15 ساڵ حوکمڕانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا: سیاسەتی گۆڕستانەکان و پێشێلکردنی ئایندەی گەنجان

“کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەنتەگراسیۆن، برایەتی گەلان و هتد…” کە پەکەکە و ئۆجەلان بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنها بۆ فریودانی گەلی کوردن و خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەن.
✍️ مەمەد مێردینی
لە ساڵی 2011دا کاتێک ڕاپەڕینی جەماوەری لە سووریا دەستی پێکرد، کورد لە ڕۆژئاڤا دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویی بۆ ڕەخسا هەتا بتوانێ هەرێمەکەی خۆی بەرەو قەوارەیەکی یاسایی و فیدراڵی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ببات. بەڵام لە ئەنجامی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پشتی پەردەوە، حکومڕانییەکە ڕاستەوخۆ ڕادەستی لقوپۆپەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرا.
دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ لەژێر ئەم سیستەمە تاک حیزبییەدا، کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیداریی ڕۆژئاڤا دەداتەوە، ڕووبەڕووی داتای زۆر خراپ دەبێتەوە. لەم ماوە دوور و درێژەدا لە جیاتی بنیاتنانی ژێرخانی پیشەسازی، دەروازەی ئابووری مۆدێرن، دامەزراوەی پەروەردەیی خاوەن ناوبانگی نێودەوڵەتی یان پڕۆژەی ستراتژیکی ئاو و کارەبا، هەرێمەکە بە ئەنقەست لەناو سیستەمی دواکەوتوویی و هەژاریدا قەتیس کرا. خەڵکی ناوچەکە کە لەسەر دەریایەکی نەوت دەژین، لەبەر لیترێک بەنزین و پاشماوەی نان و دەرمانێکی سەرەتایی ئازار دەچێژن و دەناڵێنن.
ئەم ئیدارەیە کە ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی وێران کردووە، لەبواری سەربازی و ئیدئۆلۆژیکدا وەکوو سیستەمێکی زۆر پلان بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەچێت و تێیدا تەنیا یەک دامەزراوە بە شێوەیەکی مۆدێرن و ئەندازیارییەکی سەردەمیانە بنیات نراوە، ئەویش گۆڕستانە گەورەکانە. لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا هەزاران لاوی دڵسۆزی کورد، کوڕ و کیژی خاوەن خەونی گەورە، بە ناوی “شەڕی بەرگری” و بە دروشمی پووچ کە هیچ قازانجێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی کوردستان نییە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کران. ئەم خوێنە پیرۆزەی لاوانی کورد، لەبری ئەوەی ببنە هەوێنی دەستەبەرکردنی شوناسێکی سیاسی و هەرێمی فەرمی، لەلایەن مەکینەی پڕوپاگەندەی پەکەکەوە وەک سووتەمەنی بێکۆتایی بۆ زیندووکردنەوەی ئایدۆلۆژیا قێزەون و داڕماوەکەی بەکاردێت. ڕێکخراوەکە کولتوورێکی مەرگی وەهای لە ناو کۆمەڵگەدا چاندووە کە تیایدا قوربانیدانی مرۆڤ و فراوانکردنی گۆڕستانەکان وەک “سەرکەوتن” دادەنرێت و پیرۆز دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەر مێزی دیپلۆماسیدا مافە بنەڕەتییەکانی وەک مافی هاووڵاتیبوون یان پاراستنی خاک، لە هەمبەر داگیرکاریدا لەدەست دەچێت.
ئەم هێڵی خۆکوژی و کاولکارییەی کە لە ڕۆژئاڤا بەڕێوەدەچێت، ڕووداوێکی کتوپڕ نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی فەرمانە سیاسی و سەربازییەکانی ناوەندی ئیمرالییە. چاودێرانی سەربەخۆ و شرۆڤەکارانی سیاسی بە ڕوونی باس لەوە دەکەن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورک (میت)دا کاردەکات. ئەو فەرمانانەی کە لە زیندانی ئیمرالیەوە ئاراستەی ڕۆژئاڤا کران، بە ئاگاهانە ناوچەکەیان بەرەو شەڕێکی هەمیشەیی و ئاژاوەگێری برد تا ئەنقەرە بیانکات بە بیانوو بۆ ئەوەی کە ناوچەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی داگیر بکات و هەموومان بە چاوی خۆمان بینیمان کە ئەوە ڕوویدا و ئەو شارانەی ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکران. پەکەکە بە سیاسەتەکانی خۆی، میراتی سەردەمێکی زێڕینی مێژووی کردە قوربانی تەنها بۆ ئەوەی کە خزمەت بە هاوسەنگی سیاسی دەوڵەتی تورک بکات و هەرێمی ڕۆژئاڤا لە بناخە دیمۆگرافی و نەتەوەییەکەی بەتاڵ بکات. دژوارترین و قووڵترین دەرئەنجامی ئەم دەسەڵاتە 15 ساڵەیە، ڕووخاندنی دوایین هیوای سەربەخۆیی، ئاوارەبوونی ملیۆنان کوردی ڕەسەن لە خاکی باوباپیرانیان و مەحکومکردنی ناوچەکەیە بە ئایندەیەکی تاریک و ناڕوون.
ئەوەی لە هەمووان زیاتر دڵی مرۆڤ دەسووتێنێت ئەوەیە کە سەرەڕای زانینی ئەو ڕاستیانە، هێشتا هەندێک کەس هەن کە باوەڕیان بە پەکەکە و ئۆجەلان ماوە و وەک هێزێکی کوردی سەیریان دەکەن کە لە پێناو بەرژەوەندیی کورددا تێدەکۆشن. بەڵام هەر کەسێک ئاوڕێکی خێرا لە مێژوو بداتەوە، بە ڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە پەکەکە و ئۆجەلان تەنها لەپێناو لەناوبردنی نەتەوەی کورددا کار دەکەن. “کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەنتەگراسیۆن، برایەتی گەلان و هتد…”، کە پەکەکە و سەرۆکەکەی بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنها بۆ فریودانی گەلی کوردستانن و ئەو دەستەواژانە لە ڕاستیدا ویست و داخوازی ئەم سەردەمەی داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەت دەوڵەتی تورکن بۆ ئەوەی بتوانن نەتەوەی کورد زیاتر لە ژێردەستەییدا بهێڵنەوە و ڕێگری لە سەربەخۆیی کورد و کوردستان بکەن.