پرۆسەی ئاشتی نێوان هێڵی سووری پەکەکە و خاوبوونی ئەنقەرەدا

پرۆسەی ئاشتی نێوان هێڵی سووری پەکەکە و خاوبوونی ئەنقەرەدا

“لە پرۆسەی ئاشتیدا ئۆجەلان گەورەترین خزمەتی پێشکەش بە دەوڵەتی تورک کردووە و ئەوەی تورکیا ویستبێتی، ئۆجەلان جێبەجێی کردووە”.

دوران کاڵکان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایگەیاند؛ هەرچەندە تورکیا بە ڕوانگەی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” لە پرۆسەکە دەڕوانێت، بەڵام ئێمە هێشتا باوەڕمان پێی هەیە و دەڵێین: گرنگترین شت بۆ ئێمە ئازادی جەستەیی ئۆجەلانە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Medya Haber TV)ی پەکەکە، دوران کاڵکان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکەی هەڵوەشاوە چەند بابەتێکی گرنگی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و سیاسەتی دەوڵەتی تورک و دۆخی وڵاتانی دەوروبەر تاوتوێ کرد.

سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و یاسای چوارچێوە، کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد کە سەرەڕای گفتوگۆی جددی لەسەر ئامادەکردنی یاسایەک بۆ پرۆسەی ئاشتی، هێشتا هیچ خاڵێکی مەعنەوی و بەرجەستە لەبەردەستدا نییە و ڕای گشتییش لێی بێ ئاگان.

ئۆجەلان هێڵی سوورە، تورکیا بەناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”دا مامەڵە دەکات، بەڵام ئێمە باوەڕمان پێی هەیە!

سەبارەت بە دۆخی ئۆجەلان، دووران کاڵکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادی جەستەیی ئۆجەلان هێڵی سووری پەکەکە و هاوکات مەرجی کلیدی و سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی هەر یاسا و دەستپێشخەرییەک، بەپێچەوانەوە تەڤگەر و گەل هەڵوێستی نەرێنی دەگرنەبەر.

کاڵکان هەروەها وتی: دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”دا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکات، هەر بۆیەش بەیاننامەی کۆتایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەبوو. بەڵام ئێمە باوەڕمان بە ڕاستی پرۆسەکە هەیە، هەر بۆیەش درێژەی پێدەدەین.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی پەکەکە، دوران کاڵکان ڕایدەگەیەنێت، شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەکە گۆڕاوە و بۆ دواوە ناگەڕێنەوە. دەشڵێت، هەندێک لایەنی سوودمەند هەن کە حەز بە دۆخی پێشووی پەکەکە دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە شەڕەکە وەربگرن، بەڵام ستراتژیی نوێی تەڤگەر لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و چارەسەری ئاشتیانە بەردەوام دەبێت.

ئازادی فیزیکی و چارەنووسی پرۆسەکە

ساڵێک و چوار مانگ بەسەر دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام چارەنووسی پەکەکە بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ئۆجەلانەوە. ماوەی 27 ساڵە پەکەکە گەلی کورد بە هەبوونی تەجرید لەسەر ئۆجەلان فریو دەدات، بەڵام لە واقیعدا ئۆجەلان وەک پیاوێکی گرنگی دەوڵەتی تورک ئازادە و ئەمەش لەلایەن ئەحمەد زەکی ئوکچۆئۆغڵو، یەکەمین پارێزەری ئۆجەلانەوە بە بەڵگە ئاشکرا کراوە. ئۆکچوئۆغڵو ڕایگەیاند: “ئۆجەلان هەرگیز لە ئیمرالی نەژیاوە”.

پەکەکە هێشتاش پێداگری لەسەر ئەم درۆیە دەکات کە دەبێ ئۆجەلان ئازاد بکرێت، لە کاتێکدا دەوڵەت باخچەلی لە یەک کاتدا هەموو شتێکی ئاشکرا کردووە و لەئێستادا زیاتر لە پەکەکە پشتیوانی ئۆجەلان و دۆخی ئۆجەلان دەکات.

بۆچی تورکیا لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا هێندە سست و خاوە؟

ئەو چاودێرانەی بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە ماوەی ساڵێک و 4 مانگدا، واتە لە یەکەم بانگەوازەکەیەوە لە شوباتی 2025دا، ئۆجەلان گەورەترین خزمەتی پێشکەش بە دەوڵەتی تورک کردووە، بە واتایەکی تر ئەوەی دەوڵەتی تورک ویستبێتی، ئۆجەلان جێبەجێی کردووە، هەر بۆیەش لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا سست و خاو بووە و بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی بەرەو “ئاشتییەکی هەمیشەیی” نەناوە.

مەرجەکانی ئەنقەرە چەکدانانی بێ شەرت و مەرجی پەکەکە و هەموو لقوپۆپەکانیەتی، بەڵام پەکەکە دەڵێت: دەبێ سەرەتا ڕێسای یاسایی دەربکرێت.

ئۆجەلان لەژێر ناوی “ئاشتی”دا چی لە کورد کرد؟

دوای 43 ساڵ شەڕ، ئۆجەلان بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک و بە بێ هیچ دەستکەوتێک بۆ کورد، فەرمانی بە پەکەکە کرد کە “خۆت هەڵوەشێنەوە”. دەستەواژەکانی “کورد، کوردستان، نەتەوەی کورد و دۆزی کورد” لە هیچکام لە بانگەوازەکانی ئۆجەلاندا نەبوون و لەژێر ناوی ئاشتیدا ئەو بەها و پیرۆزیانەی گۆڕی بۆ “نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و تورکیای دیموکراتیک”. ئۆجەلان ئەوەندەی کار بۆ بەهێزکردنی تورکیا و لاوازکردنی کورد کرد، کەوا دۆخەکە گەیشتە ئاستێک کە باخچەلی هەفتەیەک دووجار ستایشی ئۆجەلان دەکات و دەڵێ: “ئۆجەلان ئەرکی خۆی زۆر بەباشی جێبەجێ دەکات”.!

Share