە نەک بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا.
پەکەکە لە ساڵانی 1980دا، پەکەکە لە هەموو شوێنێک هەبوونی خۆی لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و سیستەمێکی ئابووری لەسەر بنەمای باج و بڕیاری زۆرەملێیەوە، پاراستووە. بە واتایەکی تر لە کاتێکدا کە دروشم و قسەی ئایدیۆلۆژی لە ڕووکەشدا هەبوو، ژێربەژێر سیستەمێکی ئابووریی بنیاتناوە.
لە ڕۆژئاڤاش هەمان شت ڕوویدا. دوای ئەوەی کە پەکەکە لە ساڵی 2012 دەستی بەسەر شارەکاندا گرت، ئەندامانی لیژنەی دارایی خۆیان ڕەوانەی ڕۆژئاڤا کرد. ئەم لیژنەیە داراییە هەموو داهاتەکانی ڕۆژئاڤای کۆنترۆڵ دەکرد. تەنانەت کەسایەتییەکانی وەک مەزڵووم عەبدی کە لە بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕؤژئاڤادا کەسانی گرینگ بوون، تەنیا دەیانتوانی ئەو پارەیە سەرف بکەن کە ئەم لیژنەیە داراییە بۆی دەناردن.
لیژنەکە بە شێوەیەکی سەرەکی داهاتی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانە کۆدەکردەوە کە ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش و بەرەی نوسڕە دەکران. جگە لەوەش ئەم لێژنەیە هەموو چالاکییەکانی خۆی لە ڕۆژئاڤا، لەوانەش قاچاخی چەک و سپیکردنەوەی پارەی ئەنجامدەدا. هەروەها بەشێکی بەرچاو لەو پارە و یارمەتییانەش کە بۆ هەسەدە رەوانە دەکران، بەم لێژنەیە دەدران. بەکورتی داهاتی ڕۆژئاڤا دەچووە ناو خەزێنەی پەکەکەوە.
بێگومان هاوکاریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش هەبوون.
هاوکارییەکانی مانگی سوور چی بەسەر هات؟
مانگی سوور لە ساڵی 2012 تا 2026 چەندین هەڵمەتی هاوکاریی ئەنجامداوە.
کانوونی دووەمی 2012 ـ کەمپەینی هاوکاریی ئاوارتە بۆ ڕۆژئاڤا
2013 ـ هەڵمەتی هاوکاریی عەفرین و کۆبانێ.
2014 ـ هەڵمەتی بەرخۆدان و سەفەربەری کۆبانێ.
2015 ـ هاوکاری بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ و ئاوارەکان.
2016-2018 ـ کەمپەینەکانی تەندروستی و پشتیوانی لە ئاوارەکان.
2019 ـ کەمپەینی هاوکاریی ئاوارتە دوای “هێرشەکانی چڵی زەیتون”ی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا.
2020 ـ هەڵمەتی Covid-19 و ئامێرەکانی هەناسەدان.
2023 – هاوکارییەکانی دوای بوومەلەرزە بۆ ڕۆژئاڤا و کوردستان.
2026 ـ کەمپەینی سەفەربەریی گشتی بۆ ڕۆژئاڤا.
بڕی ئەو هاوکاریانەی لەم هەڵمەتانەدا کۆکراونەتەوە، هەرگیز بە ڕوونی نەخراوەتەڕوو. ناوبەناو هاوکاری ڕێکخراوە ئەوروپییەکانیش دەگەیشتە خەڵک، لەوانە دەرمان و جل و بەرگ و یاری بۆ منداڵان و کەلوپەلی دەستی دوو. بەڵام هاوکارییەکانی مانگی سووری ڕۆژئاڤا بوو بە ئامرازێک کە پەکەکە بۆ سپیکردنەوە و گواستنەوە پارە بەکاری دەهێنا.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم هاوکارییە تەنها بۆ پڕوپاگەندەی میدیایی بەکاردەهێندرێت
ڕاستییەکە ئەوەیە، تاکە ڕێکخراوێک کە بەڕاستی هاوکاریی ڕۆژئاڤای کردووە و بەتایبەتی لە عەفریندا ڕاستەوخۆ هاوکارییەکانی بۆ خێزانەکان دابین کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە. پەکەکە و میدیاکانی هەرچەندە بۆخۆیان هاوکاریی خەڵکیان نەکردووە، کەچی بەردەوام هەوڵیانداوە کە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناشیرین بکەن.
