پیلانی نوێی دەوڵەتی ئێران دژی کورد: چەکدارانی “قاعیدە” لە پاکستانەوە هێنرانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پیلانی نوێی دەوڵەتی ئێران دژی کورد: چەکدارانی "قاعیدە" لە پاکستانەوە هێنرانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

وادیارە ئەم تاقمەی خۆیان بە ناوی “نەوەکانی سەڵاحەددین” ناساندووە، جۆرێکی نوێی سیستەمی بەسیجی ئێرانییە.

ڕێژیمی ئێران بۆ لاوازکردنی شوناسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەپەروەریی کورد، گەمەیەکی فرەلایەن بەڕێوەدەبات. لەم دواییانەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێزەکانی سەر بە “ئەلقاعیدە” کە خۆیان بە “نەوەکانی سەلاحەددین” ناودەبەن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر کردووە.

ماوەیەکە ئێران ستراتیژێکی نوێ پەیڕەو دەکات بۆئەوەی کە کورد لە دژی یەکتری بەشەڕ بدات. ئەم ستراتژیە بریتییە لە دروستکردن و دامەزراندنی ڕێکخراوی سەلەفیی کوردی، تا دژ بە کورد بەکاریان بهێنێت.

دەڵێن ئێمە نەوەی سەلاحەددین ئەیوبیین و ئاڵای کوردستان دەسووتێنین

گروپێک کە خۆیان بە نەوەکانی سەلاحەددین ناودەبەن، دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند. ئەم تاقمە بە سەرۆکایەتی کەسێک بە ناوی (عەبدوڵڵا مەلا عەلی) خۆی ناساندووە و ئامانجەکانی خۆی لە ڤیدیۆیەکدا بڵاوکردۆتەوە.

ئەم تاقمە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە ئامانجیان “جوولەکە و مەسیحی و ئەو لایەنانەی هاوپەیمانەتیی کوردن کە پشتیوانیان لێدەکەن” و دەلێن: “پێویستە هەموو کورد پشتیوانمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین سیستمی شەریعە جێبخەین و ئاڵای تەوحید لە کوردستان هەڵبکەین”. ئەوان لە قسەکانیاندا چەندین جار حیزبە کوردستانییەکانیان بە “هاوکاری جوولەکە” ناوبردووە و لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیاندا ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا و کوردستانیان سووتاند.

کارتی قاعیدەی ئێران دژ بە کورد: لە پاکستانەوە هێنراون

هەواڵگریی ئەمەریکا و ڕاپۆرتەکانیان ئاشکرایان کردووە کە ئێران چاودێری تێپەڕبوونی چەکدارانی “قاعیدە” بۆ ناو سووریا دەکات و پشتیوانی لۆجستیکیان لێدەکات و “پەناگەیەکی سەلامەت”ی بۆ سەرکردە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دابین کردووە. حکوومەتی ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە سەرکردەکانی “ئەلقاعیدە” لە ئێران دەپارێزرێن.

ئەوەی تا ئێستا لەسەر ئەم گرووپە دەزانرێت ئەوەیە کە گرووپێکی بچووکە کە لەسەر سنووری پاکستان و ئێران مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و لەلایەن گرووپەکانی سەر بە قاعیدەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت. عەبدوڵڵا مەلا عەلی سەرۆکی گرووپەکە، بە پۆستەکانی لە ستایشکردنی ئەلقاعیدە ناسراوە.

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بارودۆخی ناوچەکە دەڵێن، لە ڕاستیدا ئەو گرووپە بچووکە، بەڵام ئێران بە هێزە میلیشیاکانی ژمارەیانی زیاد کردووە. ئامانجی ئەم گرووپە تیرۆرکردنی خەڵکی نیشتمانپەروەرە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەم شێوەیەش دەیهەوێت کە نەتەوەی کورد چاوترسێن بکات. لە لایەکی ترەوە بەئامانجگرتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەم گرووپەوە، بەرەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە ڕێژیمی ئێران بکات و لە ڕێگایەوە پەلاماری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات.

هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئێمە کەوتوون، ئەو گرووپە لە دەوروبەری شارەکانی سەقز، مەهاباد، سەردەشت، بانە و سنە جێگیر کراون کە نەتەوەپەروەریی کوردی لەو ناوچانە لە بەرزترین ئاستدایە.

پێدەچێت وەک چۆن دەوڵەتی تورک لە ساڵی 1990 بەملاوە، حیزبوڵڵای لە دژی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان بەکارهێنا، ئەم گرووپە ئێرانییەش وەک پێکهاتەیەکی میلیشیایی شاراوەی ڕێژیمی ئێران، لە دژی نیشتمانپەروەرانی کورد کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

جاشەکانی بەسیجی ئێران بەناوی پێشمەرگەی موسڵمانەوە لە شەقامەکاندا ڕێپێوانیان کرد

بێگومان سیاسەتی ئێران لە بەکارهێنانی ئیسلام بۆ هێرشکردنە سەر کورد، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. بەتایبەت لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ڕێژیمی تاران جارێکی دیکە ئەو واقیعەی بینی کە یان دەبێت لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت یان شەڕی کورد بکات و بەرەنگاری بێتەوە. ئێران لەجیاتی ئەوەی کە دان بە کورددا بنێت شەڕی هەڵبژارد. ڕاستەوخۆ دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێپێوانێکی جاشەکانی ڕێژیمی ئێران بە ناوی “پێشمەرگەی موسڵمان” لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئەندامانی سیستەمی میلیشیایی بەسیجی ئێران کە جۆرێک لە پێکهاتەی جاشەکانی ڕێژیمی تارانە، جلوبەرگی کوردییان لەبەر دەکرد و بەناوی پێشمەرگەی موسڵمانەوە لە شارەکانی کوردستاندا ڕێپێوانیان کرد. لە ئێستادا وادەردەکەوێت کە ئەم تاقمەی خۆیان بە ناوی “نەوەکانی سەڵاحەدین” ناساندووە، جۆرێکی نوێی سیستەمی بەسیجی ئێرانی بێت.

ئێران بۆ سەرکوتکردنی دۆزی نەتەوەیی کوردستان، ئایین وەک گەورەترین چەکی خۆی بەکاردەهێنێت. دەرئەنجام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم سیاسەتە لە داهاتوودا، ڕوونتر دەبیندرێن. ئەگەر لایەنە کوردییەکان هەڵوێستێکی درێژخایەن و بەردەوام لە دژی ئەم سیاسەتە ئێرانییە پەرەپێنەدەن و شکستی پێنەهێنن، ئەوە ڕوونە کە ئێران بەمشێوازە دەبێتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بزاڤە کوردی و کوردستانییەکان.

Share