چۆن دەکرێ ئۆجەلان بە ڕێبەرێکی کورد بزانین؟!

چۆن دەکرێ ئۆجەلان بە ڕێبەرێکی کورد بزانین؟!

ئۆجەلان هەموو شتێکی بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و بەهێزکردنی خەتی کەمالیزم و دەوڵەتی تورک ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی تەنانەت بەقەد “مسقاڵە زەڕڕەیەک”یش ماف بۆ نەتەوەی کورد دابین بکات.

لە ڕووی مێژووییەوە زۆرجار ڕێبەر و سەرکردەکان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە ئایا خزمەتیان بە دۆزی ڕەوای گەلەکەیان کردووە یان کاریان بۆ بەرژەوەندیی دوژمنان کردووە؟ کاتێک دەپرسین کە ئێمە “چۆن ئۆجەلان وەک سەرکردەیەکی کورد بناسین؟”، دەبێت ئاوڕێک لە هەموو ڕاستی و هەڵوێستەکانی ڕابردوو و ئێستای بدەینەوە کە گەلی کوردیان تووشی شۆک کردووە.

سەرەتای تەسلیمبوون

لە ڕووی مێژووییەوە چەندین جار باس لەوە کراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوای گیران و گەڕانەوەی بۆ تورکیا، بەڵێنی داوە کە بە دڵ و بە گیان خزمەتی دەوڵەتی تورک بکات. لە دادگا بەڵێنیدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بێکاریگەری بکات و بیخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیا. ئەم هەڵوێستە بوو بە بنەمای قۆناغێکی نوێ کە تیایدا بە پەیمانێکی شاراوە، دروشمە ڕزگاریخوازانەکان گۆڕدران.

27ی شوباتی 2025: جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

ئۆجالان ساڵانێک بوو زەمینەسازیی بۆ ئەم ئامانجەی خۆی دەکرد. دواجار لە 27ی شوباتی 2025دا ئەو بەڵێنەی بە تەواوی جێبەجێ کرد کە بە دەوڵەتی تورکی دابوو. ئۆجەلان بە دوو قسە ڕێکخراوەکەی هەڵوەشاندەوە و پێی گوتن:

“مۆدێلی ئێوە بەسەر چووە، چەکەکانتان دابنێن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە”.

ئۆجەلان لەکاتێکدا فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بە پەکەکە کرد کە لەهەمبەریدا هیچ دەستکەوتێکی دیاریکراوی بۆ گەلی کورد نەویستبوو، یان لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا تەنانەت داوای بچووکترین شتیشی نەکرد و تەنیا وتی: “ڕێگاچارە ئەنتەگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە”، واتە وازهێنان لە مافە نەتەوەییەکانی کورد و توانەوە لە ناو دەوڵەتی تورکیا، لە ژێر ناوی ئەنتەگراسیۆندا.

ئۆجەلان لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، هیچی بۆ کورد نەویست؛ نە فیدراڵیزم، نە ئۆتۆنۆمی، نە تەنانەت هیچ مافێکی بچووکی کولتووری و سیاسی. جگە لەوەش لە هیچکام لە پەیامەکانیدا و هیچکات داوای لێبوردنی لە دایکی شەهیدانی کورد نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەروەک چۆن لە ساڵی 1999دا داوای لێبوردنی لە کەسوکاری ئەو سەربازە تورکانە کرد کە لە شەڕی کورددا کوژراون، ئەمجارەش خەم و پەژارەی خۆی بۆ بەشێک لە چەکدارانی تورکیا دەربڕی کە لە ئەشکەوتێکی باشووری کوردستاندا بە گازی میتان خنکابوون.

کورد ئەم پرسیارەی لە ئۆجەلان کرد؟

باشە ئێوە حیزبێک “فی سبیل اللە” هەڵدەوەشێننەوە؟ ئایا ئێوە چیتان دەوێت، لەبەرچی لە ڕابردوودا دەیان هەزار گەنجی کوردتان بەکوشتن داوە؟ ئەگەر تۆ هیچ داخوازییەکت نیە، کەواتە ئەم 41 ساڵە شەڕە بۆ چی بوو؟!

لە هەموو بانگەوازەکانیدا لە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتیەوە، کە دەولەتی تورک وەک “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، ئۆجەلان تەنها چارەسەریی لە توانەوەی کورد لە نێو تورکەکان و وازهێنان لە ئامانج و مافە نەتەوەییەکان بینیوە. بە واتایەکی تر: ئۆجەلان دەڵێ: “کۆمەڵگای دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک، ڕێگاچارەن”!!.

دووبارە بنیاتنانەوەی کەمالیزم

ئەوەی ئۆجەلان لە مانگی تەباخی 2025 بەملاوە کردوویەتی، شتێک نەبوو کە لەناکاو ڕووبدات. ئۆجەلان هەر لە ساڵی 2003دا ئەم ڕوانگەیەی هەبوو، کاتێک کە لە کتێبەکەیدا بە ناوی “نۆتەکانی ئیمرالی”، بە ئاشکرا و بە کراوەیی ڕایگەیاند:

“لە تورکیا قەیرانێک هەیە، پێویستە کەمالیزم خۆی ڕێکبخاتەوە، ئێمە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کەمالیزم قبووڵ دەکەین”.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە لە ساڵی 2003دا گوتبووی ، لە ساڵی 2025دا لە واقیعدا و بە کردەوە جێبەجێی کرد. ئۆجەلان هەموو شتێکی بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و بەهێزکردنی خەتی کەمالیزم و دەوڵەتی تورک ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی تەنانەت بەقەد “مسقاڵە زەڕڕەیەک”یش ماف بۆ نەتەوەی کورد دابین بکات.

بەڵام لێرەدا سەرمان سووڕنامێنێ، چونکە ناکرێ ئۆجەلان داوای شتێک بۆ نەتەوەی کورد بکات، نەتەوەیەک کە خۆی بە بەشێک لەو نەتەوەیە حیساب ناکات…

ئایا هەر ئەو ئۆجەلان نەبوو کە دەیگوت: با هیچکام لە نەتەوەپەرستانی تورک خۆیان لە من بە تورکتر نەزانن؟

هەر خودی ئەو ئۆجەلانە نەبوو کە دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە یەکەم قسەی خۆیدا وتی: دایکم تورکە، دەرفەتم پێ بدە با خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا بکەم.

مەگەر هەر ئەو ئۆجەلانە نەبوو کە دەیگوت: تورک ڕەگی درەختەکەن و کورد لق و پۆپەکەیەتی.

بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێین: چۆن دەکرێ ئێمە ئاپۆ وەک ڕێبەرێکی کورد لە قەڵەم بدەین!!

Share