ئەمڕۆ گەل ڕووبەڕووی کاولکارییەکی گەورە بووەتەوە، بە پلەی یەکەم لە عەفرین و هەروەها لە سەرێ کانی، گرێ سپی، ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیش، هەرچەند پەکەکە لە سەرچاوەکانی دارایی و هاوکارییەکانی ڕۆژئاڤا بە ملیۆنان دۆلار داهاتی دەست دەکەوێت، بەڵام تا ئێستا یەک فلسی لە خەزێنەی خۆی بۆ خەڵکی ڕۆژاڤا خەرج نەکردووە. بە واتایەکی تر ڕۆژئاڤا بۆ پەکەکە نەک هەر سەرچاوەیەکی گرنگی پڕوپاگەندە و جێگیرکردنی کادیرەکانی و دابینکردنی چەک بووە، بەڵکوو وەک گەنجینەیەکی ئابووری و داراییش لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێنراوە.
ئەم سیاسەتەی پەکەکە ڕۆڵی گەورەی لەو کاولکارییەدا هەبووە کە ئەمڕۆکە لە ڕۆژئاڤادا دەبینرێت.
سەرەڕای ئەم دۆخە ئاڵۆز و فەوازیەش، پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە “پارادایمێک و سیستەمێکی نموونەیی بۆ هەموو جیهان” لە ڕۆژئاڤا دادەمەزرێت.
“سیاسەتی ڕزگاری جیهان”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ڕۆژئاڤا بۆ پەکەکە بوو بە ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. گوایە پارادایمی “دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک، ئازادیی سێکسی” لە ڕۆژئاڤادا ئەزموون دەکرا و سیستەمێکی نادەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرا.
دەستەواژەی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک”ی “مۆرای بووکچین”، ئانارشیستی ئەمریکی، وەکوو تاشەبەردێک لەسەر شانی خەڵکی ڕۆژئاڤا، هەژاری و بێناسنامەیی لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەوان تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون، تووشی کۆمەڵکوژی بوون. کەچی لە ئێستادا بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ئیدیعای ئەوە دەکات کە “سۆسیالیزمی کۆمونالیست”ی ئۆجەلانی دامەزراندووە.
سەرەڕای ئەو پڕوپاگەندە گەورەیەی کە پارادایمی ئۆجەلان بەرجەستە دەکات و وەک چارەسەری هەموو کێشەکان دەیخاتە ڕوو، بەڵام قسەکانی ئۆجەلان لە زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەک هەر هیچ واتایەکیان نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە ئەو سیستەمەی کە پەکەکە باسی دەکات، بۆخۆی سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانە و خۆی لەخۆیدا کێشەخوڵقێنە.
باجی بەڕێوەبەری بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت…
لە ڕۆژئاڤا، سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەر بە لایەنە دیار و نادیارەکانیەوە هێشتاش بەردەوامە. تا ئێستاش سەدان کادر و دامەزراوە کار دەکەن. بەڵام بەو پێیەی لە ڕێککەوتنی 28ی ژانویەدا نەوت و دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی دەوڵەتی سووریا کران، بەڕیوەبەریی خۆسەر لەبەر نەبوونی داهاتی پێشووی ناتوانێت پارەی خۆی دابین بکات. ئەم بۆشاییەی داهات بە کەمکردنەوەی کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و زیادکردنی مۆڵەتی بازرگانی و باجی ناڕاستەوخۆ کە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە، پڕدەکرێتەوە. بەکورتی و کورمانجی، حکوومەتی دیمەشق لە لایەک و بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا لە لایەکی ترەوە، بارگرانی خەرجیەکانیان خستۆتە سەر شانی خەڵکی ڕۆژئاڤا و هەر بۆیە دۆخەکە تا دێت وێرانکەرتر دەبێت.
لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژئاڤادا، کوڕ و کچانی کورد ئازایانە بەرخۆدانیان کرد و نەتەوەی کوردیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لەو بەرخۆدانە گەورەیە کرد. بەڵام بەداخەوە، ئەم پشتگیرییە گۆڕدرا بۆ سەرچاوەیەک کە پەکەکە بە شێوەیەکی خۆپەرستانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت نەوەک بیخاتە خزمەت ئازادی و ئارامیی ڕۆژئاڤا. ئەو پێکدادانانەی کە ڕوویاندا و هەستی نیشتمانپەروەرانەی کورد نەیانهێشت ئەو ڕاستییەی پەکەکە ببیندرێت، بەڵام ئەمڕۆکە دەرئەنجامی ئەو کردەوانەی پەکەکە بە ڕوونی دەبیندرێن.