ئەنقەرە نیازی خراپە.. دەوڵەتی تورک چۆن ئۆجەلان بەکاردەهێنێت بۆ لاوازکردنی کورد؟!

ئۆجەلان لە هیچکام لە بانگەوازەکانیدا دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و گەرەنتی یاسایی بۆ کورد بە ڕێگاچارە دانەناوە و قەد نەیگوتووە نەتەوەی کورد، بەڵکوو بەردەوام دەڵێ: “نەتەوەی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆن”!
سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی نەهاتووە بەڵام لەگەڵ بەربەستی گەورە بەرەوڕوو بووەتەوە و وتی: تورکیا هێشتا باس لە تیرۆر دەکات و تاکە ئامانجی دەوڵەت چەککردنی ئێمەیە.
سەبری ئۆک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “Avvenire”ی ئیتاڵی، هەندێک هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
سەبری ئۆک دەڵێت؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا لە مانگی شوباتی 2025، پرۆسەکەی بە “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ناوبرد، بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا باسی “تیرۆر” دەکات و تاکە ئامانجی چەککردنی ئێمەیە.
ئەم لێدوانەی سەبری ئۆک بەو مانایەیە کە ئەنقەرە سەبارەت بە پرۆسەکە نیازی خراپە و تەنیا پرۆسەکە وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی کورد لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە بەکاردەهێنێت. چونکە بەپێی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا هەیە، ئۆجەلان ئەم پرۆسەیەی لە بەرژەوەندی تورکیا دەستپێکرد و بەبێ هیچ شەرت و مەرج و گەرەنتییەکی دەستووری بۆ کورد، پەکەکەی هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژانە ستایشی ئۆجەلان دەکەن
ئۆجەلان لە هیچکام لە بانگەوازەکانیدا دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و گەرەنتی یاسایی بۆ کورد بە ڕێگاچارە دانەناوە و قەد نەیگوتووە نەتەوەی کورد بەڵکوو بەردەوام دەڵێ: “نەتەوەی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆن”!، ئەمەش تورکیای بەهێز و کوردی لاواز کرد. هەر بۆیە دەوڵەتی تورک و ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژانە ستایشی ئۆجەلان دەکەن بۆ ئەم خزمەتە شایستەیەی کە پێشکەش بە تورکیای کردووە.
سەبری ئۆک، لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی پەکەکەی هەڵوەشاوە، سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری کوردستان دەڵێت: لە “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”دا ئاگربەستی دوولایەنە هەیە. شەڕ لە نێوان گەریلا و سوپای تورکدا نییە، بەڵام سوپای تورکیا لە چالاکییە هەواڵگریی و جموجۆڵە سەربازییەکانی بەردەوامە.
شەرت و مەرج ئۆجەلانە!
سەبری ئۆک وەک هەموو سەرکردەکانی تری پەکەکە، سەبارەت بە پێگەی ئۆجەلان وتی: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەبێت ئۆجەلان وەک بەردەنگ و دانوستانکاری سەرەکی قبوڵ بکرێت و ستاتۆی کارکردنی ئازادی بۆ دیاری بکرێت.
سەبری ئۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنە لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت، ئەوان هێشتا باس لە تیرۆر دەکەن و پرۆسەکە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە. ئۆک هاوکات چارەنووسی پرۆسەکە بە دۆخی ئۆجەلانەوە گرێ دەدات.
هەرچەندە ساڵێک و 4 مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە شوباتی 2025دا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەلایەن ئەنقەرە و پەکەکە بە کردەوە بەرەو ئاشتییەکی سەقامگیر نەنراوە. مەرجەکانی ئەنقەرە چەکدانانی بێ مەرجی پەکەکە و سەرجەم لقوپۆپەکانیەتی و هاوکات پەکەکەش دەڵێت: پێویستە سەرەتا ڕێسای یاسایی دەربکرێت.
ستراتژیی دەوڵەتی تورک بەتەواوی پێچەوانەیە
سەبری ئۆک دەڵێ، پێویستە هەنگاوی دیموکراتیک بگیرێتەبەر، واتە یاسا و ڕێکاری تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، بەڵام ستراتژیی دەوڵەت بەتەواوی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە و دەیهەوێت بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی دەستووری دابین بکات پرۆسەکە بەڕێوەبچێت و پەکەکەش بەبێ مەرج چەک دابنێت.
سەرەڕای ئەوەی کە پەکەکە جەختی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گۆڕینی چالاکییەکانی بۆ خەباتێکی دیموکراتیک دەکات، بەڵام هێشتا لە ژێر ناوی “مافی خۆپاراستن” دا دەرگای چەکەکان نەخراوە.
لێدوانەکانی سەبری ئۆک ئاماژەن بۆ ئەوەی “پرۆسەی ئاشتی” کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، زیاتر لە قۆناغی “پاشەکشە”دایە و هیچ پێشکەوتنێکی دیار و بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە.